ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان ئاشكرا كرا.. ڕێككەوتن

:: PM:03:33:12/12/2018 ‌
كۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات و ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە كە تیایدا دووپات لەسەر توندكردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم لە هەولێر مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە و پرسی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستانیان تاوتوێ‌ كرد، هاوكات ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە.

لە خاڵی یەكەمی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، توندوتۆڵكردنەوەی پێوەندییە دووقۆڵییەكان و ڕێكخستنەوەیان بە گوێرەی قۆناغەكە، هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی كوردستان و پێوەندییە دیپلۆماسییەكان، هەروەها پێوەندی لەگەڵ حكوومەتی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر كە بەشێوەیەكی گشتی ئەم پێوەندییە دووقۆڵییە لە خزمەت پێشكەوتن و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتماندا بێت.

لە خاڵی دووەمی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، پێكەوە هەوڵی دروستكردنی یەكگوتاریی كوردستان بدرێت بۆ ئەو بابەتانەی پێوەندییان بە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكانەوە هەیە، چارەسەری دۆخی ئێستە بكرێ بە شێوەیەك لەگەڵ دەستوور بگونجێ و مافی هەموو لایەك پارێزراو بێت.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەیشدا لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و ئۆرگانەكانی تر تیایدا هاتووە، گفتوگۆ كراوە و بیروڕا گۆڕایەوە و هەردوولا لەسەر ئەوە كۆك بوون كە قۆناغەكە و هەلومەرجەكە یەكڕیزی و مشوورخۆریی هەموو لایەكی پێویستە و دەبێت‌ بە ئاراستەی ڕژدی بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵكی كوردستان و ڕیفۆرمی پێویست لە بوارە جیاجیاكاندا بۆ دابینكردنی زیاتری سەقامگیری و دڵنیایی و بەهێزبوونی هەرێم بۆ بەرگەگرتنی تەحەدییەكان، هەنگاوی گونجاو هەڵێنرێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم