كۆمپانیاكانی چین چۆن توانیان جیهان داگیر بكەن؟

:: PM:06:17:19/12/2018 ‌

لە ماوەی كەمتر لە دوو دەیە، كۆمپانیاكانی چین توانیان خۆیان بەسەر بازاڕی دنیا بسەپێنن و چەندان كۆمپانیای چینی دەركەوتن بەتایبەتی لە بواری تەكنۆلۆجیادا، هەروەها كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە توانیان دزە بكەنە چەندان بواری تر وەك گواستنەوە و گەیاندن لە رێگەی كۆمپانیای "دیدی شوكینگ"، كە توانیان لە كەمتر لە دە ساڵێكدا دنیا دابگرن توانای بازرگانی خۆیان دیار بخەن.  

بەڵام رێگەكە لەبەردەم كۆمپانیاكانی چینی بێ كێشە و بەربەست و سەختی نەبووە لە سایەی جەنگی بازرگانی نێوان ئەمەریكا و چین كە دوا لێكەوتەكانی گرتنی وینز مینگ، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای هواوی چینی بوو لە بواری بەرهەمهێنانی مۆبایلدا كە بووە هۆی دروستبوونی بوومەلەرزەیەكی گەورەی سیاسی لە نێوان واشنتن و پەكین.

كۆمپانیای هواوی چینی كە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمەریكا تەقەی ئاراستە كرد، بە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری مۆبایل و گەورەترین كارگەی كەرەستەی پێوەندیكردن دادەنرێت و كۆنتڕۆڵی 15%ی بازاڕی دنیا لەو بوارە دەكات، هەروەها ئەو كۆمپانیایە ئامانجێك بوو بۆ وڵاتانی رۆژئاوا كە لەوە ترسان چین ناچاریان بكات بۆ ئاشكراكردنی نهێنی پیشەسازی و زانیاری نهێنی كە رەنگە ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییان.

سكۆت كنێدی، بەڕێوبەری پڕۆژەی سیاسەت و ئابووری و وەبەرهێنانی چین لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی لەو بارەوە دەڵێت، ئەگەری هەیە كۆمپانیاكانی چین ببنە هەڕشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتانە، زیاتر گوتی، مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو مەترسیانە لە رێگەی سنوورداركردن و بەڕێوەبردنیەوە هات و ئەو وڵاتانە چەندان گرێنتیان بەسەر دانان لەوانە كۆنترۆڵكردنی هەناردەكردن و سەپاندنی چەندان كۆت بەسەر وەبەرهێنان.

رۆژنامەی (بی بی سی مۆندۆ)ی بەریتانیایی كە بە زمانی ئیسپانی دەردەچێت، چەند هۆكارێكی خستە روو كە وایان كرد كۆمپانیاكانی چینی ببنە زلهێزی دنیایی، ئەوەیش بە بۆچوونی شارەزایانەوە، لە 2015 بۆ یەكەم جار قەبارەی وەبەرهێنانی چینی لە دەرەوەی سنوورەكانی ئەو وڵاتە بەسەر قەبارەی وەبەرهێنانی وڵاتانی بیانی لە ناوخۆی چین زاڵ بوو و ئەوەیش رەنگدانەوەی خواستی كۆمپانیاكانی چینی دیارخست بۆ چوونە دەرەوە بەرەو دنیا لەلایەك و لەلایەكی تریش خواستی پەكین بوو بۆ پاڵپشتیكردنی تەنگژەی ئابووری دنیا.

بۆیە حكوومەت ئەو ئاراستەی كاركردنەی بە یەكێك لە ئەنجامی ستراتیجیەتەكانی خۆی دانا بە مەبەستی هاندانی كۆمپانیاكان بۆ كڕینەوەی كۆمپانیاكانی تر لە دەرەوە بۆ بەهێزكردنی گەشەسەندن، بۆیە لەوساتەوە و سەرەڕای سەختییەكانەوە پەكین نەوەستاوە لە رۆیشتن بەو ئاراستە و رەنگە باشترین نموونەیش لەسەر ئەو كارە ئەو گرێبەستانەن كە بەم دواییە كۆمپانیای "دیدی شۆكینگ" لەگەڵ كۆمپانیای "كەریم" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست واژووی كرد. هەروەها وەبەرهێنەرانی چینی كۆمپانیای تر و زیاتریان لە سەرانسەری دنیا دروست كرد دیارترینیان كۆمپانیای "شاومی" كە ئەمساڵ هاتە ناو بۆرسە و گەشەسەندنێكی گەورەی لە هیندستان بەدەست هێنا.

بەو شێوەیە كۆمپانیاكانی چینی توانیان ئەوەندە فرەوانخوازی بكەن تا ئەو ئاستەی زۆرێكیان بوونە بەرهەمهێنەری سەرەكی بۆ ژمارەیەك ماركە و نیشانەی بازرگانی بیانی و ئەوان بە تۆكمەییەوە ئەو كارەیان ئەنجام دا، ئەوەیش بووە هۆی بەهێزكردنی پەرەپێدانی تەكنۆلۆجی چینی، بۆیە ئابووری وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بووە گۆڕەپانێك بۆ جەنگ بۆ كۆمپانیاكانی چینی و ئەروپایی و ئەمەریكایی كە چینییەكان پشتیان بەو ئاراستەیە بەست بە چوونە ناو بازاڕەكانەوە لە رێگەی خستنەڕووی بەرهەمەكانیان بە نرخی هەرزان بە بەراورد بە كۆمپانیاكانی تری ركابەر لەگەڵیان، ئەوەیش بەهۆی كەمی تێچووی بەرهەمهێنان. 

بۆیە لە دوای سەركەوتنیان لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەو وڵاتە، كۆمپانیا چینییەكان چوونە دەرەوەی چین بە مەبەستی وەبەرهێنان و نموونەیەكی ئاسان و سادەیان پێشكەیش كرد كە بە ئاسانی دێتە جێبەجێكردن، بۆ نموونە ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكان كە چەندان خزمەتگوزاری جۆراوجۆر پێشكەیش دەكەن لەوانە كڕین و فرۆشتن و پارەدان و نامەناردن هەمووی لە رێگەی یەك ئەپلیكەیشنەوە.

لەو كاتەی حكوومەتی چین قەدەغەی هاویشتووەتە سەر چەند كۆمپانیایەكی ناوداری جیهانییەوە وەك فەیسبووك و گووگڵ، بەوەیش حكوومەتی ئەو وڵاتە هەلێكی دایە كۆمپانیاكانی ناوخۆیی بۆ گەشەسەندن لە بازاڕەكانی ناوخۆیی كە دواتر رێگەیان بۆ خۆش دەكات بۆ چوونە دەرەوەی ئەو وڵاتە و وەبەرهێنانكردنی لەوێ. لە دیارترین دامەزراوەكانی چینی كە لە دنیا ناسراون، "بایدۆ" و "عەلی بابا" و "تنسنت" كە كۆپی ئاسیایی هەریەك لە "گووگڵ" و "ئەمازۆن" و "فەیسبووكن"، بەڵام ئەوان بەرهەمی تر دەفرۆشن و خزمەتگوزاری تەكنۆلۆجیایی جۆراوجۆر پێشكەیش دەكەن.

هاوكات زۆرێك لە كۆمپانیاكانی بیانی رەخنە لە حكوومەتی چینی دەگرن بەهۆی ئەو پاڵپشتیكردنەی بۆ كۆمپانیا ناوخۆییەكانی چینی و ئەنجامدانی ئاسانكاری بۆیان كە بەو كۆتانە بەراورد ناكرێت كە بەسەر ئەو كۆمپانیا بیانیانەی دەسەپێنێت كە لە چین كار دەكەن، كاتێك پەكین كۆمپانیا بیانییەكان ناچار دەكات بۆ سازكردنی گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیاكانی ناوخۆیی بۆ رێگەدان پێیان بۆ وەبەرهێنانكردن لەسەر خاكەكەی. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل