حەشدی شەعبی بەناوی سوپای عێراقەوە گەنجانی كورد دەباتە ناو ریزەكانییەوە

:: PM:02:38:21/12/2016 ‌

ژمارەیەك گەنجی كوردی سنووری شارۆكەی خورماتوو ئاشكرایان كرد، حەشدی شەعبی بەناوی سوپاوە ناونووسی كردوون، سەرجەمیان پاش ئاشكرابوونی ئەو فێڵە، دەستبەرداری ئەوە بوونە ببنە میلیشیای حەشدی شەعبی، بەرپرسی راگەیاندنی قایقامیەتی خورماتوویش پشتگیری لە گەنجانی ناوچەكە دەكات و وردەكاری زیاتر دەخاتە روو.

سامان محەمەد وەك گەنجێكی شارۆكەی خورماتوو بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لەم رۆژانەدا دەیان گەنجی خورماتوو ناوی خۆیان بۆ چوونە ناو سوپای نیشتمانی عێراق تۆمار كرد، بەو پێیەی سوپا هێزێكی نیشتمانییە و كورد هێشتا لە عێراق جیا نەبووەتەوە، سەرووی هەمووشیان دۆخی نالەباری ئابووری هاندەر بوون بۆ ئەوەی ناویان لە سوپای عێراقیدا تۆمار بكەن.

زیاتر روونی دەكاتەوە، بەڵام زۆر زوو دەركەوت ئەو ناونووسینە بۆ حەشدی شەعبییە و دوای ئاشكرابوونی، گەنجانی كوردی ئەو ناوچەیە پەشیمانبوونەوەی خۆیان راگەیاندووە و هەمووان گەڕاونەتەوە ماڵەكانی خۆیان.

محەمەد فایەق، گوتەبێژی فەرمی قایمقامیەتی شارۆكەی خورماتوو بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، هەر لە سەرەتادا كاری ناونووسین بێ ئاگاداری قایمقامیەت و ئەنجوومەنی شارەوانی ئەنجام دراوە، بۆیە جێگەی بڕوا نەبووە چونكە سوپا لە كاتی ناونووسكردنی هاووڵاتییان لایەنە فەرمییەكان ئاگادار دەكاتەوە . 

ئەوەشی گوت، "بۆ ئەو كارەش لۆگۆی سوپا و كردەوەگەل بەكار هێنرابوو، دواتر كە بەمە زانرا، گەنجان رازی نەبوون ببنە حەشد و هێزی تری جگە لە سوپا، بۆیە سەرجەم ئەوانەی ناویان نووسیوە، چوونەتەوە ماڵەوە و پێوەندییان بەو هێزەوە نەكردووە.

فایەق كە هاوكات گوتەبیژی قایمقامی خورماتووە. لەبری سەرۆكی لیژنەی تەناهی شارۆكەكە روونی كردەوە، گەنجانی خورماتوو نابن بە بەشێك لەو هێزانەی كە رۆژێك لە رۆژان بوونەتە هۆكاری خوێنڕشتنی كوردانی خورماتوو .

گەرمیان – سەبری هۆرینی


وشە - هیدایه‌ت جان