ئێسته بهخێوكردنى ئاژهڵهكان لهماڵهوه زیاتر بوونه و ئهوانیش وهك مرۆڤ چهندان نهخۆشییان ههیه كه ههندێك جار ڕهنگه نهخۆشییهكه ترسناك بێت و بههۆى نهبوونى زانیارى لهسهر نهخۆشییهكه مهترسى بۆ سهر گیانى بهخێو كهرهكهیش ههبێت.
لێرهدا بۆ یهكهمجار باسى وردهكاى نهخۆشى پارڤۆ دهكهین كه لاڤین عهبدلوههاب پزیشکی ڤێتەرنەری چهندان زانیارى تایبهت بۆ خوێنهرانى "وشه" دهخاته ڕوو.
یهكهم/ نهخۆشى پارڤۆ چییه؟
نەخۆشی پارڤۆ، یەکێکە لە نەخۆشییە هەرە باوەکان لە دنیادا و بە مەترسیدارترین و کوژەرترین نەخۆشی دادەنرێت لە سەگدا، پارڤۆ نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە کە بەهۆی ڤایرۆسی "canine parvo virus"ەوە هەموو توخمێکی سەگ لە هەموو تەمەنێکدا مەترسی تووشبوونیان هەیە کاتێک ڤاکسینیان بۆ نەکرابێت.
بەڵام تووتکەی تەمەن دوو مانگ بۆ شهش مانگ زۆرترین مەترسییان لەسەرە و زۆربەی کات ناتوانن بەرگەی نەخۆشییەکە بگرن و سەرەڕای چارەسەر دەیانکوژێت.
دووهم/ چۆن سەگەکەت تووشی نەخۆشی پارڤۆ دەبێت؟
ڤایرۆسی پارڤۆ ڤایرۆسێکی زۆر بەهێزە و دەتوانێت بەرگەی سەرما و گەرما و زۆربەی پاککەرەوە ئاساییەکانی وەک سابوون بگرێت و تێکنەشکێت.
1. کاتێک کە سەگێکی توشبوو بە پارڤۆ بەرکەوتنی هەبێت لەگەل هەر شوێنێک یان کەلوپەلێک لە ڕێگەی پیساییەکەی یان ڕشانەوەکەیەوە ڤایرۆسەکە بڵاودەکاتەوە و ئەم ڤایرۆسە سەرسەختەش هەندێک جار بۆ ماوەی ساڵێک زیاتر بەرگەدەگرێت و دەمێنێتەوە و کاتێک سەگەکەی تۆ دەچێتە ئەم شوێنە و یان بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵ سەگێکی توشبوو بە پارڤۆ و بۆنی یەکتریان کرد و یەکتریان لێسایەوە یا لە کاتی بەکارهێنانی( قایشی مل ، لیش ، قاپی خواردن ، جێگەی نووستن) و کەلوپەلەکانی سەگی تووشبوو بۆ سەگێکی تەندروست مەترسی توشبوونی دەبێت.
2. کاتێک کە کەسێک بەرکەوتنی هەبووە لەگەڵ سەگی توشبوودا جا دەستی بێت یا جلەکانی یا پێڵاو یان هەر پێداویستییەکی تری بێت، یان بە شوێنێکدا ڕۆشتبێت کە سەگی توشبوو پیسایی لێکردبێت، کاتێک دەچێتەوە لای سەگەکەی خۆی دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە.
3. ڤاکسینکردن بە هەڵە یان جۆری خراپی ڤاکسین هەندێکجار دەبنە هۆی تووشبوون بە پارڤۆ.
4. هەندێک جۆری سەگ ئەگەری تووشبوونیان بە پارڤۆ زیاترە وەک (ڕۆتوایلەر، دۆبەرمان، ڕیتریڤەر، جێرمان شیپەرد ، هەسکی و پیتبوول).
سێیهم/ نیشانەکانی ئهم نهخۆشییه چییه؟
سەرەتا نەخۆشییەکە بە بێتاقەتی دەست پێ دەکات و سەگەکەت زۆربەی کاتەکەی خەوتووە و هیچ حەزێکی نامێنێت بۆ خواردن، کە دەست دەبەیت بۆ سکی ئازاری هەیە، پاشان سکچوون دەست پێ دەکات کە بۆنێکی زۆر ناخۆش و دیاری هەیە و زۆربەی کات خوێنی لەگەڵە، لەگەڵ سکچووندا ڕشانەوەشی دەبێت و پلەی گەرمی لەشی زۆر بەرز دەبیتەوە.
ئەمەیش دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی لەشی سەگەکە و زۆربەی کات لە ماوەی 48 - 72 سهعاتدا سەگەکە گیان لەدەست دەدات.
چوارشهم/ چارەسەر ئهم نهخۆشییه چۆن دهكرێت؟
کاتێک کە پزیشکی ڤێتەرنەری دەستنیشانی کرد کە سەگەکەت نەخۆشی پارڤۆی هەیە پێویستە بە زووترین کات دەستبکەیت بە چارەسەرکرد بۆ ئەوەی کە ئەگەری چاکبوونەوەی سەگەکەت زۆرتر بێت، تا ئێسته هیچ دەرمانێک نییە کە ڤایرۆسەکە بکوژێت بەڵام ئەوەی کە پزیشکی ڤێتەرنەری دەیکات تەنیا هاوکاری کۆئەندامی بەرگری سەگەکەت دەکات کە بتوانێت بەسەر ڤایرۆسەکەدا سەربکەوێت و لە رێگەی دەرمانی تایبەتەوە ڕێگە لە سکچوون و ڕشانەوەکەی دەگرێت، زۆرکات لەبەرئەوەی سەگەکەت هیچ خواردن و ئاو ناخوات پێویستە ئاوی بۆ هەڵبواسرێت بۆ ئەوەی لەشی وشک نەبێتەوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش هەندێک کات سەگەکە بەرگەی ناخۆشییەکە ناگرێت و گیان لە دەست دەدات.
پێنجهم/ چۆن سەگەکەت دەپارێزیت لە تووش بوون به نهخۆشى پارڤۆ؟
1. هەموو سەگێک پێویستە لە تەمەنی شهش ونۆ و12 هەفتەیدا کوتانی بۆ بکرێت و بەپێی ڕێنمایی پزیشکی ڤێتەرنەری پابەندبێت بە زنجیرە کوتانی سەگەکەوە تا دەگاتە کوتانی ساڵانە و پاشانیش هەموو ساڵێک کوتانی بۆ بکرێت، وە تا دوو هەفتە پاش کۆتا کووتان بە هیچ جۆرێک تێکەڵی سەگی تر نەبێت.
2. پێویستە توتکە سەگەکەت پێش کوتان نەبەیتە شوێنی قەرەباڵخ یان شوێنێک کە سەگی زۆر لێبێت چونکە زۆربەی ئەو سەگانەی کە چاکیش دەبنەوە لە پارڤۆ ڤایرۆسەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لە لەشیاندا دەمێنێت.
3. کاتیک سەردانی پزیشکی ڤێتەرنەری دەکەیت هەوڵبدە سەگەکەت لە باوەشتبێت و کەمترین کۆنتاکتی لەگەڵ زەویدا هەبێت چونکە نازانیت ئایا پێشتر سەگی نەخۆشی لێبووە یان نا.
4. مەهێڵە سەگەکەت بە هیچ جۆرێک لە پیسایی سەگی تر نزیکبێتەوە لە کاتی یاریکردندا لە پارک و ئەو شوێنانەی سەگی لێبووە.
5. لەکاتی تووشبونی سەگەکەتدا پێویستە بە زوترین کات جیای بکەیتەوە و هیچ بەرکەوتنێکی نەبێت لەگەل سەگی تردا.
6. بۆ پاککردنەوەی شوێن و کەلوپەلەکانی سەگی تووشبوو فاست (قاصر) بەکاربهێنە بە ڕێژەی یهك لیتر بۆ 30 لیتر ئاو و جوان هەموو کەلوپەلەکان بشۆ.
7. کاتێک سەگێکی تازە دەهێنیت پێویستە سەرەتا لە سەگەکانیترتی جیابکەیتەوە و تێکەڵ نەبن، تا هەموو ڤاکسینەکانی تەواو دەبن.
دکتۆرە لاڤین عهبدولوههاب ئەحمەد، پزیشکی ڤێتەرنەری و هەڵگری بڕوانامەی بە کالۆریۆس لە پزیشکی ڤێتەرنەری و نەشتەرگەری گشتیدایه، دەرچووی ساڵی 2014ى زانکۆی سلێمانییه، ئەندامی دامەزرێنەری ڕێکخراوی پاکۆ بۆ پاراستنی ئاژەڵان، یهكێكه له دكتۆره چالاكهكان له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكان.