حەلبووسی: پێویستە كورد لە بەڕێوەبردنی عێراق رۆڵی كارای هەبێت

:: PM:10:15:17/10/2018 ‌

نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق باس لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەكەن و دووپاتی دەكەنەوە كە قۆناغی داهاتوو پێویست بە دانانی بنەمای پتەوی هاوبەشی نیشتیمانی دەكات. 

ئەمڕۆ چوارشەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی دەسەڵات بەكۆتاهاتووی عێراق و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا كۆبووەوە.

بەپێی نووسینگەی راگەیاندنی حەلبووسی، ئەمڕۆ چوارشەم سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق باسی هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی عێراقیان كردووە و روونی كردەوە، هەردوولا بەوردی ئەو باسەیان كرد بە شێوەیەك لەگەڵ خواستی گەلی عێراق بۆ پتەوكردنی پێوەندی هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدا بگونجێت.

حەلبووسی لە دیدارەكە دووپاتی لە پێویستی بەشداری كارای هێزە كوردییەكان لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق و پێشكەیشكردنی بۆچوونی خۆیان بۆ داڕشتنی پڕۆگرامی حكوومەتی داهاتوو كردەوە و ئاماژەی كرد، قۆناغی داهاتوو پێویست بە دانانی بنەمای پتەو بۆ گەیشتن بە هاوبەشی نیشیتمانی دەكات.

حەلبووسی رای گەیاند، پێویستە هاوشانی بكرێت لەپێناو پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز و بەتوانا بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و برەودان بە خزمەتگوزارییەكان و پاراستنی دەستكەوتەكانی بەدەست هاتوون بەتایبەتی لە جەنگی تیرۆرەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل