لەسەر تاوانێكی قێزەونی دایكی "تەڵاق" دەدرێ


ژنێك لە شارەدێیەكی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە سەرەتای ژیانی هاوسەرگیری بەهۆی دایكییەوە هاوسەرەكەی لێی جیا دەبێتەوە، دوای ئەوەی هاوسەرەكەی لەڕێی چەند خزمێكیەوە هەواڵی ئەوەی پێ دەگات كە دایكی كاری لەشفرۆشی كردووە، لە سەرەتای مانگی پێنجەمی هاوسەرگیرییانەوە بۆ ماڵی باوكی دێتە دەركردن و هاوسەرەكەی لێی جیا دەبێتەوە. ئەو كە هاوسەرەكەی خۆی زۆر خۆش دەوێت و بە جیابوونەوە ڕازی نەبووە، دەڵێت بووەتە قوربانی تاوانێك كە ئەو نەك نەیكردووە، ئاگاداری ئەوەش نەبووە كە دایكی ئەو كارەی كردووە.

تاڤین ئەو ژنەی تەمەنی ٢٣ ساڵە لەدوای ئاشكرابوونی ڕابردووی دایكی، ژیانی تێك دەچێت و ئێستەش لەگەڵ دایكی و "هاوسەی دایكی" لە ژیانێكی ناخۆشدا دەژیت، ئەو چیرۆكی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی و ژیانی ئێستەی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت، "دایكم بەهۆی ڕابردوویەوە ژیانی تێك دام، ئێستەش بەهۆی ئەو هاوسەرگیرییەی كردوویەتی دڵنیام داهاتووشم دەفەوتێنی."

لە سەرەتای قسەكانیەوە تاڤین پڕ لە گومانێكی قووڵ قسەی دەكرد، لە كۆتایی هەموو دێڕێكدا چەند بۆشاییەك دەمایەوە كە مانای تەواوی قسەكانی بوون، بەڵام نەیدەویست ئاشكرای بكات دەنگێكی بەرزتری ترس زاڵ بوو بەسەریدا ئەو گوتی باوكم چەند ساڵێكی زۆرە كۆچی دوایی كردووە، من و دوو برام و خوشكێكم، دایكم بەخێوی كردین، چۆن بەخێوی كردین نازانم، بەڵام دەزانم لە هیچمان كەم نەبوو، ماڵی باپیرەم كە دەكاتە ماڵی باوكی دایكم ئاگایان لە دایكم بوو، دایكم دوای ساڵێك لە مردنی باوكم ویستی هاوسەرگیری بكات، بەڵام باپیرم نەیهێشت و گوتی دەبێت لەسەر منداڵەكانت دانیشی.

بەهۆی پێداگیری ماڵی باپیرانی، دایكی تاڤین ناتوانێ هاوسەرگیری بكات، كاتێك ئەو دەرگایەی بەڕوو دادەخرێت، وەك تاڤین ئاماژەی پێ دەدات دایكی پەنای بۆ دروستكردنی پێوەندی بردووە، ئەو نایشارێتەوە كە زانیویەتی دایكی پێوەندی هەیە نەك لەگەڵ پیاوێك، بەڵكو لەگەڵ چەند پیاوێك، بەڵام وەك خۆی باسی دەكات، دایكی گوتوویەتی تەنیا هاوڕێن و نەیزانیوە دایكی بەپارە لەگەڵ ئەو كەسانەدا پێوەندی تری هەبووە، بەتایبەت دوای ئەوەی باپیری كۆچی دوایی كردووە و دایكی هاوسەرگیری كردووە، هیچ گومانیكی لەسەر دایكی نەماوە، دڵنیا بووەتەوە كە دایكی هیچ هەڵەیەكی نەكردووە.

تاڤین باس لە هاوسەرگیرییەكەی دەكات و دەڵێت، لەڕێی ناسیاوێكمانەوە هاوسەرەكەم ناسی و یەكمان بەدڵ بوو، هاتە داوام و هاوسەرگیریمان كرد، زۆر دڵم بە هاوسەرگیرییەكەم خۆش بوو، لە ماڵی دایكم و هاوسەرەكەی زۆر بێزار بووم و سوێندم خواردبوو ئەوەندە ژنێكی باش بم، مێردەكەم تا ئاستی پەرستن خۆش بوێ و ڕێزی بگرم، واشم كرد هەموو شتێكم كرد بۆ ئەوەی دڵی خۆش كەم و ئەویش زۆر باش بوو، بەڵام دۆستە كڕیارەكانی دایكم ژیانیان لێ تێكدام و گەڕاندیانمەوە دۆزەخی بەردەم هاوسەری دایكم.

هاوسەرەكەی تاڤین كاتێك بە ڕابردووی خەسووی دەزانێت، دوو ڕێ لە بەردەم خێزانەكەی دادەنێت، كە هەڵبژاردنیان قورسییەكی زۆری خستووەتە سەرشانی، تاڤین ئاماژە بەوە دەكات لە نێوان ئاو و ئاگر و مردنی خۆی و دایكیدا دەبوو هەڵبژاردن بكات، پێی گوتم دایكت بەو كارانەی كردوویەتی دەبێت بكوژرێت، من ئەو ڕابردووەی دایكت لەلای هاوسەرەكەی و مام و خزمەكانت ئاشكرا دەكەم و دەبێت دایكت بكوژرێت، یان ئەوەتا دەبێت جیا بینەو، قورس بوو جیابوونەوە هەڵبژێرم، چونكە من هەموو شەوێ خەونم بەوە دەبینی لە دەست دایكم و زڕباوك ڕزگارم بێت، بەڵام كوشتنی دایكم هێڵی سوور بوو، هەرچەند من دەزانم هەڵەیەكی گەورەی كردووە، بەڵام هیچ هەڵەیەك یەكسان نییە بە كوشتنی كەسێك، بەتایبەت ئەو كەسەش دایكت بێت، بۆیە ڕێككەوتنم لەگەڵ كرد كە من لە هەموو مافێكم خۆش دەبم و جیا دەبمەوە، بەڵام بەو مەرجەی هیچ پێوەندییەكی بە دایكمەوە نەبێت و كەس بەڕاستی بابەتەكە نەزانێت.

ئەوەی ئازاری تاڤینی تازە بووكی قووڵتر كردووە، ئەوەیە كە نەیتوانیوە بۆ هیچ كەس هۆكاری جیابوونەوەكەی باس بكات، وەك خۆی ئاماژەی پێ دەكات كە گومانێكی زۆر لە چاوی هەمووان بەرانبەر بەخۆی دەبینێت، چەندان جاریش ڕووبەڕوو پێی گوتراوە "یان پیاویان لەسەر گرتی یان كەپڵە كۆنەكەت بەتەڵاقدانی دای..." بەڵام ناچارە و بێدەنگ دەبێت، تەنیا دایكی بەوە دەزانێت كە هۆكاری ڕابردووی ئەو بووە ژیانی هاوسەرگیری كۆتایی پێ هێناوە، ژانە قووڵەكەی تاڤین لەوێ كۆتایی نەهاتووە كە لە ماڵی دایكی بەدیار تێكدەری ژیانی پێبكەنێ و وا بنوێنێت هیچ ڕووی نەداوە، ئەو بارە قورسەكەی بۆ یەكەم جار باس كرد و وەك خۆی گوتی، گرێی دڵی كردەوە و برینە قووڵەكەی كولاندەوە، ئەویش قسە و جووڵە و هەوڵدانەكانی هاوسەری دایكی كە دەڵێ خەریكە تووشی نەخۆشیی دەروونی دەكات.

تاڤین باس لە هەڵسوكەوتەكانی زڕباوكەكەی دەكات و ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە لە دۆخێكدایە نازانێت پەنا بۆ كێ ببات، بەتایبەت دوای ئەوەی بە دایكی گوتووە و باوەڕی پێ نەكردووە، پێی گوتووە "لەبەر ئەوەی بەهۆی ڕابردووی من ماڵت تێكچووە و دەتەوێ ماڵ لە منیش تێك بدەی و تۆڵەم لێ بكەیتەوە"، بەڵام ئەو دووپات لەوە دەكاتەوە كە زڕباوكەكەی چەند جارێك بە قسە و كرداریش هەوڵی داوە لێی نزیك بێتەوە، باس لەوەش دەكات كە ئەو دەتوانێ بەرەوڕووی بێتەوە، بەڵام لە خوشكەكەی دەترسێ كە نەتوانێ هیچ كاردانەوەیەكی هەبێت ئەگەر ئەو شتێكی لێ بكات، تاڤین بەگریانێكی قووڵەوە بەدووبارەكردنەوەیەكی توندەوە دەیگوت "لە ترسان ناخەوم دەرگەی ژووری خۆم و خوشكەكەم دادەخەم شەو تابەیانی وەك شێت چاو دەبڕمە دەرگە دەترسم بێتە ژوورەكەمان"، من ئێستە هیچ ڕێچارەسەریەك شك نابەم، تەنیا چاوەڕوانی ڕەحمی خوا دەكەم و هیچی تر.

ئیڤان عەبدولرەحمان



وشە - سلێمان تاشان


PM:02:24:13/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 4672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌