داعش لە سنووری سەعدیە هێرشی كرد

:: AM:09:58:12/11/2018 ‌

درەنگانی شەوی رابردوو چەكدارانی داعش هاتوونەتە گوندی بەنی وەیسی سەربە شارەدێی سەعدیەی سەربە شارۆكەی خانەقین، پاش رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس لەگەڵ ئەو هێزەی داعش، گەنجێك كوژراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 12ی تشرینی دووەمی 2018، سەرچاوەیەكی پۆلیسی شارەدێی سەعدیە بە "وشە"ی راگەیاند، چەكدارانی داعش درەنگانی شەو دزەیان كردووەتە گوندی بەنی وەیس و شەڕ رووی داوە.

ئەو گوتی، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم گوندەكە لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆ دراوە، لەبەر ئەگەری دزەكردنی چەكدارانی داعش و دووبارەكردنەوەی پەلامارەكانیان.

لەبارەی هەڵاتنی ئەو چەكدارانە پاش هێرشەكە، سەرچاوەكە باسی لەوە كرد كە ماتۆڕسكیلیان پێ بووە و شارەزای ناوچەكە بوون.

 ئەحمەد زڕگووشی، بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدیە زانیارییەكانی بۆ "وشە" پشتڕاست كردەوە و باسی لەوە كرد، ئەوەی كوژراوە دووكاندار بووە و ناوی عەلی عامرە .

پێویستە بگوترێ ئێستە دۆخی تەناهیی ناوچەكە جێگیرە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی 



وشە - سلێمان تاشان