ئەڵمانیا پێشبینی دەكات ڕێژەی پەناخوازان لە وڵاتەكەی كەم بێتەوە

:: PM:08:51:16/12/2018 ‌
ئەڵمانیا پێشبینی دەكات ساڵی داهاتوو رێژەی داواكاری پەناخوازی كەم ببێتەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2018 نزیك بە 200 هەزار داواكاری بوو.

حكوومەتی ئەڵمانیا رای گەیاند، بەگوێرەی پێشبینییەكانی بۆ ساڵی 2019، چاوەڕوان دەكرێت رێژەی داواكاری پەناخوازی بە رێژەی 16% كەم ببێتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەت بۆ ئەمساڵ پێشبینی كرد بوو رێژەی داواكاری پەناخوازی بگاتە 220 هەزار كەس بە بەراورد كردن بە ساڵی 2017 كە 197 و 317 كەس داواكاری پەناخوازی پێشكەش بە حكوومەتی بەرلین كرد بوو.

بەگوێرەی زانیارییەكان بۆ ئەمساڵ ژمارەی ئەو كەسانەی بۆ یەكەمجار داوای پەناخوازییان لە حكوومەتی بەرلین كردووە گەیشتووەتە 166 هەزار داواكاری، بەمەیش بە بەراورد بە ساڵی 2017 رێژەكە بۆ 16% دابەزیوە.

گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا كە قسەی بۆ ئاژانسی ئەڵمانی "دی بی ئێف" كردووە، ئەمڕۆ یەكشەم 16ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، رای گەیاند لە 2018 نزیك بە 20 هەزار پەناخواز كە روویان لە ئەڵمانیا كردووە، ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە، ئەوەشی خستەڕوو سیستەمی داواكاری پەناخوازی لە وڵاتانی هۆڵەندا و سویسڕا زۆر گونجاوە بۆ ئەڵمانیا.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی "بێڵد زونتاگ"ی ئەڵمانی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا، ئاشكرای كردووە كە 30 هەزار مناڵ كە تەمەنیان لە ساڵێك كەمترە لە ئەڵمانیا لە دایك بوونە و داواكاری ئەوانیش بۆ وەرگرتنی پەناخوازی لەگەڵ باوانیان تۆمار كراوە.

بەپێی ئامارەكان بێت ئەوا 2018 بە بەراورد بە 2017 داواكاری پەناخوازی بەرێژەی 16% كەمی كردووە، چاوەڕوان دەكرێت بۆ 2019 بە هەمان رێژە داواكاری كەم بكات.

ئەمە لە كاتێكدایە بە پێی ئامارە فەرمییەكان ئەمساڵ 38 هەزار و 500 كەس مافی پەنابەرێتیان لە ئەڵمانیا وەرگرتووە، هاوكات ئەڵمانیا پێشوازی لە 46 هەزار پەناخواز كردووە بەهۆكاری مرۆیی، لە بەرانبەردا 26 هەزار و 500 پەناخواز ئەڵمانیایان جێهێشتووە بەهۆی ئەوەی مافی پەنابەرێتییان پێ نەدراوە و 18 هەزار و 500 پەناخوازی تریش گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان دوای ئەوەی بێ هیوا بوون لە وەرگرتنی مافی پەنارێتی.



وشە - فه‌رمان سادق