كێڵگه‌ی نه‌وتی ته‌قته‌ق، یه‌كێكه له كێڵگه گه‌وره نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و نه‌وته‌كه‌ی له باشترین جۆری نه‌وته و ساڵی 2006 یه‌ده‌گی نه‌وتی به دوو ملیار به‌رمیل نه‌وت هاته خه‌مڵاندن، به‌ڵام ئێسته به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی نه‌وت، ڕۆژانه ته‌نیا 10 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی لێ ده‌رده‌هێنرێ.
عه‌باس فه‌تاح نوێنه‌ری كۆیه له په‌رله‌مانی كوردستان به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئێسته ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كێڵگه‌ی نه‌وتی ته‌قته‌ق بۆ 12 هه‌زار به‌رمیل له ڕۆژێكدا دابه‌زیوه. ئه‌مه‌ش به‌گوته‌ی فه‌تاح "پێوه‌ندی به خێراكردن و چڕكردنه‌وه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وته‌وه هه‌یه له بیره نه‌وتییه‌كان، واته به‌شێوه‌یه‌كی نازانستی نه‌وته‌كه‌یان ده‌رهێناوه، له ئه‌نجامدا هاوسه‌نگی بیره نه‌وتییه‌كان تێكچووه".
ئه‌و په‌رله‌نتاره ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا كه له دوای دابه‌زینی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی ته‌قته‌ق له 140 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌وه بۆ 20 هه‌زار و دواتر 18 هه‌زار و 15 هه‌زار، به‌دواداچوونی وردمان كرد و ئه‌نجامه‌كه‌یشمان به حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و وه‌زاره‌ت گه‌یاند. زیاتر گوتی "هاوكات به سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیشمان ڕاگه‌یاند".
به‌گوێره‌ی به‌دواداچوون و زانیارییه‌كانی "وشه"، كێڵگه‌ی نه‌وتی ته‌قته‌ق 29 بیری له‌خۆ گرتووه و نه‌وته‌كه‌ی به یه‌كێك له باشترین جۆره‌كانی نه‌وت داده‌نرێ. ساڵی 2006 یه‌ده‌گی نه‌وتی به دوو ملیار به‌رمیل هاته خه‌مڵاندن. له سه‌ره‌تای ساڵی 2015دا ڕۆژانه 140 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له كێڵگه‌ی ته‌قته‌ق ده‌رده‌هێنرا، به‌ڵام له كۆتایی ساڵی ڕابردووش‌دا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی.
له‌باره‌ی هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی نه‌وت له بیره نه‌وتییه‌كانی كێڵگه‌ی ته‌قته‌ق، هه‌ڤاڵ حه‌وێز ماسته‌ر له نه‌وت به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، پێكهاته‌ی كێڵگه‌ی نه‌وتی ته‌قته‌ق، پێكهاته‌یه‌كی جیاوازه له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان و ئاڵۆزه.
له‌و رووه‌وه گوتی، "له‌به‌رئه‌وه پێش كاركردن و هه‌وڵدان بۆ به‌رهه‌مهێنان و ده‌رهێنانی نه‌وت، پێویسته توێژینه‌وه و به‌دواداچوونی ورد بۆ خاك و به‌رده‌كه‌ی بكرێ و پلانی به‌هێز و تۆكمه‌ی بۆ دابنرێ، چونكه به‌گوێره‌ی ئه‌و توێژینه‌وه و به‌دواداچوونانه‌ی ئه‌نجام دراون، خاكی كێڵگه‌ی نه‌وتی ته‌قته‌ق درز و كه‌لێنی زۆری تێدایه، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێ، ده‌بێته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی نه‌وت و ئاستی به‌رهه‌مهێنان".
هه‌ڤاڵ حه‌وێز كه مامۆستای به‌شی نه‌وته له زانكۆی كۆیه، له‌باره‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت له كێڵگه‌ی نه‌وتی ته‌قته‌ق، ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو كه ئێسته ڕێژه و ئاستی به‌رهه‌مێنانی نه‌وت زۆر كه‌م بووه‌ته‌وه. ئه‌ویش به‌گوته‌ی ئه‌و "پێوه‌ندی به ده‌رهێنانی نازانستی نه‌وته‌كه‌وه هه‌یه، چونكه له ماوه‌ی پێشتردا فشاری زۆریان خسته سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كان و ئاستی به‌رهه‌مهێنانی ڕۆژانه‌یان زیاد كرد، له‌وكاته‌دا ئاوی ژێرزه‌وی به ئاسانی كه‌لێنی دروست كردووه و ڕێڕه‌وی خۆی وه‌رگرت و تێكه‌ڵی نه‌وته‌كه بوو، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ژێركه‌وتنی نه‌وت و سه‌رئاوكه‌وتنی ئاو".
"ئه‌گه‌ر ئێسته ڕۆژانه 12 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌ربهێنرێ و بخرێته سه‌ر زه‌وی، زیاتر له 13 بۆ 14 هه‌زار به‌رمیل ئاویش له‌گه‌ڵ نه‌وته‌كه دێته سه‌ر زه‌وی". پسپۆڕه‌كه وای گوت.
ئه‌و ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی كێڵگه‌ی ته‌قته‌ق به‌رده‌وام بێ و زۆر كه‌م نه‌بێته‌وه، پێویسته به‌شێوه‌یه‌كی زانستی نه‌وت ده‌ربهێنرێ و فشار نه‌خرێته سه‌ر بیره نه‌وتییه‌كان".
كێڵگه‌ی نه‌وتی ته‌قته‌ق، به دووری 15 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته به‌شی ڕۆژئاوای باكوری شاره‌دێی ته‌قته‌ق و یه‌كه‌م كێڵگه نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه كه له ساڵی 1957ـه‌وه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه كاری تێدا كراوه. له دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراندنی په‌رله‌مانی كوردستان، بایه‌خ به‌و كێڵگه نه‌وتییه درا و ناوی كێڵگه‌ی نه‌وتی شیواشۆكی لێ نرا، ماوه‌ی زیاتر له 20 ساڵیشه به تانكه‌ر و بۆڕی نه‌وت له‌و بیره نه‌وتییانه ده‌رده‌هێنرێ.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی ته‌قته‌ق باس له‌وه ده‌كات كه به‌رهه‌می كێڵگه‌ی نه‌وتی ته‌قته‌ق زۆر دابه‌زیوه، ئه‌مه‌ش له ئاست چاوه‌ڕوانی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی سنووره‌كه نییه.
عومه‌ر ئه‌حمه‌د بۆ "وشه" گوتی، "دابه‌زینی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، بووه‌ته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی هاوكاری كۆمپانیای وه‌به‌رهێن بۆ دروستكردنی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان له سنووره‌كه‌دا".
به‌ڵام ئاراس ئیلنجاغی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی ته‌قته‌ق كه به‌رده‌وام به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كێڵگه نه‌وتییه ده‌كات، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه دا كه بوونی ئه‌و كێڵگه نه‌وتییه له سنووره‌كه، كاریگه‌ری نه‌رێنی زۆری بۆ ناوچه‌كه هه‌بووه، سه‌ره‌تای زیانه‌كانیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای شه‌ڕی نێوان عێراق-ئێران كه به بیانووی نه‌وته‌وه، نۆ گوند به‌پانتایی 135 كیلۆمه‌تر دووجا چۆڵ كران و شوێنه‌واره‌كانی تا دوای پرۆسه‌ی ئه‌نفال مابوو.
"هاوكات به‌هۆی بوونی زۆری تانكه‌ره نه‌وتییه‌كان، ڕێیه‌كانی سنووره‌كه به‌ته‌واوی تێكچووه و هاتوچۆكردن به‌سه‌ریدا ئه‌سته‌م بووه، هه‌روه‌ها زیانی ژینگه‌یی زۆریشی بۆ ته‌قته‌ق و كۆیه هه‌بووه". ئیلنجاغی وای گوت .
ئه‌وه‌شی روون كرده‌وه كه كۆمپانیای وه‌به‌رهێنی نه‌وتی ته‌قته‌ق وه‌ك پێویست خزمه‌تی ناوچه‌كه‌ی نه‌كردووه، ئه‌وه‌ی هه‌یه و له‌لایه‌ن كۆمپانیاوه دروست كراوه، فێرگه‌یه‌ك و كتێبخانه‌یه‌كی بچووكی گشتییه.
دووپاتی كرده‌وه كه "كۆمپانیاكه نه‌یتوانیوه سوود به ناوچه‌كه و خه‌ڵكه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێ، خه‌ڵكی سنووره‌كه‌ش باوه‌ڕیان وایه دووكه‌ڵه ژه‌هراوی و زیانه‌كانی نه‌وتی ته‌قته‌ق بۆ ئه‌وانه و سووده‌كانی بۆ خه‌ڵكی تر".