سبەی لەناو پەرلەمانی عێراق چی روو دەدات؟

:: PM:07:59:23/10/2018 ‌

بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت بە خستنەڕووی كابینەی حكوومەتی نوێی عێراق ساز بكات، لەوكاتەی وریایی لە بوونی هەوڵێك دەدرێت بۆ كودەتا بەسەر عادل عەبدولمەهدی، شرۆڤەكارێكی سیاسی عێراقی دەڵێت، سێ سیناریۆ بۆ دانیشتنەكەی سبەی هەیە.

دوای چەند مانگێك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2ی ئەم مانگە عادل عەبدولمەهدی وەك كاندیدی رێككەوتن لەسەر كراوی هەردوو هاوپەیمانی ئیسڵاح و بینا، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق هاتە راسپاردن و تا 3ی مانگی داهاتوو بواری هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی.

واسق هاشمی، شرۆڤەكاری سیاسی عێراقی پێشبینی سێ سیناریۆ بۆ دانیشتنی سبەی چوارشەمی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە دەنگدان لەسەر حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو دەكات و دووپاتی دەكاتەوە كە عەبدولمەهدی دووچاری پاڵەپەستۆی گەورە و هەوڵی ئیستیغلالكردن لەلایەن هێزە سیاسییەكان لە دوا ساتەكان دەبێتەوە بەمەبەستی وەرگرتنی پۆستی ویزاری.

زیاتر گوتی، سێ سیناریۆ بۆ دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەكرێت، یەكەمیان تەواو نەكردنی نیسابی یاسایی بۆ ئەنجام نەدانی دانیشتنەكە و دووەم لێخستنی عەبدولمەهدی لە رێگەی دەنگدانی نهێنی لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەی وەزارەتی بە فراكسیۆنەكانی ئەوان نەداوە.

هاشمی ئاماژەی كرد، سێیەم سیناریۆ تێپەڕاندنی ژمارەیەك ناوی كابینەكەی عەبدولمەهدی و دواخستنی راگەیاندنی ژمارەیەكیان بۆ هێشتنەوەی بواری پاڵەپەستۆكردن بۆ سەر عەبدولمەهدی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی ویزاری، واتە خستنەڕووی كابینەیەكی ناتەواو.

دوێنێ سەباح عوجەیلی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون وریایی دا لە هەوڵی كودەتا لەلایەن ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكان بەسەر رێككەوتنیان لەگەڵ عەبدولمەهدی و پێشێلكردنی بەڵێنەكانیان لەبەردەم راگەیاندنەكان كاتێك بەشێك لەو هێزانە داوای دەنگدانی نهێنی لەسەر كابینەكەی عەبدولمەهدی دەكەن بەمەبەستی شكست پێهێنانی ئەگەر بەرژەوەندییەكانی ئەوان رەچاو نەكرێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل