چیشتێک لە جەستەدا دیاری دەکات حەزت لە چایە یان قاوە؟

:: PM:09:35:15/11/2018 ‌
توێژینەوەیەکی زانستی دەریخستووە ئەو کەسانەی لەڕووی جینییەوە "جین دانەیەکی بۆماوەییە لە جەستەدا" هەستیارن بەرانبەر تاڵیی قاوە ئەوا زیاتر مەیلیان بۆ قاوە هەیە و کەمتر حەز بە خواردنەوەی چا دەکەن.

تامی تاڵیی لەبنچینەدا ئاگادارکردنەوەیەکی جەستەیە بەرانبەر ئەوەی دەکرێت خواردن و خواردنەوەیەک ژەهراوی و مەترسیدار بێت، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات مرۆڤەکان فێربوون و ڕاهاتوون کە ئەو هەستەی ناخیان فەرامۆشبکەن و زانایان بۆشیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی زۆرترین هەستیارییان هەیە بەرانبەر تاڵیی، زیاتر مەیلیان بەلای قاوەدا دەڕوات و حەزیان لێیە.

هۆکاری ئەم دیاردەیەش دەگەڕێتەوە بۆ جینەکانی مرۆڤ، زانایان ڕای دەگەیەنن، "هەموومان وا فێربووین کە قاوە تەزوو و هەستێکی خۆشمان پێ دەدات و ئەم کاردانەوەیەشمان بەرانبەر قاوە بەناو نەوەکاندا گوازراوەتەوە."

ئەو کەسانەی هەستیاری جینیان هەبووە بەرانبەر تاڵیی، زیاتر قاوە پێوەست دەکەن بە دڵخۆشی و کامەرانییەوە وەک لەو کەسانەی کەمتر هەستیارن، بەمەش بەپێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت ئەوانەی هەستیارن بەرانبەر تامی تاڵی کافاین، زیاتر قاوە دەخۆنەوە.

لە دەرەنجامدا زانایان لە ڕێی ئەم توێژینەوانەوە گەیشتوون بەوەی هەستی مرۆڤ لە چەشتنی تامی تاڵ، کە لەلایەن جینەکانییەوە دیاری دەکرێت، دەستنیشانی حەز و ئارەزوومان دەکات بۆ قاوە، چا و کحول.

وشە/ محەمەد شابان


وشە - محەمەد میران