یەكگرتوو بۆ یەكێتی: چاوتان لە پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نەبێ‌

:: PM:02:55:07/01/2019 ‌
هەرچەندە هەوڵەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ رێككەوتن لەگەڵ عەرەب و توركمان لە دەرەوەی لایەنە كوردستانییەكان بۆ پرسی پۆستەكانی كەركووك بەردەوامە، بەڵام یەكگرتووی ئیسلامی هاتە دەنگ و دووپات لەوە دەكەنەوە كە دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نابن.
 
ئەمڕۆ دووشەم حەوتی كانوونی دووەم، جوان حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك/ یەكگرتووی ئیسلامی/ بە "وشە"ی راگەیاند، پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە پێی رێككەوتنی سیاسی پێشتر و بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە ساڵی 2005 دراوە بە یەكگرتووی ئیسلامی.
 
زیاتر گوتی، هەر گۆڕانكاریەك بكرێ دەبێت یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاری هەبێ و حیسابی بۆ بكرێ‌، ئەگینا بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری ئەو پۆستە نابین.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرای كرد كە هەوڵی زۆر هەیە لەلایەن یەكێتییەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان ڕێككەوتن لەسەر ئەو پۆستە بكات، بەڵام یەكگرتوو قبووڵی ناكات.

ئەو لێدوانەی ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە كاتێكدایە یەكێتی هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ توركمان و عەرەب و بەڵێنی داوە كە پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بدرێت بە توركمان، بەڵام ئەو هەوڵانەی یەكێتی لە دەرەوەی حزب و لایەنە كوردستانییەكانی ترە.

كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 وە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی داگیر كراوە و لەو كاتەوە تا ئێستە چەندان پۆستی ئیداری لەو شارە چۆڵ كراون یان لەلایەن عەرەبەوە بەرێوە دەبردرێن.

 گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم