لە هەولێر نەخۆشانی شەکرە بە کۆمەڵ را دەکەن

:: AM:08:56:14/11/2018 ‌
لە ڕۆژی جیهانی نەخۆشیی شەكرە ڕێكخراوی ماڕاسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەمەبەستی تەندروستییەكی باش، ڕاكردنێكی بەكۆمەڵ بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شەكرە ئەنجام دەدات.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی تشرینی دووەم، ڕێكخرای هەولێر بۆ ماڕاسۆن بڵاوی كردووەتەوە، سەنتەری راوێژكاری شەهید لەیلا قاسم بۆ نەخۆشیی شەكرە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێكخراوی ئەربیل ماراسۆن بۆ وەرزش و ئاشتی، هەڵدەستن بە ئەنجامدانی ڕاكردنێكی بە كۆمەڵ بۆنەی رۆژی جیهانی شەكرە.

لە بەشێكی بڵاوكراوەكەدا هاتووە، بەشداربوون بۆ هەمووانە و بۆ هەردوو رەگەز و خاڵی دەست پێكردن لە بەردەم دەرگەی پێشانگای هەولێری نێودەوڵەتی لە پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان و خاڵی كۆتایی دەرگەی پاركی سامی عەبدولڕەحمان سەر شەقامی 60 مەتری بەرامبەر پەرلەمانی كوردستان دەبێت.

ئاماژە دراوە، ماوەی راكردنەكە چوار كیلۆمەتر و نیوە و ئەمڕۆ سەعات 10 و 30 خولەكی بەیانی دەست پێ‌ دەكات.

نەخۆشیی شەكرە نەخۆشییەكی جیهانییە و ساڵانە لە هەرێمی كوردستان چەندان چالاكی جۆراوجۆر بەو هۆیەوە بەڕێوە دەچن لە هەرێمی كوردستان و چەند هەڵمەتێكی پشكنین و پێدانی ڕێنوێنی هەیە.



وشە - رامیار جەواد