کۆسرەت رەسوڵ: دەبێت من سەرپەرشتی کۆبوونەوە بکەم

:: PM:11:22:13/10/2016 ‌

كۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، رایگەیاند، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی پێچەوانەوەی پەیڕەوی ناوخۆیە و ئەگەر كۆبوونەوەكە بكرێت، "راگەیاندنی لەتكردنی یەكێتییە".

رۆژی پێنجشەممە، سكرتێری روژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوكردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی "مەكتەبی سیاسی یەكێتی" جەختیكردەوە، كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی لە 15ی ئەم مانگە دەكرێت و دواناخرێت.
سكرتێری روژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كووبۆنەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێ بە سەرپەرشتی بەڕێز سكرتێری گشتی بێت، و ئێستاش بە هۆی نەخۆشی جەنابی مام جەلالەوە، دەبێ بە سەرپەرشتی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی بێت.
لەدرێژەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "داوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە بێ ئاگاداری و ئامادەبوونی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی نادروستە و پێچەوانەوەی پەیڕەوی ناوخۆیە، هەروەها مایەی ڕاگەیاندنی لەتكردنی یەكێتیە، و بێگومان بەرپرسیارێتی یاسایی و سیاسی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە كۆبونەوانەن، بە تایبەتیش كە ئێستا هەوڵێكی دڵسۆزانە لە ئارادایە بۆچارەسەركردنی كێشەكان".

رۆژی 1-9-2016 كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح، جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی "ناوەندی بڕیاری یەكێتی"یان راگەیاند و جەختیان كردەوە، هەر بڕیارێكی یەكێتی بەبێ‌ جێگیرانی سكرتێر بدرێن، بڕیاری گشتگیری یەكێتی نییە.

وشە/ ر.م



وشە - ڕێبین محه‌مه‌د