سعاتی سفری جەنگی مووسڵ دیاری دەكرێت
حەشدی شەعبی تەنیا لە تەلەعفەر و توركیاش بەشداری ناكات

:: PM:05:28:13/10/2016 ‌

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی نەینەوا كۆ دەبێتەوە و سعاتی سفری جەنگی مووسڵ دیاری دەكات، هەروەها بڕیار دەدرێت بەبەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەر و هۆزەكانی مووسڵیش لە ئازادكردنەوەی دەشتی نەینەوا.

حوسام عەبار ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا ئەمڕۆ پێنجشەم ئاشكرای كرد كە عەبادی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەكانی بەرپرس لە ئازادكردنەوەی مووسڵ كۆ بووەتەوە بۆ دیاریكردنی سعاتی سفری جەنگی مووسڵ.

بەپێی قسەكانی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا لە كۆبوونەوەكەدا سعاتی سفری جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دیاری كراوە كە بڕیارە لە چەند سعاتی داهاتوودا بێتە راگەیاندن و دووپاتی كردەوە كە هەروەها رێككەوتن لەسەر بەشداری حەشدی شەعبی لە جەنگەكە لە قۆڵی شارۆكەی تەلەعفەر كراوە.

لەبارەی هێزەكانی بەشدار لە جەنگەكە، عەبار روونی كردەوە كە ئەو هێزانەی لە جەنگەكە بەشدارن بریتین لە فیرقەكانی 17 و 15ی سوپای عێراق و هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق و ژمارەیەك لیوای زریپۆش و فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵ و پۆلیسی ناوەخۆیی پارێزگەی نەینەوا بۆ پاراستنی ئاسایش لە دوای ئازادكردنەوە.

روونی كردەوە كە جەنگە بەپاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بەڕێوە دەچێت، هەرچی حەشدی شەعبییە رێككەوتن كراوە كە ئەوان لە قۆڵی تەلەعفەر و لە ئازادكردنەوەی ئەو شارۆكە بەتەنیا بەشداری بكەن، هەرچی هۆزە سونەكانیشە تەنیا لە دەروبەری مووسڵ. 

بەپێی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا رێككەوتن لەگەڵ هاوپەیمانان كراوە لەسەر دووركەوتنەوەی سوپای توركیا لە جەنگەكە و بەشداری نەكردنیان تیایدا.

ئەمڕۆ پێنجشەم هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دووپاتی ئامادەبوونی هێزە بەشدارەكان لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ كرد بۆ دەست پێ كردنی جەنگەكە كە بێجگە لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق، هێزی پێشمەرگە و هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكاش بەشداری تیادا دەكەن.  

وشە/مەوازین نیوز-و: مەحموود ئیسماعیل




وشە - باز ئه‌حمه‌د