توركیا نەیاری بۆ كورد دەكاتە بنەمای ئاراستەكردنی سیاستەكانی

:: PM:07:02:11/11/2018 ‌

توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی سیاسەتێكی دەرەوەی كارای لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كیشوەرەكانی تریش وەك ئەفریقیا هەیە، ئەو ئاساییانە بەرژەوەندییەكانی خۆی كردووەتە بنەمای هەر سیاسەت و ستراتیجیەتێك كە بنیاتی ناوە یان پیڕەوی دەكات، هاوكات نەیاری بۆ كورد كردووەتە ناواخنی بەرژەوەندییەكانی و لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەتەكانی ئاراستە دەكات.

توركیا لە سووریا هاوكێشەكە دەگۆڕێ.. ئەو لە كورد دەترسێت، بەڵام لە داعش نا، ماڵپەڕی "نیوز وەن"ی ئیسرائیلی وتارێكی نووسەر و رۆژنامەوانی ئیسرائیلی ئیتامار لفینی بڵاو كردووەتەوە كە باسی سیاسەتەكانی توركیا لە بەرانبە ر پەرەسەندنەكانی دۆخی سووریا دەكات و چۆن ئەنكەرە لەژێر سەركردایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە واشنتن دوور دەكەوێتەوە و لە رووسیا و ئێران نزیك دەبێتەوە.  

لفین لەو بارەوە دەڵێت، لە ماوەی مانگی رابردوو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ستراتیجەیتی خۆی لە سووریا راگەیاند كە بریتییە لە وەستاندنی جەنگی داعش و گرنگیدان بە رووبەڕووبوونەوەی ئێران، بەڵام ئیدارەی ئەمەریكا ئەو گۆڕانكارییە گەورەی بەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووە بەتایبەتی لە دوای كوژرانی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووس، فەرامۆش كردووە.

وەك نووسەر دەڵێت، چەند دەوڵەتێكی ناوچەكە وەك ئێران و عێراق ئیسرائیل و سعوودیە و توركیا ماوەی دەیان ساڵی دوایی لە كێبەركێدان بۆ بەدەستهێنانی كایەكانی هێز و دەسەڵات، ئەوەیش لە سایەی دەستوەردانی بەهێزی دەرەكی لەلایەن رووسیا و ئەمەریكا و بەریتانیا، تا كاتێكی نزیكیش ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە لە ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو و توركیا خەریكی رووبەڕووبوونەوەی ئێران بوون، تا رادەیەك پێدەچوو كە ئەوان بتوانن رژێمی ئێران داببڕن، بەڵام زنجیرەیەك گۆڕانكاری ناوچەیی ناوخۆیی و ناوچەكە و نێودەوڵەتی لە دۆخەكە رووی دا لەوانە دووركەوتننەوەی توركیا لە ئەمەریكا و نزیكبوونەوەی لە رووسیا و ئێران، ئەو كارەیان سست كردەوە.  

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا هێزە ئیسلامییەكانی لە وڵاتەكەی بەهێز كرد و وڵاتەكەی وازی لەو عیلمانیەتە هێنا كە ماوەی سەت ساڵ تیایدا ژیا، ئێستە زۆرێك لە هەڵوێستەكانی ئەردۆغان هاوشێوەی هەڵوێستی تاران و مۆسكۆیە، بۆیە ئێستە ئەنكەرە تونڕۆترە لە بەرانبەر رۆژئاوا بە هاوشێوەی تاران و مۆسكۆ.

هەرچی ئەردۆغانە خۆی بە سوڵتان و خەلیفە دادەنێت كە شایەنی ئەوەیە سەركردایەتی هەموو وڵاتانی بەرەی سوننە بگرێتە دەست، وەك چۆن بە راشكاوی دەڵێت، توركیا تاكە دەوڵەتە بتوانێت سەركردایەتی دنیای ئیسلامی بكات، ئەویەش مانای ئەوەیە كە ماڵباتی شاهانەی سعوودیە چیتر هاوپەیمانی ئەو نین، بگرە بوونەتە ركابەر. 

رووداوەی كوژرانی جەمال خاشقچی، یەكێك بوو لەو زنجیرە رووداوەی بووە هۆی هەرەسهێنانی پێوەندییەكانی نێوان توركیا و سعوودیە، پێشتریش كاتێك سعوودیە گەمارۆی خستە سەر قەتەڕ، ئەنكەرە چووە پاڵ ئێران لە پاڵپشتیكردنی دۆحە كە لەبەر هۆكاری ستراتیجی و ئابووری بۆ توركیا گرنگە.   

لەپاڵ گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا، ئەنكەرە واژووی لەسەر گرێبەستی كڕینی سیستەمی دژە مووشەكی (ئێس-400)ی رووسی كرد و ئەو هەنگاوەیش وای كرد جیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریكا داوا لە ئەنكەرە بكات چاو بە گرێبەستەكە بخشێنێتەوە، چونكە ناتوانرێت ئەو سیستەمە بەرگرییە مووشەكییە لەناو هێزەكانی ناتۆ شوێنی بكرێتەوە، كە تا ئێستە توركیا ئەندامە تیایدا. 

هەموو ئەو پەرەسەندانە لە سایەی هەڵگیرسانی دوو جەنگی سووریا و یەمەن روویان دا كە تیایدا ئەمەریكا و سعوودیە یەك هەڵوێستیان تیایدا هەبوو ئەوەیش دەستوەردانی ئێرانیان رەت دەكردەوە، لەو كاتەی توركیا و ئێران و رووسیا كە لە ماوەی چەند ساڵی جەنگی سووریا هاوكاری بەهێزی یەكتر بوون و لە بەرژەوەنی ئەوانە سووریا دابەش نەبێت، دەیانەوێ سووریا بەو شێوەی ئێستە بە مانەوەی بەشار ئەسەد سەقامگیر بێتەوە، جیا لەوەی دابەشبوونی سووریا مەترسییەكی گەورەیە بۆ ئەنكەرە، وەك نووسەرە ئیسرائیلییەكە باسی دەكات. 

لفین روونی دەكاتەوە، توركیا ئەوەندەی لە كورد نیگەرانە لە داعش نیگەران نییە، جیا لەوە توركیا ئێستە لە ر ووسیا و ئێران نزیكترە لە ئەمەریكا، بۆیە سەرەڕای ئەوەی هیچ یەك لە یاركەرەكانی سووریا لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی نین، بەڵام ئێران و توركیا نیگەرانییەكانیان زیاترە لەو ئەگەرە كە رەنگە ئەگەر سووریا دابەش بێت بێتە دی.

مانەوەی جموجۆڵەكانی داعش لەناو خاكی سووریا پاساو دەداتە میحوەری (ئەنكەرە-تاران-مۆسكۆ-دیمەشق) بۆ بەردەوامبوون لە چالاكییە سەربازییەكانیان، ئەگەرچی ئەوە مانای ئەوە نییە مەترسیان لە داعش بێ پاساوە، بەڵام ئەردۆغان هاریكاری خۆی لەگەڵ دەستەی تەحریری شام بەهێز كردووە كە گرووپێكی تیرۆریستی كارایە لە سووریا و خاوەنی 10 هەزار چەكدارە و سەر بە رێكخراوی قاعیدەن و توركیا وەك هێزێكی كاریگەر لەدژی شەڕوانانی كورد كە لەلایەن ئەمەریكاوە پاڵپشتی دەكرێن، بەكاریان دێنێت.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل