خاڵی سه‌روین: سۆران عومه‌ر بۆی نییه‌ به‌ناوی ئێمه‌ قسه‌ بكات

:: PM:03:15:25/12/2016 ‌

خاڵی سه‌روین ئه‌و كچه‌ی به‌ ڕووداوێكی ئاڵۆز سووتا و هێشتا دۆسیه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه‌ی دادگه‌یه‌ و یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه‌، ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ دۆسییه‌ی خوشكه‌زاكه‌ی به‌ سیاسی كراوه‌.

فەرزین كەریم سینەماكاری ناسراو كە خاڵی "سەروین نۆبەدار"ە، ئەو كچەی بە ڕووداوێك بەهۆی سووتانەوە گیانی لە دەست داوە و تۆمەتی سووتاندنەكە بەپێی زانیاریی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دراوەتە پاڵ باوكی، كه‌مێك پێش ئێسته‌ په‌یامێكی له‌ژێر ناونیشانی "داواكاری" بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات: ئەوپەڕی بێویژدانیە، ئەم دۆسیە بۆ مەرامی سیاسی یان بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربهێنرێت، چونکە دەبێتە پتر تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا ڕوو ده‌كاته‌ سۆران عومه‌ر سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و نووسیویه‌تی: ئایا چ پێویستە لە تەلەفزیۆن، پشتبەستوو بە گریمانە و شیمانە لێدوان بدرێت؟. تۆ ئەگەر نیەتت باش بێت و مەبەستی دیکەت نەبێت، دەبوایە چاوەڕێی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە بیت.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی نووسینه‌كه‌ی "فەرزین كەریم"ه‌ كه‌ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌:

داواکاری...
بەر لەهەر شتێک وەکو چالاکوانێکی بواری مافی مرۆڤ، لەسەر پرسی سەروینی خوارزامان، بە مەبەستی پاراستنی بەها و گرتنەبەری رێوشوێن و دەرکەوتنی دەرئەنجامەکان، داواکارم هیچ کەس و دەزگا و دامەزراوەیەک توانج و بڕیاری پێشوەختە لەسەر ئەم تراژیدیایە نەدات.

ئەوپەڕی بێویژدانیە، ئەم دۆسیە بۆ مەرامی سیاسی یان بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربهێنرێت، چونکە دەبێتە پتر تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.

ئەوەی لەئێستادا بەدی دەکرێت پرسەکە بە سیاسی کراوە، بەشێوەیەک بەرەو ئاراستەیەکی دیکە دەبردرێت.

بەڕێز سۆران عومەر، لەکاتێکدا خۆی دۆسیەی لە دادگا هەیە، بەناوی بنەماڵەی ئێمە قسە دەکات. لەم ئاڵۆزیەدا کە لێکۆڵینەوە دەکرێت، ئایا چ پێویستە لە تەلەفزیۆن، پشتبەستوو بە گریمانە و شیمانە لێدوان بدرێت؟. تۆ ئەگەر نیەتت باش بێت و مەبەستی دیکەت نەبێت، دەبوایە چاوەڕێی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە بیت. نەدەبووایە بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، سواری شەپۆلی سۆز و هەستی خەڵک بیت. ڕاستە! خەڵک ئامادەیە بۆ هەڵوێست وەرگرتن لەسەر پرسە مرۆڤی و گشتیەکان بێتە سەر شەقام، بەڵام بەو مەرجەی بە سیاسی نەکرێت، چونکە سیاسەت ناشیرین کراوە. ئێستا، حیزب هەیە بیست کەسی پێناهێتە سەر شەقام، بەڵام بە هەڵوێست یان نووسینێکی ڕاستگۆیانە هەزار قاتی ئەمە دەهێنرێت. نمونەش سێ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ چەند چالاکوانێک، بە بۆنەی یادی پێنجسەد سالەی شەڕی چاڵدران، بەپشت بەستن بە سۆشیاڵ میدیا، بۆ پشتگیری پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەهەزاران کەسمان لەچەند پایتەختێکی ئەوروپی و چەند شارێکی کوردستان هێنایە سەرشەقام. ئەوەش بزانە، من لە نووسینەکانم هێندە ڕاستگۆم، دەتوانم بە هەزاران کەس بجوڵێنم. بۆیەشە مەبە پارێزەری ئێمە، چونکە لە تەواوی بنەماڵەکەمان کە بە دەگمەن نەبێت ئەگینا تەواوی پیاوەکانی شەهید و ئەنفال کراون، بە شاهیدی خەڵک، لەم ساڵانەدا بە ڕاوێژ لە گەڵ ئەندامانی ماڵبات، تەنیا قسەی من دەخوات. منیش بەوە ناسراوم چ لەکاری حیزبی و چ لە کاری میدیایی و ڕۆشنبیری، ڕەخنەگرم و قسەی خۆم دەکەم، سەرشۆڕی کەسیش نەبوومە.. خەڵکی ناوچەیەکیشم کە هەڵوێستە بەرزەکانی سەبارەت بە بەها مرۆڤیەکان دیار و ڕوونە، بە تایبەتیش لەسەر پرسی ئافرەتان. خودی خەڵکە جوامێرەکەشی ستەمی دژی ئافرەت بە هێڵی سوور دەزانن و لە ئەگەری هە چەوتیەک هەڵوێست دەنوێنن..

خۆشت دەزانیت پرسی سەروین، ئێستا بە جیدی کاری لەسەر دەکرێت و بە ملیۆنان خەڵکیش چاودێری دۆخەکە دەکەن. داواکارم لەسەر ئەم پرسە واز لە کایەی سیاسی بێنیت، چونکە لە بەرژەوەندیی پرسەکەدا نیە. نمونەش، بزانە بەهۆی مانۆڕە سیاسیەکەت لە تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ لەسەر مژاری سەروین، کێشەکەت چەند ئاڵۆزتر کردووە..

هەروەها لە بەرامبەریشدا، چەند کارمەند و بەرپرسی ئیداری و میریش لێدوانیان داوە، کە قسەکانیان پێچەوانەی زمانی جەستەیانە!. پێشنیار دەکەم ئەم کەسانەی هێمام بۆ کردن و حەزی دەرکەوتن لە شاشەیان هەیە یان هان دراون، بە ئامادەبوونی پسپۆرێک دووبارە لێدوانەکانیان ببینەوە تا بزانن قسەکانیان چەند جیاوازن لەگەڵ ناخیان.. 

وەکو کەسێکیش کە نزیک بە سێ دەیەیە لە نێو کاری میدیاییم، ڕاگەیاندنی ژەهرپڕژێنی کوردی لەم دۆسیەیەشدا، سەلماندی کە بە مەبەستی ڕاکێشانی سۆزی بەردەنگ و وەرگری خۆی، بەهاکانی کاری خۆی بن پێ دەکات. ئەم میدیا نەخۆشە، بە پەیڕەوکردنی مۆدێل و شێوازێ (پرێسی زەرد) پشت لە پیشەگرانە سەرەدەریکردن دەکات. تەنانەت سۆشیاڵ میدیاش لەسەر ئەم دۆسیە بووەتە دووبەش. پەیج هەیە هاک دەکات، هەشە هاک دەکرێت!.

تکایە، دۆسیەکە و ڵێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە تراژیدیایەکە، لە دەستێکی ئەمین و دەستپاک دایە، بۆیەشە ئەوپەڕی بێویژدانیە کە لە چاویلکەی بەرژەوەندیی تایبەتەوە سەیری ئەم مژارە بکرێت.. دڵنیابن ئاهی ئاگرینی بنەماڵەکان، ئەوانەی دەیانەوێت سەروینی باڵ سووتاو بکەنە قادرمە، دەسوتێنێت.


وشە - كوردۆ شابان