200 حەشارگەی ژێر زەوی داعش ئاشكرا دەكرین

:: PM:09:33:04/11/2018 ‌

لە رێگەی ئامێری بینینی شەوانە و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، سەتان حەشارگەی ژێر زەوی داعش ئاشكرا دەكرێن، سوپای عێراقیش ئامادەكاری دەكات بۆ ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوان، ئاوارە گەڕاوەكانی گوندەكانی باشووری كەركووك و مووسڵ و باكوری سەڵاحەدین ئاماژە دەكەن كە بوونەتە قوربانی جلوبەرگی سوپا و پۆلیسی عێراقی كە داعش بەكاری دێنێت و بەهۆیەوە هەڵدەكوتێتە سەریان دەیانكوژێت.
 
بە مەبەستی ئاشكراكردنی جێگەی مانەوەیان، حكوومەتی عێراق ئامێری پشكنینی شەوانە و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی هاوردە كردووە و بەهۆیەوە توانراوە زیاتر لە 200 حەشارگەی داعش ئاشكرا بكرێن لە ناوچەكانی رۆژئاوای ئەنبار، بادیە و باشووری مووسڵ، باشووری كەركووك و حەویجە و حەمرین.

ئەو ناوچانە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی داعش بووینە، لەو وكات داعش سەتان حەشارگەی لە ژێر زەوی هەڵكۆڵیوە بەتایبەت لە حەمرین و حەویجە، ئەو حەشارگانە دوای ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ وەك دوا مۆڵگەی داعش لە عێراق، بوونەتە حەشارگەیەكی پارێزراو بۆ چەكدارانی داعش، بەتایبەت عێراقییەكان كە شارەزای تەواوی ناوچەكە هەن.

داعش لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا بەشێوەیەكی چڕ و پڕ هێرش دەكاتە سەر میلیشیاكانی حەشد و پۆلیسی فیدڕاڵی و سوپا، تەنانەت هاووڵاتییانی سڤیل، بەتایبەت ئەوانەی گەڕاونەتەوە گوندەكانی دەوروبەری حەمرین و حەویجە، تا ئێستە بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان زیاتر لە سەد هاووڵاتی و پۆلیس و هێزە تەناهییەكان لەلایەن داعشەوە كوژراون.

باشووری رۆژئاوای كەركووك و دەوروبەری باشووری مووسڵ و باكوری سەڵاحەدین، هەروەها شارۆكەی خورماتوو بە دیارترین ناوچەی هەبوونی حەشارگەكانی داعش دادەنرێن كە زۆرینەی شەوان بە جلوبەرگی پۆلیس یان سوپای عێراقی هێرش دەكەنە سەر ئەو گوندنشینانەی گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان، هاوكات لەسەر رێگە سەرەكییەكانیش هێرش دەكەنە سەر كاروانی سەربازی و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانی سڤیل.
 
بەرپرسێكی سەربازی باڵای عێراقی ئاشكرای كرد حكوومەتی عێراق بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كە ئەمەریكا سەركردایەتی دەكات، پلانێكی گشتگیری داناوە بۆ لەناوبردنی حەشارگەكانی داعش لە ژێر زەوی.

زیاتر گوتی، "زیاتر لە 200 حەشارگەی داعش لە رێگەی ئامێری پێشكەوتووی بینینی شەوانە و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان دەستنیشان كراون، حەشارگەكان وەك تونێڵ وان و هەیانە كراوە بە بارەگای خۆ حەشاردانی چەكدارانی داعش و هەیە كراوە بە كۆگای چەك و تەقەمەنی".

سەرچاوە باڵاكەی سوپای عێراق، پێشبینی دەكات سەتان چەكداری داعش لەو ناوچەیە بوونی هەبێت كە بەشی هەر زۆر داعشە عێراقییەكانن، گوتی، "مانەوەی ئەوان مەترسییە لەسەر باكوری عێراق".

پێوەند بەو پرسە عەبدوڵا جبووری كە یەكێكە لە جووتیارانی گوندی (جماسی)ەی نزیك لە شارۆكەی حەویجەی باشووری رۆژئاوای كەركووك دەڵێ، چەكدارانی داعش لە دەوروبەری حەویجە بە ئاشكرا بوونیان هەیە، نەك تەنیا ئەوێ، بەڵكو لە دەوروبەری شارەدێیەكانی ریاز و عەباسی و خناجریش هەن، ئەوان شەوانە هێرش دەكەنە سەر خەڵكی سڤیلی دانیشتووی گوندەكان.

ئەو گوندنشینە ئاماژەی بە دوا هێرشی داعش كرد لە سنووری گوندەكەیان و دەڵێ شەش رۆژ پێش ئێستە گرووپێك چەكدار بە جلوبەرگی پۆلیس خۆیان كرد بە گوندەكەیان و گوتیان محەمەد جومعە ساڵح موختاری گوندەكە بڕیاری گرتنی هەیە، چوونە ماڵەی، پاش ئەوەی دەستیان بەسەر مۆبایل و هەندێك كەلوپەلی تردا گرت، موختاری گوندەكەیان لەبەردەم خانەوادەكەی لە سێدارە دا، گوتی، "پاشان هەڵاتن بەرەو شارەدێی عەباسی، دوای دوور كەوتنەوەیان درووشمی دەوڵەتی عێراق ماوەی تایبەت بە داعشیان دەگوتنەوە".

ئەو گوندنشینە دەڵێ ئەوان كە بڕیاری گەڕانەوەیان داوە بۆ سەر زێدی خۆیان پاش ئاوارە بوونیان، ئێستە بوونەتە قوربانی دەستی داعش و هێزە تەناهییەكانی عێراقی، نازانن ئەو هێزە كێیە كە دەچێتە ناو گوندەكەیان، ئەوەشی خستەڕوو كە گەنجانی گوندەكە بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی چەكداریان داوە تا شەوانە بەرگری لە گوندەكە بكەن، بەڵام حكوومەتی عێراق رێگرە، كەچی ئەوانیش نایەن پارێزگاری لە خەڵكی گوندەكە بكەن، بە پێچەوانەوە لە بڕی ئەوەی شەڕی داعش بكەن ئەوان دێن هەڕەمەكی هەرچی گەنجی گوندەكە هەیە دەیانگرن و بەدوای داعشەكانیش ناچن كە بە بەرچاویان لە ناوچەكەدا چالاكی ئەنجام دەدات.

لای خۆیەوە ئەحمەد خورشید، ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆكەی حەویجە دەڵێ چەكدارانی داعش خۆیان لەو حەشارگانە حەشار دەدەن لە بناری چیای قەندیل كە حەشارگەكان زۆر لە یەكەوە نزیكن، لە ناوچە دەشتیاییەكانی حەویجە و بادیە و ریاز بە هەمان شێوە.
زیاتر گوتی، "ئەوان شەوانە هێرش دەكەنە سەر گوندنشینەكان، بەهۆیەوە چەندان گوندی ناوچەكە خەڵكەكەی جارێكی تر ئاوارە بوونەتەوە".

"كارەبای حەویجە زیاتر لە 12 جار لەلایەن داعشەوە هێرشی كراوەتە سەر و چاككراوەتەوە، دوا هێرش شەوی رابردوو بوو كە بەهۆیەوە حەویجە بێ كارەبا رۆژی كردەوە، كاتێكیش تیمی چاككردنەوەی كارەبای حەویجە چوونە ناوچەی رووداوەكە بۆ چاككردنەوەی، بۆمبێكی چێنراوی پاشماوەی داعش لەوێ تەقیەوە و بەهۆیەوە كارمەندێكی فەرمانگەی كارەبای حەویجە زۆر بە سەختی زامدار بوو، ئێستە لە نەخۆشخانەیە". ئەندامەكەی ئەنجوومەنی شارۆكەی حەویجە وا دەڵێت.

روونی كردەوە، هەندێك ناوچە هەیە پێویستە هەمیشە هێزی تەناهی بوونی لەوێ هەبێت نەك تەنیا دەركردنی مەفرەزە و پاراستنی رێگای هاتوچۆ، ئەمە چارەسەری كێشەكە ناكات كاتێك ئەوان لە حەمرینەوە بە ئارامی خۆیان رێكدەخەن و ئامادەكاری بۆ هێرشكردن دەكەن بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل و پۆلیسی فیدڕاڵی.

هەر پێوەند بەو پرسە، موتەشەر بەیاتی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین پێی وایە بنەبڕكردنی داعش لە عێراق دەبێت بە پاك كردنەوەی حەمرین دەست پێ بكات، پێویست دەكات هێزەكانی عێراقی خۆیان رێك بخەنەوە و ئامادەكاری تەواو بكەن و پێشتریش هەڵسەنگاندنی تەواوی تەناهی بۆ ناوچەكە بكەن.

زیاتر گوتی، "داعش لە ناوچەكانی زرگە، چای، چیای حەمرین، جەزیرە و چیای مەكحوول هەیە، لێدان لە داعش پێویستی بە رێگا و پلانی نوێی سەربازی هەیە، پێویستی بە تەكنەلۆجیای نوێی سەربازی هەیە، چونكە مانەوەی داعش لەناو حەشارگەكاندا دەبێتە هۆی شكستی ئۆپراسیۆنەكان لە كەركووك و مووسڵ و سەڵاحەدین".

ئەفسەرێكی سوپای عێراقی ئاشكرای دەكات كە هاوپەیمانان بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگری عێراق، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا توانیویانە گورزی كوشندە لە داعش بدەن لە چیای قەرەچووغ لە مەخموور باكوری نەینەوا، هاوكات گورزی ئاسمانی لە ئەنباریش لە داعش داوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 19 چەكداری داعش كوژراون. گوتی، "حەشارگەكانی داعش تا ئێستەش گەورەترین مەترسین لەسەر دۆخی تەناهی مووسڵ و كەركووك و سەڵاحەدین، تاكە چارەسەریش بەردەوامی دانە بە ئۆپراسیۆنی سەربازی لەو ناوچانە".
 
پرسی حەشارگەكانی داعش لە سێگۆشەی باشووری مووسڵ و باشووری كەركووك و باكوری سەڵاحەدین تا چیای حەمرین، مەترسیدارترین پاشماوەی داعشە عێراقییەكانە كە بوونەتە هەڕەشەیەكی گەورە بەسەر ئارامی ناوچەكە، ئەوەی زیاتر هەڕەشەكەی گەورەتر كردووە بەپێی شیكردنەوەی شارەزا تەناهییەكان، شارەزایی ئەو داعشانەیە لە جوگرافیای ناوچەكە كە بەشی زۆریان خۆیان خەڵكی ئەو ناوچەن، لەگەڵ نەبوونی چارەی تر كە ناتوانن خۆیان بگەیەنن بە سووریا یان دەرەوەی عێراق، لە بەرانبەریشدا خۆ رادەستكردن بە سوپای عێراق بە دیوەكەی تر مانای لە سێدارەدان دەگەیەنێت بۆیە تاكە رێگە لە بەردەم چەكدارە داعشە عێراقییەكان شەڕ كردنە تا كوژرانیان.

هێرشەكانی دوو رۆژی رابردووی هاوپەیمانان بۆ سەر حەشارگەكانی داعش، لە كاتێكدایە ناوەندی میدیایی تەناهی عێراقی كۆتایی هەفتەی رابردوو رای گەیاند لە هەڵمەتێكی پشكنین لە چەند ناوچەیەكی گوندەكانی سنووری پارێزگای سەڵاحەدین توانراوە لە یەكێك لە حەشارگەكانی داعش چەندین بەڵگەنامەی نهێنی لە گوندی سەبیحە بدۆزرێتەوە و چەندان پارچە چەكی جۆراوجۆریش دەستی بەسەردا بگیردرێت، هاوكات لە نزیك پردی سكریات توانراوە چوار حەشارگەی داعش بدۆزرێتەوە كە چەك و تەقەمەنی و خواردنیشی تێدا بووە.

لە بەیاننامەكەی میدیای تەناهی عێراقیدا ئاماژە بە یەكێك لە حەشارگەكان دەكات كە بە حەشارگەی میدیایی داعش ناوی دەبات بەوەی هەرچی پێویستی پەڕاوگە و پرێنتەر و چاپخانە و هێڵی ئینتەرنێت و تۆمار و بەڵگەنامە هەبووە، لەوێدا دەستی بەسەردا گیردراوە و لەناو بردراوە.

جێی بیرخستنەوەیە داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014 لە سووریاوە خۆی خزاندە ناو عێراق و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا توانی دەست بەسەر تەواوی مووسڵ بگرێت، پاشانیش توانی ئەنبار و سەڵاحەدین و بەشێك لە پارێزگای دیالە و باشووری كەركووكیش كە شارۆكەی حەویجەیە داگیر بكات، داعش لەو ماوە كەمەدا توانی بگاتە سنووری بەغدا ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەبووایە كە رێگریان لە تەشەنە كردنی گرت.

دوای شكانی داعش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەركردایەتی ئەمەریكا، سوپای عێراق ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی ناوچە داگیركراوەكانی دەست پێ كرد، لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو توانرا دوا مۆڵگەی داعش كە حەویجەی باشووری رۆژئاوای كەركووك بوو، لە دەستی داعش رزگار بكرێت.







وشە - فه‌رمان سادق