باوكێك كچەكەی بە شوو نادا و دەیسووتێنێت

:: PM:12:09:24/12/2016 ‌


هێشتا لێكۆڵینەوە لەسەر سووتاندنی ئەو كچە بەردەوامە كە باوكی تۆمەتبارە بەوەی سووتاندوویەتی، چونكە ڕازی نەبووە كچەكەی شوو بكات بەو كوڕەی چەند جارێك هاتووەتە داوای.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو (22ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر)، پەیجی زانكۆی ئیشقی هەولێر بڵاوی كردەوە كە "سەروین نۆبەدار" قوتابیی زانكۆكەیان، بە ڕووداوێكی نەخوازراو كۆچی دوایی كردووە، پاشتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بە چەند شێوەیەكی جیاواز چیرۆكی ئەو گیان لەدەستدانەی بڵاو كرایەوە. بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە، "وشە" چەند زانیارییەكی دەست كەوتووە. 

ئەو كچە، خەڵكی شارۆكەی مێرگەسۆرە، كوڕێكی هاوڕێی زانكۆی چەند جارێك دەچێتە داوای و خانەوادەكەی، جگە لە باوكی ڕازی بوون، بەڵام باوكی سوور بووە لەسەر ئەوەی كە نەیداتێ، ئەگەرچی چەندان جاریش بە بەردەوامی چوونەتە داوای، دواجار ڕۆژی 14ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر، جارێكی تر كوڕەكە و خانەوادەكەی دەچنەوە داوای، بەڵام دیسان دەست دەنێتەوە بە ڕوویاندا و ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی دەڕۆن، هێرش دەكاتە سەر كچەكەی.

باوكی سەروین، بە دەبەیەك نەوتەوە بەرەو كچەكەی ڕۆیشتووە و پەلی گرتووە و لە ژوور هێناویەتە دەرەوە، ئینجا دەبە نەوتەكەی كردووە بە سەریدا، برایەكی كە هەڵوێستی دژی باوكی بووە و ڕازیش بووە كە هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕەكەدا بكات، پەلاماری باوكی دەدات تا نەیەڵێ ئەو كارەی بكات. باوكی سەروین لە جیاتی ئەوەی دەست هەڵگرێ، نەوت بە كوڕەكەشیدا دەكات و بە دەنكێك شقارتە، گڕ بەردەداتە هەردوو جگەرگۆشەكەی، چونكە نایەوێ كوڕێك كە بە دڵی نییە، ببێتە زاوای.

دوابەدوای ئەوەی ئاگر لە جەستەی سەروین و براكەی بەردەبێت، دراوسێكان و خەڵك فریایان دەكەون و بە بەتانی و ئاو و كەرەستەی تر هەوڵ دەدەن بیانكوژێننەوە، بەڵام كاتێك فریایان دەكەون، زۆربەی جەستەی كچەكە سووتاوە و بەشێكی زۆری براكەشی بەركەوتووە.

هەر ئەو شەوە، بە پەلە دەیانگەیەننە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی ڕزگاریان بكەن، بەڵام كچەكە لەوە زیاتر بەرگەی نەگرت و بەهۆی قووڵی سووتاوییەكەیەوە، شەوی پێنجشەم (22ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر) لە نەخۆشخانە گیان لە دەست دەدات، هەواڵی گیان لەدەستانەكەشی كە بە براكەی دەدەن، پەستانی خوێنی بەرز دەبێتەوە و بە پەلە پزیشك هەوڵ دەدەن تا كۆنتڕۆڵی دەكەن.

باوكی سەروینی تەمەن 21 ساڵ (1995) و برا 18 ساڵەکەی (1998)، فەرمانبەرە، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە، سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند: لەسەر فەرمانی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەگیرێ و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێ، بۆ ئەوەی تا ڕاستیی ڕووداوەكە دەزانرێ، لە گرتووخانەدا بێت، ئەگەر پشتڕاست كرانەوە، بەپێی یاسا دادگایی دەكرێ.

ئەگەرچی تا ئێستە هیچ لایەنێكی فەرمی ئەم زانیارییانەی پشتڕاست نەكردووەتەوە، بەڵام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە شێوەی جیاجیا بڵاو بووەتەوە.

سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ ڕاگه‌یاندنی پۆلیسی سۆران به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاتد، ئه‌و كچه‌ و براكه‌ی كه‌ سووتاون، پێوه‌ندی به‌ باوكیانه‌وه‌ نه‌بووه‌ و خۆیان به‌هۆی ڕووداوێكه‌وه‌ سووتاون.












وشە - كوردۆ شابان