دەستدرێژی سێكسی لە كوردستان زیادی كردووە

:: PM:03:26:06/11/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان كۆنفڕانسێكی ئامادەكاری بۆ رۆژی 25ی ئەم مانگە كە تایبەتە بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ساز كرد ئاشكرا كرا توندوتیژی سێكسی زیادی كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم شەشی تشرینی دووەم، كوردە عومەر بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنان زیادی كردووە هۆكارەكەیشی بۆ نەبوونی هۆشیارییەكی تەواو لە كۆمەڵگەی كوردی دەگەڕێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان گوتی، ماوەی یەك مانگە هێلێكی گەرمی تایبەتیان بۆ تۆمار كردنی سكاڵاو بەهانەوە چوونی ژنان خستۆتە كار لەو ماوەیەدا تەنیا لە سەنتەری هەولێر دوو هەزار سكاڵا لەلایەن ژنانەوە تۆمار كراوە كە سكاڵایان لەسەر پیاوەكانیان و باوك و برا تۆمار كردووە.

ئاشكرای كرد، دەبێت راگەیاندن رۆڵی سەرەكی ببینێت لە هۆشیار كردنەوەی كۆمەڵگەو چیتر ئەو دراماو فیلمانە پەخش نەكەن كە دەبێتە مایەی بڵاوكردنەوەی توندوتیژی لەناو خێزانەكاندا، چونكە هەندێك دراما هەیە هانی پیاو و ژنان دەدات توندوتیژی بەرانبەر یەكتر ئەنجام بدەن.



وشە - رامیار جەواد