ماوه‌یه‌كه چه‌كدارانی داعش له‌نزیك خورماتوو وه‌ك ناوچه‌یه‌كی كوردستانی داگیركراو ده‌ركه‌وتوونه‌ته‌وه و مه‌ترسیان له‌سه‌ر ناوچه‌كه دروست كردووه، هاوكات یه‌كێتى و حه‌شدى شه‌عبى له جمووجوڵى ئه‌و چه‌كدارانه ئاگادار كراونه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 14ى تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، سه‌رچاوه‌یه‌كی پۆلیسی له خورماتوو بۆ "وشه"ى ئاشكراى كرد، چه‌كدارانی داعش له‌ده‌وروبه‌ری خورماتوو سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه و پۆلیسیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته زانیاری وردی به حه‌شدی شه‌عبی و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان داوه بۆ ئه‌وه‌ى كه‌مته‌رخه‌مى نه‌كه‌ن له ناوچه‌كه‌دا.
سه‌رچاوه‌كه گوتى، ئه‌و گرووپه چه‌كداره‌ى ئێسته سه‌رى هه‌ڵداوه‌ته‌وه به‌شی زۆریان ئاواره‌ی سوننه‌ن و به‌هۆی پێداگریان له‌تۆڵه‌كردنه‌وه له حه‌شدی شه‌عبی كه‌وتوونه‌ته هه‌وڵدان بۆ هێرشكردن و تێكدانى ناوچه‌كه.
هاوكات مه‌لا كه‌ریم شوكر به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی حه‌مرینی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ "وشه" ئاشكرای كرد، ته‌واوی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش به‌شێوه‌ی مه‌فرزه‌ی جیا جیا گه‌راونه‌ته‌وه ده‌گه‌نه 80 چه‌كدار، به‌ڵام به‌شێوه‌ی جێگیر 50 كه‌سیان به‌رده‌وام له‌و سنووره ده‌مێننه‌وه.
"وشه" بۆ وه‌رگرتنى زانیارى زیاتر پێوه‌ندی به علی هاشم گوته‌بێژی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه كرد و راى گه‌یاند، جگه له‌سلێمان به‌گ به‌شی زۆرى ئه‌و چه‌كدارانه له حه‌ویجه‌وه هاتوون .
دووپاتى له‌وه‌یش كرده‌وه كه له ماوه‌ی دوو مانگدا زیاتر له چوار هێرش له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپه‌وه ئه‌نجامدراوه و ده‌یان بۆمبیان له رۆژئاوای خورماتوو چاندووه.
گه‌ڕانه‌وه‌ى داعش بۆ ئه‌و سنووره له‌كاتێكدایه كه پێشتر سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق كۆتایهاتنى داعشى له عێراق راگه‌یاندبوو، هاوكات به‌هۆى خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017 بۆشایی ته‌ناهیی له‌و سنوورانه دروست بوو.
گه‌رمیان / سه‌بری هۆرێنی