عەبدولمەهدی پشت لە سەدر دەكات و بەلای عامری دەیشكێنێتەوە

:: AM:10:04:06/12/2018 ‌

دۆسیەی هەشت وەزارەتەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا،  هەڕەشەكانی سەدر لە شەقام گرتن لە حكوومەت دۆخەكەی هێندەی تر ئاڵۆز كردووە، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی چاكسازی دەڵێ پێداگیری عەبدولمەهدی لە كاندیدكردنەوەی فەیاز نیشانەی پرسیاری دەخاتەسەر بەوەی پشتی لە سەدر كردووە و بەلای عامری شكاندوویەتییەوە.

چاوەڕوان دەكرا لە كارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، جارێكی تر دۆسەی هەشت وەزیرەكە بخرێتەڕوو، بەڵام بەگوێرەی بەیاننامەی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان بێت لە دانیشتنی ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، تاوتوێكردنی هەشت وەزیرە ماوەكەی كابینەكەی  عەبدولمەهدی باسی لێوە ناكرێت.

بەدر زیادی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی چاكسازی ئاشكرای دەكات كە فالح فەیاز لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەپێنراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆ.

ئەو پەرلەمانتارە روونی دەكاتەوە كە پێداگیری عەبدولمەهدی لە كاندیدكردنەوەی فەیاز ئەوە دەردەخات كە بەلای هاوپەیمانی بنیادنانەوە چووە دژ بە هاوپەیمانی چاكسازی كە موقتەدا سەدر ناوبراوی كاندید كردووە.

"عەبدولمەهدی پێداگیرە لەسەر كاندیدكردنەوەی ئەو كەسانەی پێشتر كە لە پەرلەمان متمانەیان پێ نەدراوە و لەلایەن هاوپەیمانی چاكسازیش رەت كراونەتەوە، ئەو پێداگیرییە بەڵگەی ئەوەیە كە پشتی لە هاوپەیمانی چاكسازی كردووە و بەرەو رووی هاوپەیمانی بنیادنانەوە چووە". بەدر وا دەڵێت، ئەوەشی خستەڕوو كە هاوپەیمانی چاكسازی هەڵوێستی نەگۆڕە لەسەر تێ نەپەڕاندانی ئەو كاندیدیانە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری.

گوتی "پێداگیری عەبدولمەهدی لەسەر فەیاز نیشانەی پرسیاری دەخاتە سەر".

جێی باسە فالح فەیاز سەركردەی هاوپەیمانی نەسڕ بوو بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بوو، دوای كشانەوەی خۆی و لیستەكەی لە هاوپەیمانی نەسڕ، عەبادی لە پۆستەكەی دووری خستەوە.

فەیاز بە مەرجی وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ چووەتە ریزی هاوپەیمانی بنیادنانەوە كە عامری سەركردایەتی دەكات، ئەمەش وایكردووە جۆرێك لە دژایەتی لە نێوان هەردوو لیست هەبێت لەسەر كاندیدكردنی، تەنانەت هاتنە سەر خەتی ئێران بۆ پشتگیری لە فەیاز هێندەی تر ناكۆكییەكانی نێوان چاكسازی و بنیادنانەوەی قووڵتر كردووەتەوە و بووەتە گەورەترین لەمپەر لەبەردەم تەواوكردنی كابینەكەی عەبدولمەهدی و بووەتە هەڕەشەیەكی رژد و بەردەوام بوونی ئەگەری هەڵوەشانەوەی حكوومەتی لێ دەكرێت.

هەر پێوەند بەو پرسە هاوپەیمانی چاكسازی هەڕەشەی خۆپێشاندانی گەورە و بەرفراوان دەكەن، موقتەدا سەدر رای گەیاند كە شەقام لە حكوومەت دەگرن.

جێی بیرخستنەوەیە كابینەكەی عەبدولمەهدی لە 24ی ئۆكتۆبەر لەلایەن پەرلەمانەوە متمانە بە 14 وەزیری دراوە، هەشت وەزارەت هێشتا بێ وەزیرن و بەهۆی ناكۆكی سیاسی پەكی كەوتووە.




وشە - فه‌رمان سادق