ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی: پارتی لە به‌غدا تۆڵه‌مان لێ ده‌كاته‌وه‌

:: AM:09:13:06/12/2018 ‌
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای دەكات، پارتی دەیەوێت لە بەغدا تۆڵە له‌ یەكێتیی بكاتەوە ئەوەیش دوای ڕێكنەكەوتنمان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی كانوونی یەكەم، سەعدی پیرە گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە گفتوگۆیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندووە، پارتی پۆستی وەزارەتە ماوەكانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بەپشكی خۆی نازانێت، بەڵكو "موخالیفە" بدرێتە یەكێتی، ئەم قسەیەیان لە بەغدا پێ گوتووین پارتی ڕێگرە، ئیتر بۆی گرنگ نییە ئەو پۆستە بدرێتە گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ یا هەر لایەنێكی سیاسی تر، تەنیا یەكێتی نەبێت.

گوتەبێژی یەكێتی گوتی، بۆیە پێویستە هەرچی زووە كۆتایی بێت ئەم بابەتە لە نێوان پارتی و یەكێتی، خۆ كۆتایی دنیا نییە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ئێمە و پارتی دنیایەك شتمان لە داهاتوو ماوە كە پێكەوە بیكەن، لە بەغداش پێیان وایە دۆخێكی نادروست هەیە لە نێوان پارتی و یەكێتی پێویستە چارەسەری بكەین، پارتی دەیەوێ تۆڵە لە یەكێتی بكاتەوە و هیچ وەزارەتێكی نەبێت.

ئاشكرای كردووە، بە عادل عەبدولمەهدیمان گوتووە ئەوە پارتی وایە، ئەی تۆ بۆچی بۆچوونت وایە؟ بەڕاستی پێمان وایە ئەگەر عادل عەبدولمەهدی بەم شێوەیە كار بكات زیان دەكات، عادل عەبدولمەهدی زۆر"ملكەچ"ە بۆ فەرمانی لایەنە سیاسییەكان، چونكە خۆی لەناو پەرلەمان كەسی نییە و هیچ حزبێكی نییە، بووە بە "گوریس كێشكانە" لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا، هەر نەپچڕیت باشە.

ئەو گوتانەی یەكێتی لە كاتێكدایە لەو هەفتەیە عادل عەبدولمەهدی ناوی هەشت كاندیدی پێشكەشی پەرلەمانی عێراق كرد هیچ كاندیدێكی یەكێتی تێدا نەبوو، ئەمڕۆ جارێكی تر پەرلەمان بۆ متمانەدان بەو كاندیدانە كۆ دەبێتەوە.



وشە - رامیار جەواد