لە سۆران چوار پیاو ژنێك دەڕفێنن

:: AM:10:16:08/11/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای کرد، چوار كەس  ژنێکیان رفاندووە و دواتر بە بێهۆشی لە نزیك گوندێك فڕێیان داوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی تشرینی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بڵاوی كردووەتەوە، لە گوندی ناوپردانی شارۆكەی چۆمان، چوار كەس ژنێكی تەمەن 18 ساڵانیان ڕفاند و دوای ماوەیەك بە بێهۆشی لە نزیك گوندی شێخان بە بێهۆشی لەلایەن تیمەكانی پۆلیسی چۆمانەوە دۆزرایەوە.

هاوكات رائید سەعدوون هاودیانی گوتەبێژی پۆلیسی سۆران لە روونكردنەوەیەكدا رای گەیاندووە، سەعات 11 و 30 خولەكی دوێنێ پۆلیس ئاگەدار كرایەوە كە ژنێكی خەڵكی گوندی ناوپردان كە تەمەنی 18 ساڵ و ژنی ماڵەوەیە، رفێنراوە.

هاودیانی ڕای گەیاندووە، دوای ئاگەداركردنەوەی پۆلیسی چۆمان لەگەڵ ئاسایش بە كەمتر لە نیو سەعات توانراوە ژنەكە لە نزیك گوندی شێخان بدۆزرێتەوە، كە لەوێ فڕێ دراوە و بێهۆش بووە.

گوتەبێژی پۆلیسی سۆران ئاشكرای كردووە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی چۆمان و باشبوونی تەندروستی، ژنەكە بە پۆلیسی راگەیاندووە لەلایەن چوار كەسی نەناسراوەوە بەزۆر خراوەتە ناو ئۆتۆمبێلێكەوە و رفاندوویانە.

دوای ئاسایبوونەوەی رەوشی تەندروستی ژنەكە، گەڕاوەتەوە ماڵەوە و لێكۆڵینەوەی وردیش لە رووداوەكە دەكرێت، بەڵام هێشتا نازانرێ هۆكاری رفاندنی چییە. پۆلیسی سۆران وا دەڵێت.



وشە - رامیار جەواد