عەبدولمەهدی و حەریری كامیان زووتر خۆیان رادەست دەكەن؟

:: PM:05:52:11/11/2018 ‌

پێ دەچێت چارەنووسی هەردوو حكوومەتی عێراق و لبنان لە رووی ئەو پاڵەپەستۆیەی لەسەریانە و كێشە و تەنگژەكانی رووبەڕووی بوونەتەوە تا رادەیەكی زۆر هاوشێوە بێت لەگەڵ جیاوازییەكی كەم كە حكوومەتی عێراق خۆی شیعەیە و لە لبنانیش سوننە، بەڵام لە رووی بێ پاڵپشتییەوە لێك دەچن، بۆیە ئاخۆ لە سایەی ئەو دۆخەی لەو دوو وڵاتە و ئەو ناكۆكییانەی هەن كامیان زووتر خۆی رادەست دەكات؟.

نووسەر رەزوان سەید، لە وتارێكی لە رۆژنامەی "ئیتیحاد" نووسیویەتی، چەند رۆژێك تێپەڕیوە بەسەر دەركەوتنی چوارەم تەنگژەی دروستكراو لەلایەن ئێران لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و تەواوكردنی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، یەكەم تەنگژە بریتی بوو لە گۆڕینی حەیدەر عەبادی و بە عادل عەبدولمەهدی بەو پێیەی كەسایەتییەكی سەربەخۆیە، كاتێك عەبدولمەهدی رای گەیاند كە عێراق بەشێك نییە لە سیستەمی سزاكانی سەر ئێران، لەو كاتەی عەبادی پاڵپشتی بۆ سزاكان و ئەمەریكا راگەیاند.  

دووەم تەنگژە بریتی بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق كە پشكی كورد بوو و ئێرانییەكان و لایەنگرانیان لە دژی كاندیدی بارزانی و پاڵپشت بۆ بەرهەم ساڵح لە پارتەكەی تاڵەبانی وەستانەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی بەڵێنی دا كە یەكەم بڕیارەكانی راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی دەبێت، سێیەم تەنگژەیەش بریتی بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی سوننەیە و ئەوان گەنجێكی ئەنباری لایەنگر بۆ حەشدی شەعبی و ئێرانیان كردە خاوەن پۆستەكە.

چوارەم تەنگژەیش بریتییە لەوەی ئێستە هەیە لەبارەی دیاریكردنی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ پشكی شیعەیە و ئێرانییەكان فاڵح فەیازیان كاندیدی كردووە كە بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی بوو، ئەو كەسێكی تەواو سەر بە ئێرانە، لەو كاتەی موقتەدا سەدر بەرهەڵستی دەكات، بەڵام لە كۆتادا پێی رازی دەبێت وەك چۆن لە بۆنەی تریش وای كردووە، هەرچی وەزیری بەرگرییە كە پشكی سوننەیە، گرنگی كەمترە بەو هۆیەی سەرۆك وەزیران خۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە، بەو شێوەیە ئێرانییەكان دەڵێن، پێكهاتەی حكوومەتی عێراق تەواو نابێت تا ئەو كاتەی بە مەرجەكانی حەشدی شەعبی و هادی عامری و نووری مالیكی كار نەكات.   

لە لبنانیش بەهەمان شێوە ئێران و حزبوڵا رێگرن لەبەردەم پێكهاتنی حكوومەتی ئەو وڵاتە، كاتێك شەش مانگ بەسەر راسپاردنی سەعد حەریری تێپەڕ بووە و تا ئێستە بەهۆی بەربەستە جیاجیاكانەوە نەیتوانیوە كارەكەی تەواو بكات و دوا تەنگژەی ئەو وڵاتەیش مەرجێكی حزبوڵایە بە پێدانی وەزیرێك لە پشكی سوننە بە سوننەكانی سەر بەخۆی، كە حەریری رەتی دەكاتەوە. بۆیە لێرەیش كێشەكە تەنیا ئەوەیە كە حزبوڵا و ئێران دەیانەوێ دەسەڵاتی خۆیان لەو وڵاتە پێشان بدەن و بە رۆژئاوا بڵێن لە لبنان و لە عێراقیش بڕیار بەدەست ئێمەیە. 

ئەیاد ئەبو شەقڕا، نووسەر لە وتارێكی بە ناونیشانی سەرەوە لە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی سعوودی نووسیویەتی، لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری رابردوو لە لبنان حزبوڵا و ئێران سەركەوتنی خۆیان لەو وڵاتە بەرجەستە كرد و توانیان زیاترین كریستیان و دورزی و سوننە بە دەنگی خۆیان بگەیننە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، ئێستەیش هەوڵ دەدەن دەست بخەنە ناو نوێنەرایەتیی سوننە و لاوازكردنی رەوتی مەستەقبەلی سەعد حەریری، ئەو دیمەنەی تەنیا لە وردەكارییەكان لەوەی عێراق جیاوازە.

لە عێراق هەڵبژاردن لە سایەی باڵادەستیی چەكی حەشدی شەعبی بەڕێوە چوو كە كۆمەڵێك میلیشیای تایفی لەخۆ دەگرێت سەرانی ئەوان پێشتر لە ریزی هێزەكانی ئێران لەدژی سوپای عێراق لە سەردەمی جەنگی عێراق-ئێران جەنگاون، لە عێراق ئێران سوودی لە جەنگی داعش بینی و لە ناوچە زۆرینەی دانیشتوانی سوننە وەك فوراتی ناوەڕاست و پارێزگای نەینەوا، پرۆسەیەكی رێكخراوی فەرامۆشكردنی پێكهاتەی سوونە بەڕێوە چوو، ئێران سەرەتا كاری لەسەر سوودوەرگرتن لە ناكۆكییەكانی كورد بۆ بەرژەوەندی خۆی كرد و دواتر بەرژەوەندییەكانی كورد و سوننەی لێك جیاكردەوە بۆ ئاسانكردنی باڵادەستیی شیعەی سەر بەخۆی لە عێراق. 

نووسەر دەڵێت، لەو ساتەدا هەڵوێستی نێودەوڵەتی لاواز بوو و زیاتر گرنگی بە جەنگی داعش دەدا و وەك رووداوێكی ناوچەیی مامەڵەی لەگەڵ دەكرد لەبری بەستنەوەی لە رووی هۆكار و ستراتیجیەت بە ژینگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاشكۆی رۆشنبیری و پێكهاتە فرە نەتەوەییەكەی.

بۆیە لەو كاتەی دۆناڵد ترەمپ و واشنتن سەرقاڵی هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێس و لێكەوتەكانین و سیاسەتی سزاكانی سەر ئێران توندتر دەكەن كە بەسەریاندا سەپاندەوە، سەرانی ئێران كار بۆ زیادكردنی پاڵەپەستۆی سیاسی و تەناهی و راگەیاندنیان لە عێراق و لبنان و تەواوی ناوچەكە دەكەن،  بۆیە ئەوەی سەرنجراكێشە گەڕانەوەی داعش نییە بۆ بەبیرهێنانەوەی دنیا بە دەستكەوتە وێرانكارییەكان، بەڵكو شكستهێنانی بە مەبەستی تارانە بۆ دوو ئەزموونی دیموكراسی لەرزۆك، بۆیە ئاخۆ كامیان زووتر خۆی رادەست دەكات، عادل عەبدولمەهدی لە عێراق یان سەعد حەریری لە لبنان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل