ئەم هەفتەیە كابینەكەی عەبدولمەهدی تەواو دەكرێت؟

:: PM:12:59:17/12/2018 ‌
 دواجار سێ سەرۆكایەتییەكە بە ئامادەبوونی عامری بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەی تەواوكردنی حكوومەت كۆ بوونەوە، سەرچاوەیەكیش دەڵێ سەدر پێشنیاری كردووە لەم هەفتەیە شەش وەزارەت یەكلایی بكرێتەوە و ناوخۆ و بەرگری دوابخرێن، بۆ ئەمەش چاوەڕێی وەڵامی هاوپەیمانی بنیادنانەوە دەكات.

لە دوو رۆژی رابردوودا سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بە ئامادەبوونی هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح بەنهێنی كۆبوونەوە بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی سیاسی لە بارەی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی. بەگوێرەی زانیارییەكان لە كۆبوونەوەكەدا عادل عەبدولمەهدی سەرپشك كراوە لە دەستنیشان كردنی كاندید بۆ هەشت وەزارەتەكەی كە ماوە و داوای لێكراوە كە سی ڤییەكانیان رەوانەی پەرلەمان بكات.

لە بەرانبەر ئەو هەوڵەدا، سەرچاوەیەك ئاشكرای دەكات كە هاوپەیمانی چاكسازی پێشنیارێكی پێشكەش بە هاوپەیمانی بنیادنانەوە كردووە بۆ تێپەڕاندنی كاندیدی شەش وەزارەت جگە لە هەردوو وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ، بۆ ئەمەش چاوەڕێی وەڵام دەكات.

ئەو سەرچاوەیە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، ئاماژەی بەوەدا لە پێشنیارەكەدا هاتووە كە شەش وەزارەتەكە لە كۆبوونەوەی سبەی سێشەمی پەرلەمان یان پێنجشەم 20ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، لە دانیشتنی پەرلەمان تێپەڕێنرێت، تا ناكۆكییەكان لەسەر هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ یەكلایی دەبنەوە، بەڵام تا ئێستە هاوپەیمانی بنیادنانەوە وەڵامی دەستپێشخەرییەكەی هاوپەیمانی چاكسازی نەداوەتەوە.

ئەو هەوڵە لە كاتێكدایە ماوەی 50 رۆژە هەردوو هاوپەیمانی پێكهێنەری حكوومەت لەسەر ئەو هەشت وەزارەتە و هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ لە ململانێیەكی سەخت دان و نزیك بوو لەوەی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی هەڵوەشێتەوە.

پێشنیارەكەی هاوپەیمانی چاكسازی بە قسەی سەرچاوەكە لە كاتێكدایە هێشتا هاوپەیمانی بنیادنانەوە پێداگیرە لەسەر كاندید كردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ كە لای موقتەدا سەدر هێڵی سوورە ئەو پۆستەی پێ بدرێت.

ئەو سەرچاوەیە هێمای بۆ ئەوەكرد كە بەشێك لە سەركردەكانی بنیادنانەوە پێیان وایە سازش كردن لەسەر فەیاز بە مانای سازش كردنی زیاتر دێت بۆ موقتەدا سەدر، ئەوەیشی خستەڕوو كە هاوپەیمانی چاكسازی كە زیاتر یەكهەڵوێست دەردەكەون بە بەراورد بە هاوپەیمانی بنیادنانەوە، كار لەسەر كات دەكات و پێی وایە بە تێپەڕبوونی كات ركابەرەكەی هەڵدەوەشێتەوە كە هاوپەیمانی بنیادنانەوەیە، بۆ ئەمەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لەم ماوەیەدا هاوپەیمانی چاكسازی هەشت كۆبوونەوەی ناوخۆیی ئەنجام داوە، كەچی هاوپەیمانی بنیادنانەوە نەیتوانیوە یەك كۆبوونەوەی ناوخۆش ئەنجام بدات، ئەمەش وەك بەڵگە دەخاتەڕوو كە هاوپەیمانی بنیادنانەوە كێشە و ململانێی ناوخۆیی هەیە.

جیاوازی نێوان هەردوو هاوپەیمانیەتی لەسەر ئەو دوو پۆستە لێرەدا كورت دەبێتەوە كە موقتەدا سەدر لەگەڵ ئەوە دایە هەردوو پۆستەكە بدرێن بەو سەركردە سەربازییانەی رۆڵیان هەبووە لە شەڕی دژ بە داعش، بەڵام هاوپەیمانی بنیادنانەوە نەك پێداگیرە لەسەر كاندیدكردنەوەی فالح فەیاز بۆ وەزارەتی ناوخۆ، بەڵكو داوا دەكات پێش هەر هەموو كاندیدەكان، فەیاز بخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران بۆ دەنگدان لەسەری بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، بە دیوەكەی تر ئەگەر فەیاز دەنگ نەهێنێت ئەگەری زۆرە لە دانیشتنی پەرلەمان بكشێنەوە.

پێوەند بە وەزارەتی بەرگری كە لیستە سوننەكان دابەشی سەر هەردوو هاوپەیمانی چاكسازی و بنیادنانەوە بوونە، تا ئێستە 17 كاندیدیان داوە بە عەبدولمەهدی كە سێیان كاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانین كە ئەیاد عەلاوی سەركردایەتی دەكات.
سەرچاوەكە دەڵێ، یەكێك لە كاندیدەكانی هاوپەیمانی نیشتمانی نزیكترینە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام بۆ شەش پۆستەكەی تر، موقتەدا سەدر سەرنجی لەسەر قوسەی سوهێل كاندیدی وەزارەتی خوێندنی باڵا هەڵگرتووە، بەڵام تا ئێستە ركابەری لەنێوان سێ كاندید هەیە بۆ وەزارەتی پەروەردە لەنێوان لیستە سوننەكانی نزیك لە هەردوو هاوپەیمانیەتییەكە، وەزارەتی پلاندانانیش یەكلایی نەبووەتەوە.

پێوەند بە وەزارەتی داد هێشتا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیش لەسەر ئەو پۆستە رێك نەكەوتوون، ئەگەرچی دەنگۆی كاندید بوونی حاكم رزگار عەلی ئەمین هەیە بۆ ئەو پۆستە بەڵام یەكلایی نەكراوەتەوە.

هاوكات هێزە مەسیحییەكانیش ناكۆكییان هەیە لەسەر پۆستی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی، بەڵام سەرچاوەكە پێی وایە دەكرێت ناكۆكییەكانی سەر شەش وەزارەتەكە یەكلایی بكرێتەوە، بەربەستێكی زۆر گەورە نییە.

بەدر زیادی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون دەڵێ لە چەند سەعاتی داهاتوودا روون دەبێتەوە كە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا شەش یان هەر هەشت كاندیدی وەزارەتەكان بەیەكەوە تێدەپەڕێندرێن، گوتی "هێزە سیاسییەكان لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوامن بۆ یەكلایی كردنەوەی ناكۆكییەكانی پێوەندار بە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ".

ئەو پرسە لە كاتێكدایە دوو رۆژ پێش ئێستە فالح فەیاز دووپاتی لە كاندید بوونی خۆی كردەوە بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و داوای لە عادلە عەبدولمەهدی كرد نەچێتە ژێر باری هیچ گوشارێكی لایەنە سیاسییەكان.

پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی سائیروون ئاشكرای كرد رەنگە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 17ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، ناوی كاندیدەكان بە یەكجاری یەكلایی بكرێتەوە و ئاشكرا بكرێن.

عەبدولئەمیر میاحی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح دەڵێ دانوستاندنەكان بەردەوامن و هەندێك لیستی سیاسی داوا دەكەن كە كاندیدانی ریزی یەكەم كە ئێستە ناویان دەهێنرێت هەر هەموویان بگۆڕدرێن بۆ كاندیدانی ریزی دووەم.
گوتی "بڕیارەكە بۆ سەرۆك وەزیران جێهێڵدراوە لە دەستنیشان كردنی ناوی كاندیدەكان و خستنەڕووی لە پەرلەمان بۆ كۆبوونەوەی رۆژی سێشەم 18ی كانوونی یەكەم"، زیاتر گوتی "تەنانەت گۆڕینی فەیازیش كە كاندیدی وەزارەتی ناوخۆیە بۆ سەرۆك وەزیران جێهێڵدراوە".

بەڵام پەرلەمانتارێكی تری هاوپەیمانی چاكسازی لە بارەی كاندیدەكان و هەبوونی ناكۆكی لە نێوان موقتەدا سەدر و هادی عامری دەڵێ، ناكۆكییەكان زۆر لەوە قوڵترن لە پرسی كاندید كردنی فڵان كەس لە هاوپەیمانی بنیادنانەوە و رەتكردنەوەی لەلایەن هاوپەیمانی چاكسازی قوت بكرێنەوە.
عەباس سروت دەڵێ ناكۆكییەكانی نێوان سەدر و عامری زۆر لەوە قوڵترە، تەنانەت هەمان ناكۆكیش لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان هەیە لەسەر پڕ كردنەوەی پۆستی وەزارەتی داد.

 رائد فەهمی سەركردە لە هاوپەیمانی سائیروون دەڵێ هیچ رێككەوتنێكی سیاسی ئەنجام نادرێت لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح تا فالح فەیازی كاندیدیان بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ نەگۆڕن.
گوتی "هاوپەیمانی سائیروون هێشتا لەسەر هەڵوێستی خۆی رژدە، ئەگەریش هەمان ناوەكانی پێشتر جارێكی تر عەبدولمەهدی  كاندیدان بكاتەوە ئەوا دوور نییە هاوپەیمانی سائیروون بایكۆتی حكوومەت بكات".

جێیی بیر خستنەوەیە لە 24ی ئۆكتۆبەری رابردوو پەرلەمانی عێراق متمانەی بە عادل عەبدولمەهدی و 14 وەزیری كابینەكەی دا لە كۆیی 22 وەزیر، بەڵام زیاتر لە 50 رۆژ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیوە بەهۆی ململانێی قوڵ لەنێوان سەدر و عامری لەسەر وەزارەتی ناوخۆ، نەتوانراوە كابینەكەی عەبدولمەهدی تەواو بكرێت و تا ئێستە هەشت وەزارەتی بە وەكالەت بەڕێوە دەچن.



وشە - فه‌رمان سادق