شه‌وی ڕابردوو جینین هینیس بلاسخارت گه‌یشته فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا و به فه‌رمی ئه‌مڕۆ له شوێنی یان كۆبیش نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری پێشووی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ست به‌كار ده‌بێ، ئه‌و به ژنێكی سه‌ركه‌وتوو داده‌نرێ و له ماوه‌ی 20 ساڵی ڕابردوو چه‌ندان جار هه‌ڵبژاردنی بردووه‌ته‌وه، هاوكات وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌كه‌ی بووه و زۆر له دۆخی عێراق شاره‌زایه، به‌هۆی به‌شداری وڵاته‌كه‌ی له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش له عێراق و سووریا.
جینین هینیس بلاسخارت له حه‌وتی نیسان/ئه‌پریلی 1973 له هیرلینی هۆڵه‌ندا له دایك بووه و قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی له كۆلێژی سانت ئه‌نتۆی له گودا خوێندووه و دواتریش ئه‌كادیمیای سكرتاریه‌تی ئه‌وروپای له ئۆترێخت ته‌واو كردووه، هاوسه‌رگیری كردووه و خاوه‌نی منداڵێكه و جیابووه‌ته‌وه، له هێزی شاهانه‌ی هۆله‌ندا پله‌ی فه‌رمانده‌ی هه‌بووه، ئه‌ندامی پارتی گه‌ل بۆ ئازادی و دیموكراسی بووه و له 2004 وه‌ك ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا هه‌ڵبژاردراوه و له 2009 جارێكی تر بووه‌ته ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، دواتر له 2010 بووه‌ته ئه‌ندامی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی و ده‌ستی له په‌رله‌مانتاری ئه‌وروپا كێشایه‌وه.
له دوای هه‌ڵبژاردنی پێنجی تشرینی دووه‌م/نۆڤێبمه‌ری 2012 و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ له وڵاته‌كه‌ی، وه‌ك وه‌زیری به‌رگری
هۆله‌ندا تا 2017 خزمه‌تی كردووه، دواتر جارێكی تر وه‌ك په‌رله‌مانتاری وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه و دواجار ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرش وه‌ك نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی خۆی و سه‌رۆكی تیمی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستنیشانی كردووه.
له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ئه‌ندامی لیژنه‌ی گواستنه‌وه و گه‌شتیاری بووه و له 2005 راپۆرتێكی وردی پێشكه‌ش به په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی كرد له‌باره‌ی سه‌لامه‌تی فڕۆكه‌خانه‌كان و چۆنیه‌تیی توندكردنی ڕێوشوێنه ته‌ناهییه‌كان دژی هێرشی تیرۆریستان، وه‌ك چاو‌دێر له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بۆ چاودێركردنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی بیلارووسیا ڕه‌وانه كراوه، له 2010 وه‌ك بڕیارده‌ری لیژنه‌ی وه‌ستاندنی پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كاری كردووه و ده‌نگی بۆ وه‌ستاندنی ڕێككه‌وتنی گه‌یشتنی ئه‌مه‌ریكا به زانیارییه بانكییه‌كانی هاووڵاتییانی ئه‌وروپا داوه.
جینین له هه‌ڵبژاردنی 2010ی هۆله‌ندا ڕیزبه‌ندی چواره‌م زۆرترین كاندیدی وه‌رگرت كه له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانه‌وه ۆزرترین ده‌نگیان پێداوه، دوای ده‌رچوونیشی كاری له‌سه‌ر به‌هێزكردنی پۆلیس و هێزه‌كانی ته‌ناهی هۆله‌ندا و پێشخستنی زیاتری بواری فریاكه‌وتن كردووه، له‌لایه‌ن مارك رووته وه‌ك وه‌زیری به‌رگری له كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی دیارییكراوه و سه‌رپه‌رشتی كڕینی 37 فڕۆكه‌ی ئێف 35ی ئه‌مه‌ریكی كردووه به بڕی 4.5 ملیار یۆر بۆ گۆڕین و نوێكردنه‌وه‌ی سیسته‌می هێزه‌كانی ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی، كه زۆربه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئێف 16ن، له 2014ه‌وه چه‌ندان فڕۆكه‌ی جه‌نگی وڵاته‌كه‌ی به سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌شداریان له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به تیرۆریستانی داعش كردووه و چه‌ندان جار تیرۆریستانیان له عێراق و سووریا به چڕی بۆردمان كردووه و كۆمه‌ك و هاوكاریان گه‌یاندووه‌ته لێقه‌وماوان و مه‌شق و ڕاهێنانیان به هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی دژ به داعش كردووه، له ڕاپرسییه‌كان له ساڵی 2015 به به‌هێزترین ئافره‌ت دانراوه كه زۆرترین كاریگه‌ری به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی وڵاته‌كه‌ی هه‌یه.
له 2017 دوای ئه‌وه‌ی میدیاكانی هۆڵه‌ندا و ئه‌نجوومه‌نی سه‌لامه‌تی هۆڵه‌ندا ڕاپۆرتێكی وردیان خسته‌ڕوو له‌باره‌ی شكستی گه‌وره‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری له مه‌شق پێكردنی چه‌كدارانی دژه تیرۆر له سه‌ر چه‌كی هاوه‌ن بڵاوكرده‌وه، به‌وهۆیه‌وه دوو سه‌ربازی هۆله‌ندی گیانیان له ده‌ست دا له چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی پاراستنی ئاشتی و یه‌كێكی تریش برینداربوون، هینیس دوای ئه‌و ڕووداوه ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له پۆستی وه‌زیری به‌رگری وڵات ڕاگه‌یاند، دواتر سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆله‌ند وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه دایمه‌زرانده‌وه، تا هه‌ڵبژاردن و دووباره بردنه‌وه‌ی كورسی په‌رله‌مان و به‌ده‌ستهێنانی دووه‌م زۆرترین ده‌نگ له كۆی كاندیدانی حزبه‌كه‌ی.
جیا له‌و پۆسته گرنگانه و كاره‌كانی، ئه‌و فڕۆكه‌وانێكی شاره‌زایه و هاوكات ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی داهاتووی دنیایه بۆ ئاسایشتی نه‌ته‌وه‌یی، سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی نه‌هێشتنی له‌بیرچوونه‌وه‌ی منداڵه، ئه‌ندام و سه‌ربازی یه‌ده‌گی هێزی ده‌ریایی هۆله‌ندایه و ئه‌ندامی تۆڕی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌وروپایه.
له یه‌كی ئه‌یلوول/ سێتپێمبه‌ری 2018 ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرش سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، جینیس هینیس بلاسخارتی وه‌ك نوێنه‌ری تایبه‌تی خۆی و سه‌رۆكی تیمی
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق دیاریی كرد و هیوای خواست به ئه‌زموونه زۆره‌كه‌ی بلاسخارت هاوكار و ڕۆڵی سه‌ره‌كی بگێڕێ له ڕووی سیاسی و ئابووری عێراق كه به ده‌ست جه‌نگه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانه‌وه ده‌ناڵێنێت.
جینین له شوێنی یان كۆبیشی سلۆڤاكی نوێنه‌ری پێشووی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق ده‌ست به‌كاربوو، گۆتێرش له به‌یانی دامه‌زراندنی جینین هینیس بلاسخار وه‌ك نوێنه‌ری خۆی له عێراق نووسیویه‌تی، بلاسخار ئه‌زموونی زیاتر له 20 ساڵ كاركردنی هه‌یه له بواری سیاسی و ئابووری له زۆر بوار و پۆستی حكوومی و په‌رله‌مانی باڵادا كاری كردووه و یه‌كه‌م ژن بووه له وڵاته‌كه‌ی ببێته وه‌زیری به‌رگری و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان. بۆیه هیوادارم به ئه‌زموونه زۆره‌كه‌ی ڕۆڵی ئه‌رینی و كاریگه‌ری له عێراق بگێڕێت.