پۆمپیو: هیوامان وایه‌ ئێران داواى گفتوگۆ بكات

مایك پۆمپیو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا رای گه‌یاند تا ئێسته‌ هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌یى گفتوگۆ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ نیشان نه‌دراوه‌، هیواى ئه‌وه‌شى خواست ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێران ئه‌و كاره‌ بكه‌ن.
 
مایك پۆمپیو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى BBC به‌ریتانى راى گه‌یاند، ئێران تا ئێسته‌ هیچ ئاماژه‌یه‌كى نیشان نه‌داوه‌ بۆ ئاماده‌بوون بۆ ئه‌نجامدانى گفتوگۆ له‌باره‌ى ئه‌و سزایانه‌ى خراوه‌ته‌سه‌رى.

مایك پۆمپیو له‌ دیمانه‌كه‌ ده‌ڵێ" تا ئێسته‌ هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌مه‌ نییه‌، به‌ڵام هیوامان هه‌یه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، چونكه‌ پێمانوایه‌ گه‌لانى ئێران ده‌یانه‌وێ ئه‌و كاره‌ بكرێت".

رۆژى دووشه‌مى رابردوو ئه‌مه‌ریكا كۆمه‌ڵێك سزاى به‌سه‌ر ئێران سه‌پاند، كه‌ سزاكان ته‌واوى كه‌رته‌كانى وزه‌ و دارایى ئێران ده‌گرێته‌وه‌. به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا له‌ كاتى سه‌پاندنى سزاكان دووپاتى ئه‌وه‌یان كردووه‌، مه‌به‌ست له‌م سزادانه‌ دانانى سنوورێك بۆ  ره‌فتاره‌كانى ئێران له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جیهان.
 
به‌ر له‌ سه‌پاندنى سزاكان، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا 12 مه‌رجى بڵاوكرده‌وه‌ و راى گه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئێران پابه‌ند بێت به‌م مه‌رجانه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌مه‌ریكا له‌ دانانى سزاكان پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل


PM:06:32:08/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 65 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌