هەنگاوەكانی تەواوكردنی حكوومەتی نوێی عێراق تاوتوێ‌ كرا

:: PM:02:55:15/12/2018 ‌
ئەمڕۆ شەموو لە سەڵاحەدین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە نوێنەرانی پارێزگاكانی ناوەند و ڕۆژئاوای عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی سەرۆك بارزانی، لە دیدارەكەدا كە فازڵ میرانی سكرتێر و مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، دوایین پەرەسەندنەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی تەواوكردنی حكوومەتی تازەی عێراق و تەحەدیات و كێشەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا.

لەو كۆبوونەوەیەدا دووپات لەوە كرایەوە كە دواكەوتنی تەواوكردنی كابینەی وزاریی تازەی عێراق كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە و عێراق ڕووبەڕووی ئەگەری نادیار دەكاتەوە. هەروەها دووپات لەسەر پابەندبوون بە پڕەنسیپی پارسەنگی لە دامەزراوەكانی حوكمڕانێتی و كەرتی تەناهیی و سەربازی كرایەوە.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەكانی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چارەسەركردنی كێشەكان و خێراتركردنی پرۆسەی سیاسیی عێراق ڕاگەیاند. هەروەها باسی لەوە كرد كە لەدوای 2003 پرۆسەی سیاسیی ئێستە، باشترین دەرفەت بووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بنیاتنانی متمانەی نێوان لایەنەكان.

بارودۆخی تەناهیی و ئیداریی پارێزگای نەینەوا و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكانی ئەو پارێزگایە تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم