عێراق 105 مامۆستا و فەرمانبەری كورد بۆ خورماتوو دادەمەزرێنێ

:: AM:11:42:14/10/2016 ‌

بەرپرسێكی كورد لە پەروەردەی خورماتوو دامەزراندنی زیاتر لە 100 مامۆستا و فەرمانبەری كورد لە شارۆكەی خورماتوو رادەگەیەنێ و بەرێوەبەری پەروەردەش باس لە گرنگی هەر هەلێكی دامەزراندن دەكا بۆ بەهێزكردنی پێگەی خوێندنی كوردی لە ناوچەكە.
 
تاریق ئەحمەد، بەرێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی خورماتوو بە " وشە"ی راگەیاند، لەسەر داوای ئێمە و پێشنیازی سیروان عەبدوڵا پەرلەمانتاری لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ناوەند هەفتەی پێشتر رەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2016 – 2017 كە 105 مامۆستا و فەرمانبەر بۆ سنووری پەروەردەی شارۆكەی خورماتوو دامەزرێنێ.

زیاتر گوتی، دەرچووانی كۆلیژەكانی پەروەردە و پەیمانگەكان بۆ مامۆستایی و دەرچووانی ئامادەیش داواكاری پێشكەش دەكەن بۆ ئەو دامەزراندنە، بۆئەوەش ناوەكان بەرز دەكرێتەوە بۆ پەروەردەی پارێزگای سەڵاحەدین.

ئەو بەرپرسەی خوێندنی كوردی راشی گەیاند كە ئەو هەلە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی كورد دەبێت بۆ بە برەودان بە خوێندنی كوردی لە ناوچەكە.
  
لای خۆیەوە نەجم هاشم، بەرێوەبەری پەروەردەی شارۆكەی خورماتوو بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆكاری خراپیی دۆخی تەناهی و مەترسی لەسەر كوردان دەیان ماڵباتی كورد شارۆكەی خورماتوویان بەجێ هێشت و روویان لە ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان  كرد، ئەو ماڵباتانەش بێگومان دەیان مامۆستای تێدابووە كە ناوچەكەیان بەجێ هێشتووە.

روونی كردەوە، زیاتر لە 10 قوتابخانەی كوردی لە ناوچەكە جگە لە وەی 3 دەوامی تێدا دەكرێت گرفتی نەبوونی مامۆستایان هەیە، سەرباری ئەوەی 4 قوتابخانە پێش هاتنی داعش بەمەبەستی نۆژەنكردنەوە روخێنران و پاشتر بەهۆی تەنگژەی داراییەوە نۆژەن نەكراونەتەوە.

شارۆكەی خورماتوو، تا ساڵی 1976 لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای كەركووك بوو، پاشتر رژێمی رووخاوی بەعس خستییە سەر پارێزگای سەڵاحەدین و بەناوچەیەكی ستراتیجی دێتە ئەژمار و دەكەوێتە چەقی نێوان هەولێر و بەغدا.

وشە / گەرمیان – سەبری هۆرینی 
پێداچوونەوە-مەحموود ئیسماعیل



وشە - باز ئه‌حمه‌د