یەكێتی ئەوروپا: ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا ناسەقامگیری سووریا زیاتر دەكات

:: PM:09:10:15/12/2018 ‌


دوای هەڕەشەكانی دوایی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەوەی لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو دەست بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا دەكەن، یەكێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆی لەو راگەیاندنەی توركیا پێشان دا.

فیدریكا مۆگرینی، كۆمسیاری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانی ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، توركیا هاوبەشێكی سەرەكی برووكسڵە و یاریكەرێكی گرنگیشە لە تەنگژەی سووریا و ناوچەكە بە گشتی.

زیاتر گوتی، یەكێتی ئەوروپا هەوڵ دەدات بۆ دانانی سنوورێك بۆ توندوتیژی و نەهێشتنی تیرۆر و بەشداریكردن لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی سووریا و ناوچەكە بە گشتی، بۆیە پێشبینی لە دەسەڵاتدارانی توركیا دەكەین كە هەنگاوی تاكلایەنە لەو بارەوە ناوێن، كە رەنگە هەوڵەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی رێكخراوی داعش لەناو ببات و هەڕەشەی زیاتر لە سەقامگیری سووریا بكات.

ئەمڕۆ شەموو سیپان حەمۆ، فەرماندەی یەپەگە بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی سعوودی راگەیاندووە كە توركیا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ لەناوبردنی دەستكەوتەكانی كورد كە هێزی لەسەر سنوور كۆ كردووەتەوە و دەستی بە بۆردمانكردنی خاكی سووریا كردووە.

ئەو فەرماندە دووپاتی كردەوە كە پاساوەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا دروست نین و هەوڵێكن بۆ داگیركردنی خاكی سووریا و سەپاندنی واقیعێكی نوێ لەسەر زەوی و دواتر كردنی بە چارەسەرێكی سیاسیانە.

بەمدواییە سەرۆكی توركیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی هێزەكانی لەسەر سنووری سووریا كۆ كردووەتەوە و لە ماوەی چەند رۆژێكی تر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە دژی شەڕوانانی كورد لە رۆژهەڵاتی فورات دەست پێ دەكات.



 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل