لە سۆران ژمارەیەك فەرمانبەری حكوومەت دەركران

:: PM:02:01:06/12/2018 ‌

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران ژمارەیەك كارمەندی پۆلیس بەهۆی كاری نایاسایی و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی، لە كارەكانیان دوور خراونەتەوە .

 ئەمڕۆ پێنجشەم، رائید سەعدوون هاودیانی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە "وشە "ی راگەیاند، ماوەیەك بەر لە ئێستە هەشت كارمەندی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەیان لە لایەن تیمەكانی ئاسایشی سۆران بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی هاووڵاتییان بۆ دەرەوەی هەرێم، گیران و لە دادگا ددانیان بە تاوانەكانیان ناوە . 

بەپێی مادەی ژمارە 45 هەر كارمەند و پۆلیسێك دەستی هەبێت لە بەقاچاخبردنی هاووڵاتییان و مادەی هۆشبەر بۆ دەرەوەی وڵات لەبەر زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی لە راژە دەردەكرێن، دوای پێكهێنانی ئەنجوومەنی لێكۆڵینەوە وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری دا بە دەركردنی ئەو كارمەندانە و دوورخستنەوەیان لە ئەرك .

عەمید عیماد رێكانی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران بە " وشە "ی راگەیاند، "چوار لە كارمەندەكانی سنووری ئێمە هەڵساون بە كارێكی نایاسایی و  دژی مرۆڤایەتی، ئەویش بازرگانیكردن بەمرۆڤ و بەقاچاخبردنیان بووە بۆ دەرەوەی ولات كە بەهۆیەوە ژمارەیەك لەو هاووڵاتییانە لە ماوەی رابردوو لە سەرسنوور لە سەرما گیانیان لە دەست داوە"
 
بەهیچ شێوەیەك نابێت كارمەندی حكوومەت بەتایبەت دەزگای تەناهی ئەو كارە نایاساییانە ئەنجام بدەن و ناكرێت ببنە بەشێك لەو تاوانانەی بەرانبەر بە حكوومەت و بەرژەوەندی گشتی ئەنجام دەدرێت، ئەوانە دوای گرتنیان لە لایەن ئاسایش، ددانیان بە تاوانەكانیان ناوە و ئەنجوومەنی لێكۆڵینەوەیان لەسەر پێكهاتووە، دواجار بڕیار درا بە دەكردن لە راژە "
.
بەپێی زانیارییەكانی " وشە " ئەو پۆلیسانەی كاری نایاساییان لە دەڤەری سۆران كردووە، ژمارەیان  15  كەسە و لێكۆڵینەوەی هەشت لەوانە تەواو بووە كە بڕیاری دەركردنیان بۆ دەرچووە و ئەوانی تریش لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت . 

دەركردنی كارمەندانی پۆلیس و دوورخستنەوەیان لە كارەكانیان لە كاتێكدایە ئەو كەسانەی بە قاچاخ گەیشتوونەتە یۆنان، لە حكوومەتی ئەو وڵاتە سكاڵایان كردووە لەسەر ئەوەی ژمارەیەك پۆلیس و دەزگا تەناهییەكانی حكوومەتی هەرێم ئەوانیان بە قاچاخ و بڕە پارەیەكی زۆر گەیاندووەتە سەر سنووری توركیا و یۆنان، بۆ سزادانی ئەو كارە و بنبڕكردنی كاری نایاسایی و بەقاچاخبردنی هاووڵاتییان، بڕیاری دوورخستنەوەی ژمارەیەك كارمەندی پۆلیسی داودەزگاكانی سۆران دەركراوە  . 

سۆران /موڕشید برادۆستی



وشە - سلێمان تاشان