حكوومەتی هەرێمی كوردستان 33 ڕۆژ پشووی ڕاگەیاند

:: AM:11:02:31/10/2018 ‌
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ساڵنامەی خوێندنی ساڵی 2018 بۆ 2019 بڵاو دەكاتەوە و بەگوێرەی ساڵنامەكە، 33 ڕۆژ پشوو هەیە كە پشووی هەینییەكانیش جیا كراوەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 31ـی تشرینی یەكەم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرامەكانی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ساڵنامەی خوێندنی ساڵی 2018 بۆ 2019ـی بڵاو كردەوە.

بەگوێرەی ساڵنامەكە، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ تا كۆتایی خوێندنی ساڵ 33 ڕۆژ پشوو هەیە بۆ خوێندن كە زۆرترینیان لە مانگی ئادارە كە 12 ڕۆژە.

ئەو ساڵنامەیەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرامەكان لە كاتێكدایە كە دەستپێكی ساڵی خوێندن و هەینییەكانیشی تێدا دیاری نەكراوە كە پشوون لەناو ئەو 33 ڕۆژەی پشوون.

هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی پەروەردە خاوەنی یەك ملیۆن و 500 هەزار قوتابییە لەگەڵ زیاتر لە پێنج هەزار قوتابخانە و 170 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 120 هەزار قوتابیی قۆناغی یەكەم دەچنە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن.





وشە - رامیار جەواد