10 رووداوی گرنگی ئابووری لە ساڵی 2016دا

:: PM:01:37:25/12/2016 ‌

ساڵی ٢٠١٦ بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەكانی خەریكە كۆتای پێ دێت. لە بواری ئابوورییەوە لەو ساڵەدا كۆمەڵێك رووداوی گرینگ روویان دا كە كاریگەرییان بۆ سەر ئابووریی هەموو دنیا هەبوو. لەم راپۆرتەدا ئاماژە بە ١٠ رووداوی گرینگی ئابووری ساڵی ٢٠١٦ دەكەین.

١-تەنگژەی بۆڕسە و دابەزینی نرخی نەوت
ساڵی ٢٠١٦ وەك هەموو ساڵێك بە شادی و دڵخۆشی دەستی پێ كرد، بەڵام ئەو خۆشییە بۆڕسەی نەگرتەوە و لە یەكەم هەفتەی بۆڕسەی نیویۆرك خراپترین دۆخی مێژوویی خۆی تۆمار كرد. سێ لە گرنگترین پێنوێنەكانی بازاڕەكە ٦% دابەزین. یەكێك لەوانە دابەزینی نرخی نەوت بوو كە ١٠% دابەزی و هۆكاری سەرەكیشی بریتی بوو لە پاشەكشەی ئابووریی چین.

٢-جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناوكی
لە ١٦ی كانوونی دووەم دەبوو رێككەوتنی ناوكی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك جێبەجێ بكرێت. ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنرا بوون بە ئاڵۆزترین سزای مێژوو هەژمار كران. لەو رۆژەوە رێگەی فرۆشتنی نەوت، مامەڵەی بانكی، كڕینی فڕۆكە، كڕین و فرۆشتنی كانزا گرانبەهاكان بە ئێران درا و پێوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەوروپاش لە رووی بازرگانی دووبارە دەستی پێ كرد.

٣-بەڵگەكانی پاناما
لە مانگی نیسانی ساڵەكە هەواڵێك سیاسەتمەداران و بازرگان و دەوڵەمەندەكانی دنیای هەژاند. سەرووی ١١ ملیۆن بەڵگەی خۆدزینەوە لە باج كە تایبەت بوو بە رێبەرانی ئێستە و پێشووی دنیا كەوتە دەستی هاكەرەكان و بڵاو كرایەوە. لە بەشار ئەسەدی سەرۆك كۆماری سووریاوە بگرە تا دەگاتە شێخەكانی كەنداو و چەندان رێبەری تری دنیا ناویان لە بەڵگەكاندا بوو.

٤-دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا
دوای ئەوەی لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ لە بەریتانیا راپرسی كرا بۆ دەرچوونی ئەو وڵاتە لە یەكێتیی ئەوروپا، رۆژێك دواتر كە ئەنجامەكە راگەیەنرا، نرخی پاوەند لە بەرامبەر دۆلاردا بە رێژەی ١٣% دابەزی. بەریتانیا تووشی كێشەی ئابووری هات و سەرەڕای ئەوەی كە پاوەندی هەرزان وای كرد گەشتیارێكی زۆرتر روو لە بەریتانیا بكەن.

٥-ئابووریی ڤەنزوێلا
دابەزینی نرخی نەوت و خراپیی لایەنی كارگێڕی ڤەنزوێلا وای كرد ئەو وڵاتە لە رووی ئابوورییەوە ئیفلیج بێت. ئاستی هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتە ٧٠٠% كە بە بەرزترین رێژەی هەڵاوسان لە دنیادا هەژمار دەكرێت. كار گەیشتە ئەوەی خەڵك لە جیاتی بژاردنی پارە، دەیانكێشا.

٦-ئابڕووچوونی سامسۆنگ
مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ مانگێكی خراپ بوو بۆ كۆمپانیای سامسۆنگ. مۆبایلی جۆری نۆت حەوتی كۆمپانیاكە دوای ئەوەی كێشە لە پاترییەكانی سەری هەڵدا، زیانی بە كۆمپانیاكە گەیاند و پێگەشی لاواز كرد كە بە ركابەری كۆمپانیای ئەپڵ هەژمار دەكرێت، كۆمپانیاكە بە ناچار دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار مۆبایلی لە بازاڕ كشاندەوە و بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە مۆبایلەشی راگرت.

٧-ئەمەریكا و ترەمپ
مانگی تشرینی دووەم مانگێكی گرنگ بوو و دۆناڵد ترەمپ توانی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا سەركەوتن بەدەست بێنێت. لە یەكەم وتاریشیدا رێككەوتننامەی بازرگانی ئازادی زەریای هێمنی هەڵوەشاندەوە. ئەو پەیماننامەیە لە نێوان ١٢ وڵاتی سنوورەكە لەوانەش كەنەدا و ژاپۆن و ئوستراڵیا واژوو كرابوو. ئەو كارەی ترەمپ لەوانەیە دەستپێكێك بێت بۆ ئەو سیاسەتە ئابوورییەی ترەمپ بەتەمایە لە داهاتوودا پێڕەوی بكات.

٨-دراوی هیندستان
لە مانگی تشرینی دووەم لە بڕیارێكدا هیندستان هەموو ئەو دراوانەی لە جۆری ٥٠٠ هەزار رووپیەیی بوون لە بازاڕ كشاندەوە، ئەمەش لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئاشكراكردنی پارەی سپیكراو. ئەو بڕیارەی هیندستان تووڕەبوونیشی لێ كەوتەوە لەو ئافرەتانەی لە ماڵەكانیان دراویان پاشەكەوت كردبوو تا ئەو وڵاتانەی دراوسێی هیندستان بوون و كاریان بەو دراوە دەكرد.

٩-لینكداین و مایكرۆسۆفت
كۆمپانیای مایكرۆسۆفتی ئەمەریكا دەمێك بوو دەیویست تۆڕی كۆمەڵایەتی لینكداین بكڕێت كە تۆڕێكی كۆمەڵایەتی پسپۆڕییە بۆ ٤٥٠ ملیۆن كەس  و مەبەستە سەرەكییەكەش بۆ دۆزینەوەی كار و راگەیاندنی دەرفەتی كارە. دواجار لە كۆتای ساڵەكەدا لینكداین و مایكرۆسۆفت ریككەوتن.

١٠-رێككەوتنی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك
دوای چەندان مانگ لە دانوستان و گفتوگۆ، دواجار لە كۆتای مانگی تشرینی دووەم، وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك رێككەوتن بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە. وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك بڕیاریان دا ٦٠٠ هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە و ئۆپێكیش ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار بەرمیلی كەم كردەوە و بەهۆی ئەو رێككەوتنەش نرخی نەوت ١٥% هەڵكشا. رێككەوتنەكان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ەوە جێبەجێ دەكرێت.

گەشەی نرخی نەوت و دەستپێكردنی پلانە ئابوورییەكانی ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧دا دیار نییە چ گۆڕانكارییەكی نوێ بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

سەرچاوە/بی بی سی


وشە - سلێمان تاشان