نێچیرڤان بارزانی و عادل عەبدولمەهدی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق تاوتوێ دەكەن

:: PM:08:28:17/10/2018 ‌

لە میانی سەردانەكەی بۆ بەغدا ئێوارەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆبوونەوە و باسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و  پرۆسەی سیاسی عێراق و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدایان كرد.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانەی سەردانەكەی بۆ بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا دوا پێشهاتە سیاسی و تەناهییەكانی ناوچەكە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی و پرۆسەی سیاسی و گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا تاوتوێ كران و بەردەوامیی گفتوگۆكان و چارەسەری كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دووپات كرایەوە.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق خرایە بەر باس و هەردوولا كۆك بوون كە حكوومەتی داهاتوو وەڵامدەرەوەی خواست و مافە دەستوورییەكانی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل