كۆسڕەت ڕەسووڵ داوای شاربەدەركردنی مشەخۆرەكانی ناو یەكێتی دەكات

:: PM:12:19:21/11/2018 ‌
بەرپرسی یەكەمی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای دەكات، پێویستە ئەو كەسانەی لەناو یەكێتـی وەك مشەخۆرن، بەدەربنرێن و یەكێتی لەناو حكوومەت پڕۆژەكانی سەربخرێن.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی تشرینی دووەم، كۆسرەت رەسووڵ عەلی‌ جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێـتیی نیشتمانیی كوردستان لە‌ رێورەسمی رۆژی‌ شەهیدی‌ یەكێتی‌ ڕای گەیاند، "یەكسانی‌ نییە لەنێوان شەهیدەكاندا و كەموكوڕی‌ زۆر هەیە لە ژیان و گوزەرانی‌ بنەماڵەكانیاندا، بەڵام هەوڵ دەدەین بەهیمەتی‌ هەموو لایەك دەیگەیەنینە ئەو دۆخەی‌ كە دەیانگوت یەكێتی‌ عەرز دەدڕێت."

جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی گوتی، هەموو لایەك بەتایبەتی‌ یەكێتییەكان هەوڵ بدەن كە پڕۆژەی‌ یەكێتی‌ لەناو حزب و حكوومەتدا سەربخەن، چونكە رووی‌ دەمی لەو یەكێتییانەیە كە بەراستی‌ یەكێتین نەك ئەو كەسانەی‌ بەناو یەكێتین و بەعەكسی‌ یەكێتی‌ كار دەكەن.

ئاشكرای كرد، هەندێك كەس هەیە كە بەڕاستی‌ لەناو یەكێتیدا بووەتە مشەخۆر لەسەر حیسابی‌ یەكێتی‌ و پێشمەرگە قارەمانەكانی‌، حەقە ئەو مشەخۆرانە جێیان نەبێتەوە لە كوردستان و پێكەوە شاربەدەر بكرێن، ئەمەش لەپێناو چاكسازی‌ و پاكسازی‌.

ئەو گوتانەی کۆسرەت لە كاتێكدایە جارێكی تر باڵباڵێن لەناو یەكێتی سەریهەڵداوەتەوە.



وشە - رامیار جەواد