لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی له پەرلەمانی کوردستان دژی بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ وەرگرتنی 50 ھەزار دینار لهو کەسانەی فۆرمی حەجکردن پڕ دەکەنەوە.
ئەنەس دۆسکی ئەندامی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمە ھەر لەسەرتاوە دژی ئەو بڕیارە بووین و داوامان کرد ھیچ بڕە پارەیەک وەرنەگیرێت و گەر وەریش بگیرێت شتێکی کەم بێت، چونکە 50 ھەزار دینار بۆ ھەر کەسێک فۆرمی حەج پڕ دەکاتەوە زۆرەو دەبێتە بارگرانی بۆ سەر خەڵک لەم دۆخەدا، وەزارەتی ئەوقافیش ھیچ پرسێکی بە ئێمە نەکردووە و بڕیارەکەی دەرکردووە.
دۆسکی ئهوهشی گوت، حکوومەت ئەو کارە دەکات بۆ ئەوەی داھاتی خۆی زیاد بکات، ئهوهش تەنھا لە ئەوقاف نییە و لەکەرتەکانی دیکەش کراوە، بەڵام دواتر کە حکوومەت بڕیارهكهی ههڵنهوهشاندهوه، پێشنیارمان کرد کە بۆ ھەر خێزانێك ئهگهر چەند کەسیش بن تەنھا ٥٠ ھەزار دینار وەربگیرێت، بەو پێشنیارەش رازی نەبوون و بڕیارەکە چۆتە واری جێ بەجێ کردنەوە.
لای خۆیهوه نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ "وشە" گوتی، ئەمە پرسێکی حکوومییە و پێویست بە پەرلەمان ناکات و لەنێوان وەزارەتی و ئەوقاف وحکوومەت دوای مشتومڕێکی زۆر ئەو بڕیارە دراوە، وەرگرتنی ئەو 50 ھەزار دینارەش بۆ ناو تۆمارکردنە و بۆ تیروپشک نییە کە بۆ ماوەی دووساڵ دەبێت و ئەو کەسەی فۆڕم پڕ دەکاتەوە بۆ ماوەی دووساڵ پارە نادات و لەساڵی داھاتووش پارە نادات.
نەبەز ئیسماعیل ئاشكرای كرد، لەساڵی ٢٠١٤وە بەغدا لە نەفەقاتی حاکیمە ئەو پشکەی بۆ حەج دادەنرا بۆ ئێمەی نەناردووە، بۆیە ئەو پارەیە بۆ پاڵپشتیکردنە لە پرۆسەی حەج، بۆئەوەی بەرێک و پێکی بەرێوەی ببەین.
ئیسماعیل رای گهیاند، پارساڵ کە پرۆسەی حەج ئەنجامدرا، عێراق بۆ ھەر حاجیەک چوار ملیۆن و٦٠٠ھەزار دیناری وەردەگرت و ئێمە لەبەر ئەوەی قەیرانی دارایی ھەبوو بۆ ھەر حاجیەک بە بڕیاری وەزیری ئەوقاف چوار ملیۆن و٢٠٠ھەزار دینارمان وەرگرت کە ٤٠٠ ھەزار دینار لەگەڵ عیراق جیاوازی ھەبوو.
ههلێر: بڵند ئیبراھیم