متمانە لە سێ وەزیری حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی وەردەگیرێتەوە

:: AM:11:10:05/11/2018 ‌

بەهۆی بوونی دۆسیەی گەندەڵی، تاوان و بەعسیبوون، هەوڵی سەندنەوەی متمانە لە چەند وەزیرێكی حكوومەتی عەبدولمەهدی دەستی پێ كردووە. پەرلەمانتارێكی سائیروونیش دەڵێ ئەوان بەڵێنیان داوە كە زانیاریی سیڤییەكانیان تەواوە، بەڵام وا دەرنەچووە. هاووڵاتییەكیش دەڵێ وەزیری وەرزش و لاوان لەو كاتەی ئەمیری قاعیدە بووە لە ئەنبار براكەی كوشتووە.

دوای ئەوەی 14 وەزیر لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سیڤییەكانیان رەوانەی پەرلەمان كرا و لە 24ی ئۆكتۆبەری رابردووش متمانەیان پێ درا، پاش بەدواداچوون لەسەر زانیارییەكانی ناو سیڤییەكانیان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، دەركەوتووە زانیاری چەند وەزیرێك راست نین و درۆیان كردووە.

بەدر زیادی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون رای گەیاند، چاوەڕوان دەكرێت چەند وەزیرێكی كابینەكەی عەبدولمەهدی متمانەیان لێ وەربگیرێتەوە بەهۆی بوونی دۆسیەی گەندەڵی لەسەریان یان ئەندامبوونیان لە حزبی بەعس.

ئەو هەوڵەی پەرلەمان لە كاتێكدایە پێشتر عادل عەبدولمەهدی بەڵێنی لابردنی هەر وەزیرێكی دابوو ئەگەر زانیارییەكانی لە سیڤییەكانیان كە نووسیویانە ناڕاست دەربچن. سەرۆك وەزیران داوای لە چەند پەرلەمانتارێك كردبوو كە لە دەستەی دەستپاكی بەدواداچوون بۆ سیڤی وەزیرەكان بكەن، تەنانەت وردبینی لە بڕوانامە و دۆسیەی تاوانیش بكەن.


زیادی ئاماژەی بەوە دا كە پێشتر داوایان لە پەرلەمانتاران كرد ماوەی پێنج رۆژ متمانەدان بە كابینەی حكوومەت دوا بخەن بۆ دڵنیابوون و بەدواداچوون لە سیڤی وەزیرەكان، بەڵام لیستەكانی پەرلەمان پشتگیری داواكەی هاوپەیمانی سائیروونیان نەكرد.


لای خۆیەوە ئەرشەد ساڵحی پەرلەمانتاری توركمان دەڵێ، گۆڕانكاری گەورە لە كابینەی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی روو دەدات چ لە ئاستی وەزارەتەكان بێت یان پۆستە بەتاڵەكان. گوتی "هەندێك لە وەزیرەكان لە ئاستی پێویست نین، بەشێكیان دۆسیەی گەندەڵییان لەسەر هەیە، بەهۆی گوشاری زۆر لیستەكانی ناو پەرلەمان لەسەر عەبدولمەهدی، ئەو هەڵانە بەسەر سەرۆك وەزیران تێپەڕین".


بەگوێرەی زانیارییەكان هەردوو وەزیری پێوەندییەكان و گواستنەوە، تۆمەتی بەعسیبوونیان لەسەر هەیە، حەنان فەتلاوی لە تویتێكدا لە تویتەری تایبەتی خۆی بڵاوی كردەوە كە نەعیم روبێعی وەزیری پێوەندییەكان لەسەر هاوپەیمانی بنیادنانەوە كە هادی عامری سەركردایەتی دەكات، تۆمەتبارە بە هەبوونی پێوەندی بە حزبی بەعس، گوتی "پێشتریش رووبەڕووی تۆمەتی هەبوونی پێوەندی بە حزبی بەعس بووەتەوە و نازانم چۆن كراوە بە وەزیر و متمانەی پێ دراوە".

هاوكات عەبدوڵا لعێبی مالیكی كە ئەویش لەسەر هاوپەیمانی بنیادنانەوە كراوەتەوە وەزیری گواستنەوە، مانگی شوباتی رابردوو بەڵگەنامەیەك لەسەر دەستەی دەستپاكیی لەسەر بڵاو كرایەوە كە تۆمەتبارە بە هەبوونی پێوەندی بە حزبی بەعس.

بەپێی بەڵگەنامەكە، لعێبی داوا كراوە ئامادە بێت لە دەستەی دەستپاكی بۆ وەڵامدانەوەی بەڵگە و تۆمەتەكانی لەسەری هەن لە هەبوونی پێوەندی بە حزبی بەعس.
 
هەر پێوەند بە وەزیرانی كابینەكەی حكوومەتی عەبدولمەهدی،  حەیدەر مووسا هاووڵاتییەكی عێراقییە، رۆژی پێنجشەمی رابردوو لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی راستەوخۆدا گوتی، "ئەحمەد عوبێدی كە كراوە بە وەزیری وەرزش و لاوان، تۆمەتبارە بە كوشتنی براكەم لە ساڵی 2004".

ئەو هاووڵاتییە ئاشكرای كرد كە وەزیری وەرزش و لاوان، عوبێدی نییە بەڵكو "عانی"یە، پێشتر ئەمیری قاعیدە بووە و خێزانەكەشی ناسراون بە خێزانی "مونعیم تەویڵ" پێشتر لە شارۆكەی عانەی سەر بە پارێزگای ئەنبار نیشتەجێ بوون پێش ئەوەی ماڵەكەیان بۆ ناوچەی لەتیفییەی باشووری بەغدا بگوازنەوە.

ئەحمەد عوبێدی وەزیری وەرزش و لاوان لەسەر لیستی حزبی حەل كە جەمال كەربولی سەرۆكیەتی، كراوە بە وەزیر.

جێی باسە سەندنەوەی متمانە لە بەشێك لە وەزیرەكانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، لە كاتێكدایە چاوەڕوان دەكرێت سبەی سێشەم شەشی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، سەرۆك وەزیران هەشت وەزیرەكەی تریش بباتە پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە و تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی.



وشە - فه‌رمان سادق