بەرپرسانی عێراق: میلیشیاكان كۆنترۆڵی ئابووری پارێزگاكانی باشوور دەكەن

:: PM:10:40:13/11/2018 ‌

بەرپرسانی ناوخۆی پارێزگاكانی باشووری عێراق دووپاتی دەكەنەوە كە پارتە چەكدارەكان دەستیان بەسەر ئابووری پارێزگاكانی باشووری عێراق گرتووە لە رێگەی قۆرخكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و دەروازە سنوورییەكانەوە. 

سەرحان غالبی، ئەندامی لیژنەی تەناهی لە ئەنجوومەنی پارێزگای میسان ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە چەند پارتێك هەن خاوەنی باڵی سەربازین و دەستیان بەسەر ئابووری پارێزگاكەدا گرتووە، ئەوان كێشە دروست دەكەن و بازرگانی بە چەك دەكەن، جیا لە سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە دەروازە سنوورییەكان.

زیاتر گوتی، ئەوان بۆ ئەو مەبەستە هێز بەكار دێنن یان راستەخۆ بەچەك هەڕەشە دەكەن وەیا هۆزەكانی ناوچەكە دەجووڵێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و روونی كردەوە، زۆرینەی پڕۆژەكان لەو پارێزگایە ئێستە بەدەستی ئەو پارتانەیە كە هێزی سەربازیان هەیە. 

لای خۆیەوە سەڵاح خەفاجی، سەرۆكی لیژنەی تەناهی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بابل رای گەیاند، بوونی ئەو كەسانەی سەر بەو حزبانەن كارێكی نەرێنییە و چەندان گرێبەستی ئابووری و دابەشكاری پڕۆژەكان هەیە بەناوی ئەو حزبانەوە.

جەعفەر مووسەوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە دیوانییە دەڵێت، زۆرێك لە پڕۆژەكان هەن جا وەبەرهێنان بن یان موساتەحە كە شارەوانی دەیدات، بۆ ئەو پارتانە دەچێت كە لە دەسەڵاتن، ئەوان خاوەنی باڵی چەكدارین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل