كوردستان..دەیان كتێبی توندوتیژی ئاینی بە نایاسایی بڵاو بوونەتەوە

:: PM:04:25:21/12/2016 ‌

هەر كتێبێك لە كوردستان چاپ دەكرێت، دەبێت ژمارەی سپاردنی لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری پێ‌ بدرێت و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكانی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، هیچ سانسۆرێك لەسەر چاپكردنی كتێب نییە و وەزارەتی ڕۆشنبیری لیژنەیەكی چاودێری نییە بۆ چاپ و بڵاوبوونەوەی كتێب.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر، سەرباز جەوهەر جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی یاسا هیچ سانسۆڕێك دیاری نەكراوە لەسەر  كتێب و ئەوان لای خۆیان ژمارەی سپاردن دەدەنە هەموو كتێبێك لە بوارە جیاوازەكاندا.

ڕوونی دەكاتەوە، هەموو چاپخانەكان بە نووسراوی فەرمی  ئاگادار كراونەتەوە كە بەبێ‌ ژمارەی سپاردنی وەزارەتی ڕۆشنبیری، نابێت هیچ كتێبێك چاپ بكەن و بە پێچەوانەوە رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە و هەر كتێبێكیش چاپ دەكرێت، دەبێ پێنج دانەی رەوانەی كتێبخانە گشتییەكان بكەن.

جەوهەر ئەوەش دەخاتە ڕوو، "ئاگادارین  لە دەرەوەی  پێدانی مۆڵەتی چاپكردنی كتێب لە وەزارەت، چەندان كتێبی ئاینی و جۆراوجۆر بە نهێنی چاپ دەكرێن، بەڵام بەهۆی نەبوونی لیژنەی چاودێری و بەدواداچوون لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، نەتوانراوە كۆنتڕۆڵی ئەم دیاردەیە بكرێت.

"حكوومەت لەو لایەنەوە كەمتەرخەمە و تا ئێستە لەلایەن هیچ دەزگە و لایەنێكی تەناهی ئاگادار نەكراوینەوە كە كتێبێكی نەشیاو لە ڕووی تەناهییەوە یان لە ڕووی توندوتیژی ئاینییەوە چاپ كراوە تا بەدواداچوون بكەین، بەڵام ئەو جۆرە كتێبانەش بە نهێنی و لە دەرەوەی مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی ڕۆشنبیری چاپ دەكرێن". سەرباز جەوهەر وای گوت.

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەش دەخاتە ڕوو كە ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، رێژەی چاپكردنی كتێب لە كوردستان 30% كەمی كردووە و چاپی كتێبی شیعری و ئەدەبی زۆر كەم بووە، لە بەرامبەردا چاپی كتێبی یاسایی و توێژینەوە و زانستی و تەكنۆلۆژیا و كۆمەڵایەتی و ئاینی زیادی كردووە.

هەولێر/هێمن ڕەفیق


وشە - هیدایه‌ت جان