خۆپێشاندان دژی كۆمسیۆنی عێراق دەستی پێ‌ كرد

:: AM:11:45:19/11/2018 ‌
ژمارەیەكی زۆر لە فەرمانبەرانی ڕۆژی دەنگدانی سەربە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و داوای دامەزراندن دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی تشرینی دووەم، گەیلان فارس نوێنەری كارمەندە ناڕازییەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ئێمە لە پارێزگای هەولێر 420 كارمەندی گرێبەستین كە ساڵانە یان لەكاتی هەڵبژاردنەكان كۆمسیۆن گرێبەستمان لەگەڵ دەكات بۆ ئەوەی تۆماری دەنگدەران و پرۆسەی بایۆمەتری بۆ هاووڵاتییان ئەنجام بدەین.

فارس گوتی، "بەهۆی ئەوەی پرۆسەی بایۆمەتریش درێژەی هەیە، پێویستە ئێمە لە كارەكانمان بەردەوام بین، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پرۆسەكە وەستاوە و گرێبەستەكانمان راگیراوە، هەروەها ئێمە لەكاتی هەڵبژاردنەكان خولی كارمەندانی سەر سندووقیش دەكەینەوە و راهێنانیان پێ دەكەین، هەریەكێكیشمان لە سێ بۆ حەوت ساڵ خزمەتمان هەیە.”

ئاشكرای كرد، "بەپێی یاسا ئەگەر یەك ساڵ گرێبەست بووی، پێویستە بكرێی بەهەمیشەیی، بۆیە داوا دەكەین لە بودجەی 2019 ئەو داواكارییەمان جێبەجێ بكەن و لە ئەگەری جێبەجێ نەكردنیشی گرێبەستەكەمان نوێ بكەنەوە تا كاتێكی تر، چونكە ئێمە بەهۆی ئەو كارەوە چەندان هەلی كاری ترمان لە دەست داوە.”

هاوكات حەمەدەمین فارس ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، ئەم داواكارییە مافێكی رەوای ئەو فەرمانبەرانەیە و پێویستە جێبەجێ بكرێت، هەوڵەكانیشمان چڕ دەكەینەوە تا لە بودجەی ٢٠١٩دا سەرجەم تێبینییەكان جێیان بكرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد