لە 68 ساڵدا 463 كودەتا رووی داوە.. 2018 تاكە ساڵە كە كودەتای سەربازی بەخۆیەوە نەدیوە

:: PM:03:10:16/12/2018 ‌

دنیا نزیك دەبێتەوە لە بەڕێكردنی ساڵێكی بێ كودەتای سەربازی، یان بێ هەوڵێك بۆ كودەتا، بەمەش دەبێتە دووەمین ساڵ لە 100 ساڵی رابردوودا كە كودەتا بەخۆیەوە نەبینێت. لە ماوەی 68 ساڵی رابردوودا تا ئێستە 463 كودەتا كراوە و دوایەمینی لە تشرینی دووەمی 2017 بوو دژ بە دەسەڵاتی موگابی لە زیمبابۆی.

ماڵپەڕی "بزنس ئینسایدەر"ی  ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە ساڵی 2018 بە ساڵێكی جێگیر دادەنرێت لە رووی ئەنجام نەدانی كودەتای سەربازی، یان هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی كودەتای سەربازی، ئەمەشی بە خاڵێك داناوە كە دنیا بە جۆرێك لە جۆرەكان جێگیر بووە.

نیوەی یەكەمی مانگی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، تێپەڕی و دنیا لەناو نیوەی دووەمدایە كە تەنیا 15 رۆژ ماوە بۆ دەربڕینی شادی و ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ساڵی نوێ، ئەگەر لەم چەند رۆژەی ماوە هیچ كودەتایەكی سەربازی یان هەوڵدان بۆ كودەتا روو نەدات، ئەوا ساڵی 2018 دەبێتە دووەمین ساڵ لە 100 ساڵی رابردوودا كە كودەتای سەربازی بەخۆیەوە نەبینێت.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، دوا كودەتای سەربازی كە دنیا بەخۆیەوە دیویەتی، ئەوەی زیمبابۆی بوو دژ بە دەسەڵاتی رۆبەرت موگابی لە مانگی تشرینی دووەمی 2017 كە بەهۆیەوە لە دەسەڵات دوور خرایەوە.

 موگابی لەو كاتەی لە هەڵبژاردنی پێنجەمی سەرۆكایەتیدا بەرانبەر بە ركابەرەكەی دۆڕاندنی، ویستی بە زەبری هێز ئەنجامەكە قبووڵ نەكات و لە دەسەڵات بمێنێتەوە، بەڵام ئەنجامی هەوڵەكەی پێچەوانە كەوتەوە و كودەتای سەربازی دژ بە دەسەڵاتەكەی ئەنجام درا و وڵاتی جێهێشت.

بەپێی پۆلینێك كە كراوە و ماڵپەڕەكە بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە لە ساڵی 1950، واتە لە 68 ساڵی رابردوودا تا ئێستە 463 كودەتای سەربازی لە ئاستی دنیادا ئەنجام دراوە، واتە لە هەر ساڵێكدا نزیكەی حەوت كودەتا رووی داوە. لەم ژمارەیەدا، 233 كودەتا سەركەوتوو بووە و كودەتاچییەكان بەهۆیەوە گەیشتوونەتە دەسەڵات و لە زۆرینەی كودەتاكانیش شەڕی ناوخۆی لێ كەوتووەتەوە و گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە پەكی كەوتووە.

بەپێی توێژینەوەیەكی "O.A.F. Research " كە دامەزراوەیەكە سەر بە دەزگای " One Earth Future"ی ئەمەریكییە، ئەوا یەك لەسەر چواری وڵاتانی دنیا لە 1950 تا 2017 كودەتا یان هەوڵی كودەتای بەخۆیەوە دیوە، تەنیا ئەمساڵ نەبێت كە تا ئێستە هیچ كودەتایەك لە دنیادا رووی نەداوە.

لە كیشوەری ئەمەریكای لاتین زۆرترین كودەتای سەربازی رووی داوە، لە ماوەی 67 ساڵی رابردوودا تا ئێستە، واتە 1950 تا 2017 بەگوێرەی ئامارەكان 142 كودەتا و هەوڵی كودەتا روویان داوە. مانوێل زیلیا دوا سەرۆكی هیندۆراسە كە وڵاتێكە لە كیشوەری ئەمەریكای لاتین لە ساڵی 2009 بە كودەتای سەربازی لە دەسەڵات دوور خراوەتەوە.

هەرچی لە كیشوەری ئاسیایە تەنیا لە 18 ساڵی رابردوودا 62 هەوڵی كودەتا و كودەتای سەربازی رووی داوە، لە كیشوەری ئەفریقاش بەپێی توێژینەوەكە هەموو ساڵێك دوو هەوڵی كودەتا هەبووە، تەنانەت لە 12 وڵاتی ئەفریقی ساڵانە زیاتر لە كودەتایەك یان هەوڵێكی كودەتای سەربازی رووی داوە كە زۆرترینیان لە وڵاتانی بۆركینا فاسۆ و گینیا بیساو بووە.

لە ساڵی 1950 تا 2017، ئەوا ساڵی 1965 ئەو ساڵەیە كە زۆرترین كودەتای سەربازی تێیدا رووی داوە، لە كۆی 19 هەوڵی كودەتا 12یان سەركەوتوو بووە، بە دوای ئەویشدا ساڵی 1963 و 1975 دێت كە 16 هەوڵی كودەتا هەبووە، لە ریزبەندی سێیەمیش دیسان ساڵی 1965 دێت كە 15 هەوڵی كودەتای سەربازی تۆمار كراوە.
 
لە بەرانبەر ئەو ساڵانەی زۆرترین هەوڵی كودەتا هەبووە، ئەوا ساڵانی 2017 و 2016 و 2013 و 1998 ئەو ساڵانەن كە تەنیا یەك كودەتای سەربازی تێیدا رووی داوە، لە 2017 لە زیمبابۆی و 2016 لە توركیا بوو.

لە عێراق، یەكەم كودەتای سەربازی كە سوپا تێیدا بەشداری كردبێت ساڵی 1936 بووە كە فەریق بەكر سدقی سەركردەی فرقەی دووەمی سوپا ئەنجامی دا،  هاوكات لە 14ی تەمووزی 1958یش عەبدولكەریم قاسم كودەتای بەسەر سیستەمی پادشایەتی كرد و پاشان بە شۆڕشی جووڵانەوەی تەمووز ناسێنرا. 

ساڵی 1963 كودەتایەكی تر كە سوپا تێیدا بەشداری كرد دژ بە حكوومەتی عەبدولكەریم قاسم ئەنجام درا و قاسمیان كوشت و عەبدولسەلام عارف بوو بە سەرۆك كۆماری عێراق، پاشانیش ئەو لە ساڵی 1967 لە بەسڕە هەلیكۆپتەرەكەی تێكشكا و مرد كە تا ئێستە روون نەبووەتەوە كە كودەتای سەربازی بووە یان هەوڵێكی سیخوڕی بووە دژ بە حكوومەتەكەی عەبدولسەلام كەدواتر عەبدولڕەحمان عارفی برای جێی گرتەوە و حزبی بەعس وردە وردە پێگەی خۆی لە دەسەڵات جێگیر كرد تا ساڵی 1979 كە بە یەكجاری سەدام حوسێن بوو بە سەرۆك كۆماری عێراق پاش ئەوەی ئەحمەد حەسەن بەكر لە ژێر گوشاری سەدام وازی هێنا.

پۆلینی هەوڵی كودەتا لە 2000 تا 2018
ساڵی 2000، هەشت هەوڵی كودەتا هەبووە بەڵام تەنیا یەكێكیان سەركەوتوو بووە ئەویش لە وڵاتی كۆتدیڤوار،  ساڵی 2001 چوار هەوڵی كودەتا هەبووە، لە 2002 دوو هەوڵ هەبووە، لە 2003 سێ كودەتا روویان داوە و یەك هەوڵیش هەبووە كە شكستی خواردووە، لە 2004 دوو هەوڵ هەبووە، لە 2005 دوو كودەتای سەربازی روویان داوە، لە 2006 كودەتایەكی سەربازی و سێ هەوڵ تۆمار كراون، لە 2007 هیچ هەوڵێكی كودەتا تۆمار نەكراوە، لە 2008 دوو كودەتای سەربازی و هەوڵێك هەبووە، لە 2009 دوو كودەتای سەربازی روویان داوە، لە 2010 كودەتایەك و دوو هەوڵ هەبوون، لە 2011 كودەتایەك و یەك هەوڵ تۆمار كراوە، لە 2012 سێ كودەتا و سێ هەوڵی كودەتاش هەبووە، لە 2013 كودەتایەكی سەربازی رووی داوە، لە 2014 سێ كودەتا و هەوڵێك هەبووە، لە 2015 دوو كودەتا روویان داوە، لە 2016 هەوڵێكی كودەتا هەبوو لە توركیا كە شكستی خوارد، لە 2017 یەك كودەتای سەربازی لە زیمبابۆی ئەنجام درا دژ بە دەسەڵاتی موگابی. 



وشە - فه‌رمان سادق