قایمقامیەتی سلێمانی دەنگۆی فرۆشتنی گۆشتی كەر لە شارەکە رەت دەکاتەوە

:: PM:01:28:15/11/2018 ‌
بەرپرسێكی پارێزگاری سلێمانی دەنگۆی سەربڕین و فرۆشتنی گۆشتی كەر لە سلێمانی ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت ئەو وێنانەی لە کەناڵیکی تەلەڤزیۆنی بڵاو کراونەتەوە ئەفریقایە نەک سلێمانی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی تشرینی دووەم، گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە، شەوی رابردوو ڕاپۆرتێك لە كەناڵی (الاتجاە) لەبارەی بوونی حاڵەتێكی سەربڕینی ”گوێدرێژ” لە شاری سلێمانی، هەموو لایەك ئاگەدار دەكەینەوە ئەو ڕاپۆرتەی بڵاو كراوەتەوە شێواندنێكی ئاشكرای تێدایە كە بە وێنە شوێنێك دەردەخەن كە ئەو شوێنە لە شاری سلێمانیدا نییە و وا دیارە یەكێك لە وڵاتانی ئەفریقایە.

ئاشكرای كردووە، كارمەندەكانی ئەو شوێنە "دشداشەیان" لەبەردایە و ڕەشپێستن و لێدوانەكەی ئێمەیان شێواندووە و لە چەند شوێنێكدا بڕیویانە و دواتر لە یەكیان داوەتەوە. بەشێك لە لێدوانەكەی ئێمە لەبارەی بەدواداچوون بووە بۆ نەهێشتنی دیاردەی فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵ لەسەر شەقامەكان، بۆیە بە گشت لایەكی ڕادەگەیەنین دیاردە و حاڵەتی لەو شێوەیە لەناو شاری سلێمانیدا بوونی نییە.

ئاماژەی داوە، ئەوەی لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژەیان بۆ كراوە، هەڵەیەكی ئاشكرایە و مەبەست لێی كەمكردنەوەی هەوڵ و ماندووبوونی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتە و ناوەڕۆكی هەواڵەكە دوورە لە ڕاستییەوە.



وشە - رامیار جەواد