پارێزگارى شه‌رعیی كه‌ركووك ڕاى گه‌یاند، ئه‌گه‌ر له پردێ و هه‌ندێك ناوچه‌ی تر به‌رگری نه‌كرابووایه ئێسته كوردستان هه‌مووی داگیر ده‌كرا، ئه‌وه‌یش به‌هۆى پیلانی ئه‌وانه‌ى كه له‌گه‌ڵ ملیشیاكانى حه‌شدی شه‌عبی ڕێككه‌وتبوون و خیانه‌تیان له كوردستان كرد.
ئه‌و قسانه‌ى د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگارى شه‌رعیی كه‌ركووك له‌میانه‌ى به‌رێوه‌چوونى پانێڵێك هات كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕۆشنبیریی و هونه‌ری مێرگه‌سۆر و سه‌نته‌ری ڕۆشنبیریی مێرگه‌سۆر له‌چوار چێوه‌ى كاره‌كانى ساڵى چواره‌مى دیداری مێرگه‌سۆری ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م سازیان كرد.
له سه‌ره‌تای پانێڵه‌كه‌دا د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری شه‌رعیی كه‌ركووك گوتى، كوردستان كه لكێنرا به عێراقه‌وه به مه‌رج لكێنرا، ئه‌وه‌یش بۆ ئه‌وه‌ى كورد و عه‌ره‌ب شه‌ریك بن له‌و عێراقه‌دا ئه‌گینا كورد خاوه‌نی زمان و كولتووری خۆیه‌تی. ئه‌و گوتى، له دوای ساڵی 2003 كورد به‌هێزه‌وه له عێراق به‌شدار بوو، ده‌ستوور نووسرایه‌وه، ده‌یویست له ڕێى ده‌ستووره‌وه به مافه ڕه‌واكانی خۆی بگات، هه‌رچه‌نده حكوومه‌تى عێراق هیچ كاتێك نه‌یویستووه ماده‌كانى ده‌ستوور و به‌تایبه‌ت ماده‌ى 140 جێبه‌جێ بكرێت.
له‌باره‌ى ڕه‌وشى كه‌ركووك له پێش خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017 و هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى كه‌ركووك بۆ سه‌ر كوردستان به فه‌رمى، د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم گوتى، كاتێك كه سه‌رۆك بارزانی هاته كه‌ركووك گوتی كه‌ركووك شارێكی كوردستانییه و ده‌بێ خه‌ڵكی كه‌ركووك بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كه‌ركووك داگیر كراوه، ئه‌گه‌ر له پردێ و هه‌ندێك ناوچه‌ی تر به‌رگری نه‌كرابووایه، ئێسته كوردستان هه‌مووی داگیر ده‌كرا ئه‌وه‌ش پلانی ئه‌وانه بوو كه له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی ڕێككه‌وتبوون و خیانه‌تیان كرد.
" دوای ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆى كوردستان مه‌ترسیی زۆر له‌سه‌ر هه‌رێمی كورستان هه‌بوو، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تیی كورد به تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانی و پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان توانییان به‌ره‌نگاری ئه‌و هێرشه توند و سه‌خته‌ی كه حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق كردیانه سه‌ر هه‌رێمی كورستان له مووسڵ و پردێ ببنه‌وه، ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێم بپارێزرێت". د. نه‌جمه‌دین واى گوت.
پارێزگارى شه‌رعیی كه‌ركووك دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه له‌كاتى خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017 پیلان هه‌بوو جیا له كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، هه‌رێمی كوردستانیش داگیر بكرێت.
وه‌ك ئه‌وه‌ى پارێزگارى شه‌رعیی كه‌ركووك ده‌ڵێت، خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر وای كرد كه 50%ی خاكی كوردستان له ده‌ست بده‌ین، ئێسته له كه‌ركووك ته‌عریب به‌رده‌وامه، هه‌ندێك حزب و لایه‌ن باره‌گایان له كه‌ركووك هه‌یه، به‌ڵام سه‌رشۆڕن و هیچیان پێ ناكرێت و ڕۆژێك دێت خه‌ڵكی كه‌ركووك سزایان ده‌دات، ده‌بێ له كوردستان به‌هێز بین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له مافه ده‌ستوورییه‌كان بكه‌ین و كه‌س جارێكی تر نه‌توانێت ده‌ست بۆ هه‌رێم درێژ بكات.
د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگارى شه‌رعیی كه‌ركووكه و ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانه، دواى خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017 به‌هۆى مه‌ترسیی له‌سه‌ر ژیانى نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ كه‌ركووك و به‌شداریش له كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى ناكات. ئه‌و پێشتر ڕۆڵى زۆرى له هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌سه‌ر داوده‌زگاكانى حكوومه‌ت له كه‌ركووك هه‌بووه، هاوكات یه‌كێك بوو له‌وانه‌ى كه پشتگیرى سه‌رخستنى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆى كوردستانى كردووه كه له 25ى ئه‌یلوولى ساڵى 2017 ئه‌نجامدرا و 93% خه‌ڵكى كوردستان داوى جیابوونه‌وه‌یان له عێراق كرد، به‌ڵام دواتر به‌هۆى خیانه‌تى گرووپێكى ناو یه‌كێتى ده‌ستكه‌وته‌كان له‌ناو بران.
كه‌ركووك له 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017 له‌لایه‌ن میلیشاكانى حه‌شدى شه‌عبى داگیركرا ئه‌وه‌یش دواى ئه‌وه‌ى گرووپێكى خیانه‌تكارى ناو یه‌كێتى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى به‌غدا ڕێككه‌وتن و خیانه‌تیان له كوردستان كرد، گرووپه خیانه‌تكاره‌كه له‌پێناو ده‌ستكه‌وتى تایبه‌تى خۆیان و دزینى نه‌وتى كه‌ركووك ئه‌و خیانه‌ته‌یان ئه‌نجامدا و تا ئێسته كه‌ركووك به داگیر كراوى ماوه‌ته‌وه.
له‌وكاته‌وه‌ى تا ئێسته به سه‌تان خێزانى كورد له كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان ئاواره بوون و میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبیش سه‌ربارى دزینى نه‌وتى ئه‌و سنووره به‌رده‌وامن له ئه‌نجامدانى پێشێلكارى و جێگیركردنى سه‌تان خێزانى عه‌ره‌ب له شوێنى خێزانه كورده‌كان كه ئه‌وه‌یش جارێكى تر گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ته‌عریبه له ناوچه‌كه‌دا.