بەرپرسانی سوننەی عێراق لەگەڵ پاشای ئوردن كۆ بوونەوە

:: PM:01:27:19/12/2016 ‌

ئەمڕۆ دووشەم پاشای ئوردن پاشا عەبدوڵای كوڕی حوسێن لە عەمانی پایتەختی وڵاتەكە، لەگەڵ هەریەك لە ئوسامە نوجێفی و سەلیم جبووری و ساڵح موتڵەگ بەنهێنی و داخراوی كۆ بوونەتەوە و پرسی دوای نەمانی داعش و دۆخی سیاسی تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە بووە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ دووشەم هەریەك لە سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ساڵح موتڵەگ سەرۆكی هاوپەیمانی عەرەبییە و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانی موتەحیدوون و جێگری سەركۆماری عێراق، بەشێوەیەكی نهێنی و داخراو لەگەڵ پاشا عەبدوڵای كوڕی حوسێن، پاشای وڵاتی ئوردن كۆ بوونەتەوە.

هەروەها گوتی، گرنگترین تەوەرەكانی كۆبوونەوە داخراوەكە، تاوتوێكردنی دۆخی سیاسیی عێراق و ڕیشەكێشكردنی داعش و قۆناغی دوای نەمانی داعش لە عێراق بووە.

ئەو جموجۆڵانەی سوننەكان لە كاتێكدا داعش لە دوای رۆژەكانی لە عێراق نزیك دەبێتەوە و خەریكە بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری مووسڵ لە تیرۆریستان پاك دەكرێتەوە، پێشبینی دەكرێ لە مانگەكانی سەرەتای ساڵی نوێ، داعش بە تەواوی لە عێراق وەدەر بنرێ و كۆتای پێ بهێنرێت.

سەردانی سوننەكان بۆ ئوردن و كۆبوونەوەیان لەگەڵ پاشای ئوردن هاوكاتە لەگەڵ گەڕانەوەی عەماڕ ئەلحەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان لە ئێران، پێشتریش لە حەوتی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر حەكیم سەردانی ئوردنی كرد و تاوتوێی پڕۆژەی یەكلاكردنەوەی سیاسی كرد بۆ دووبارە بنیادنانەوەی دەوڵەتی عێراق دوای نەمانی داعش لەسەر خاكی وڵاتەكە.

سەرچاوە/غەدپرێس.




وشە - باز ئه‌حمه‌د