تازە بووی بە دایك و نیگەرانی لە هەڵوەرینی قژت؟

:: PM:03:18:25/12/2016 ‌

قژوەرین دیاردەیەكە لەو سەردەمەدا بەهۆی سترێس و سەرقاڵی رۆژانەوە بووە بە باو لە دنیا و لەبەر ئەوەی راستەوخۆ كاریگەری لەسەر رووخساری مرۆڤەكان دادەنێت، نیگەرانی زۆر لەدوای خۆی دروست دەكات، هەڵوەرینی قژ لە پیاواندا ؛لە كۆنەوە باو بووە، بەڵام بە دەگمەن هەڵدەكەوێت ژنان تووشی رووتانەوەی قژ بن جگە لە چەند حاڵەتی تایبەت كە هەریەكەیان هۆكاری خۆیان هەیە.

زۆربەی ژنان بەلایانەوە پرسیارە كە بۆچی دوای سێ مانگ لە منداڵبوون قژیان دەست بە هەڵوەرین دەكات، ئایا ئەو قژوەرینە سروشتییە؟ ژنان چەند مانگ دوای ئەوەی منداڵیان دەبێت، قژیان بە شێوەیەك دەوەرێت كە پێشتر هەرگیز تووشی حاڵەتی وا نەبوون. بەڵام ئەو بابەتە زۆر ئاسایی و سروشتییە و پێویست بەوە ناكات نیگەران بن.

ئەو قژوەرینە بە هیچ شێوەیەك جێگەی نیگەرانی نییە و لەوە دڵنیا بن كەچەڵ نابن. دوای منداڵبوون دەبێ قژ بگەڕێتەوە شێوەی ئاسایی خۆی، بۆیە دەست بە وەرین دەكات، 85% بۆ 95%ی قژی مرۆڤ بە شێوەی سروشتی خۆی لە گەشەكردندایە و 5% بۆ 15% ی قژیش پشوو دەدات و دوای ئەو پشوودانە دەست بە وەرین دەكەن.

ئەو قژوەرینە زیاتر دوای شووشتنی قژ بە شامپۆ یان شانەكردن بەدی دەكرێت و ئەو تاڵە قژانەی دەوەرن جێگەی خۆیان دەدەن بە تاڵی نوێتر، واتا بە شێوەیەكی ئاسایی، ئەو خاتوونانە رۆژانە نزیكەی 100 تاڵ لە قژیان دەوەرێت، لە ماوەی دووگیانبوونیاندا سیستەمی لەشیان بە شێوەیەكی لێ دێت كە ماوەی پشوودانی قژیان لە كاتی ئاسایی خۆی زیاتر دەبێت و هەر بەو هۆیەشەوە وەرینی قژیان لەماوەی دووگیانبووندا كەم دەكات و تاڵەكانی قژیان ئەستوورتر و گەشتر لە جاران دەردەكەوێت. بەڵام دوای منداڵبوون قژ دەگەڕێتەوە سەر رێچكە سروشتییەكەی خۆی و دەست بە وەرین دەكاتەوە.

ئەگەرچی ناتوانی رێگە لە وەرینی قژت بگری، بەڵام دەتوانی بە هەندێك شامپۆ و موكەیف پارێزگاری لێ بكەن بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا هەم تەندروستی قژتان بپارێزرێت و هەمیش وەك جاران جوان دەربكەوێت. زۆربەی خانمان لە دۆخێكی ئاوادا قژیان كورت دەكەنەوە، لەبەر ئەوەی خزمەتكردنی قژی كورت ئاسانترە، بەڵام ئەو دایكانەی قژیان درێژە، رەنگە تاڵەكانی قژیان لە دەست و قاچی منداڵەكەیاندا گیر بكات، بۆیە ئەگەر دەتانەوێ قژتان بە درێژی بهێڵنەوە، دەبێ بەردەوام بیبەستن بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەست منداڵەكەتان و باشترین بژاریش كورتكردنەوەی قژە.

سەرچاوە/ سەلامەت


وشە - هیدایه‌ت جان