بەرپرسی هاوپەیمانی لە دەڤەری بادینان: ئەوەی دوێنێ هاوپەیمانی كردی نایاسایی بوو‌

:: PM:02:30:10/11/2018 ‌

دوێنێ قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كۆبوونەوەی گشتی خۆی ئەنجام دا و ناوی هاوپەیمانی گۆڕا و سەروكێكی نوێ دانرا، هەروەها بریاری هەمواركردنی پێڕەوی ناوخۆیشی دەركرد. بەڵام بەرپرسانی ئەو قەوارەیە لە دەڤەری بادینان كۆبوونەوەی دوێنێ بە كارێكی نایاسایی دەبینن و رای دەگەیەنن كە ئەوان كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی دەكەن.

عەلی ئورەماری بەرپرسی هاوپەیمانی لە دەڤەری بادینان بە "وشە"ی راگەیاند،  ئێستە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دابەش بووە بەسەر سێ بەرەی سەرەكی، ئەوان لە دەڤەری بادینان تەنیا یەك بەرە ڕەوا دەبینن، بەڵام ئێستە ئەو بەرەیە‌ نەماوە.

ئەو گوتی بەرەی یەكەمی هاوپەیمانی بریتییە لە بەرەی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی دامەزرێنەر و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و زورێنەی ئەنجوومەنی گشتی وەك چۆن هاوپەیمانی لەسەر دامەزراوە و لەسەر دەچێت، ئەمە وێڕای ئەوەی كە هەلی هەندێ جۆری رێكەوتن لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە، بەڵام ئەمە تا ئێستە نەبووەتە كردار، ئەم رەوتە لەناو هاوپەیمانیدا توانای بەردەوام هەیە و خاوەنی هەر حەوت دەڤەری هاوپەیمانییە . رەوتی دووەمیش بریتییە لە بوونی لقێك كە بەمدواییە هاتووەتە ناو هاوپەیمانی و بەناوی پارتی دیموكراتی دادپەروەردی و راگەیاندنێكی وەك لە قاوەخانەیەك نووسرابێت راگەیەنڕاوە و زیاتر لە پارتێكی سیكولارە و رەوتی سێیەمیش دوێنێ بەناوی كۆبوونەوەی گشتی هاوپەیمانی راگەیەنڕا.

بەپێی قسەی ئورەماری، كۆبوونەوەی گشتی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری نایاساییە و ئەوان وەك هاودیدانی دەڤەری بادینان كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی دەكەن، بۆیە گوتی "ئەوەی دوێنێ بەناوی كۆبوونەوەی گشتی ئەنجام درا یاسایی نەبووە، چونكە تەنیا سێ لە  ئەندامانی دامەزرێنەر و سێ ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن، بەبێ هیچ ئەندامێكی ئەنجوومەنی گشتی و بەبێ هیچ یەكێك لە كارگێڕەكانی هەر حەوت دەڤەری هاوپەیمانی كۆبوونەوەكە بەڕێوە چووە و خۆیان وەك رەوتێكی سیاسی بەناوی هاوپەیمانی نیشتمانی ناساندووە، ئەویش تێكەڵكردنی سیاسەتە لەگەڵ رەوتێكی ئیسلامی نەرم و ڕەق، هەروەها بڕیاربوو كە باس لە سەرچاوەكانی داهاتی رەوتەكە بكرێت، بەڵام نەكرا، لەبەر ئەوە پێم وایە رەوتە نوێیەكە وەك بەفری رابردوو جارێكی تر دەتوێتەوە، چەند رووداوێكی ‌چاوەڕوان  نەكراویش روو دەدەن"

دوێنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كۆبوونەوەی گشتی خۆی بە ئامادەبوونی زیاتر لە 350 كەس لە هەولێر ئەنجام دا، تێیدا ئارام قادر كە پێشتر یەكێك لە سەركردەكانی كومەڵی ئیسلامی كوردستان بوو، وەك سەرۆكی نوێی هاوپەیمانی دوای نەمانی دكتۆر بەرهەم ساڵح هاتە هەڵبژاردن.

ئارام قادر لە ساڵی 1965 لە دایك بووە، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە تەواو كردووە، لە ساڵی 1981 دەستی بەكاری سیاسی كردووە، ساڵی 1986 لە زانكۆی مووسڵ لە كۆلێژی زانست، بەشی بایلۆجی وەرگیراوە، بە تۆمەتی كاری سیاسی لە زانكۆ دەركراوە، لە ساڵی 2007 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە كۆلێژی یاسای زانكۆی سلێمانی بەدەستهێناوە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بوو، لە حزبەكەی جیا بووەوە و لەگەڵ بەرهەم ساڵح حزبێكی نوێی دانا لە نۆی تشرینی دووەم بوو بە سەرۆكی ئەو حزبە.
دهۆک/نەوزاد هلۆری



وشە - سلێمان تاشان