پارتی: پۆست بە هیچ لایەك نابەخشینەوە

:: PM:05:36:21/10/2018 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، لە حكوومەتی داهاتوو كوردستان پۆست بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن دەدرێتە حزبەكان و جارێكی تر پارتی پۆست نابەخشێت و دواتر دژایەتی پارتی پێ بكرێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، فەرحان جەوهەر ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە" ڕاگەیاند، پارتی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستان بە دەستهێناوە و لەگەڵ ئەوەداین حكوومەتی زۆرینە لە كوردستان پێك بێت.

ڕوونی كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی خراپی لەگەڵ حكوومەتی بنكەفرەوان هەیە. جەوهەر ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، لە حكوومەتی نوێی كوردستان پارتی بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن پۆستی حكوومی دەداتە لایەنە سیاسییەكان.

وەك دووپاتی كردەوە كە پارتی بڕوای ئەوەی بۆ دروست بووە چیتر پۆست نەبەخشێتە لایەنە سیاسییەكان و دواتر بۆ دژایەتی پارتی بە كاری بێنن.

پێكهێنانی حكوومەتی كوردستان پێویستی بە دەنگی 50+1ی پەرلەمانی كوردستان هەیە و ئێستە پارتی خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە، بەو پێیە بێت بووەتە حزبی یەكەمی كوردستان بە جیاوازییەكی زۆر لە پێش یەكێتی كە حزبی دووەمە و خاوەنی 21 كورسیی پەرلەمانە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم