رێككەوتنی رژێم و كورد بەربەست لە بەردەم خواستی توركیا لە سووریا دروست دەكات؟

:: AM:11:25:10/01/2019 ‌
هەوڵەكان بۆ رێككەوتنی رژێمی ئەسەد و هەسەدە لەبارەی رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، چاوەڕێ دەكرێت ببێتە بەربەست لە بەردەم خواستی توركیا لە سووریا، ئەمە لە كاتێكدایە ئەمەریكا تاوتوێی چۆنیەتی كشانەوە دەكات و رووسیاش ناوەندگیری لە نێوان كوردەكان و بەشار دەكات.

تا دێت ئاڵۆزییەكان لەبارەی چارەنووسی رۆژئاوای كوردستان "رۆژهەڵاتی سووریا" زیاتر دەبن، بەتایبەت دوای راگەیاندنی كشانەوەی هێزەكانی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، ئەمەش وایكرد كوردەكان بۆ پاراستنی ناوچەی هەژموونی خۆیان لە ترسی لەشكركێشی توركیا كە ژمارەیەكی زۆری هێزی لەسەر سنوور كۆ كردووەتەوە، هەوڵی رێككەوتن بدات لەگەڵ رژێمی ئەسەد.

شاندی هەسەدە و رژێمی سووریا بە ناوەندگیری رووسیا، لە مۆسكۆ كۆبوونەوە، فەیسەڵ ئەلمیقداد وەزیری دەرەوەی سووریا لە بارەی دانوستاندنیان لەگەڵ هەسەدە، گەشبینە و دەڵێ كوردەكان دەیانەوێت لەگەڵ دیمەشق بگەنە رێككەوتن.

هەسەدە كە یەپەگە گەورەترین و بزوێنەریەتی، یەك لەسەر سێی خاكی سووریای لە ژێر دەستدایە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كە ئەمەریكا سەركردایەتی دەكات، توانیویەتی 99%ی خاكی ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستان داعش رزگار بكات، بەڵام بڕیاری كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لەلایەن ترەمپ و كۆكردنەوەی هێز لەسەر سنوور بۆ لەشكركێشی لەلایەن توركیا، هاوكێشەكەی لە رۆژئاوای كوردستان گۆڕی و هەسەدە لە هەوڵدایە بۆ رێككەوتن لەگەڵ رژێمی ئەسەد بۆ پاراستنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی.

وەزیری دەرەوەی سووریا لە بارەی دانوستاندیان لەگەڵ كوردەكان، دەڵێ ئەزموونی رابردوو لەگەڵ ئەوان هاندەر نییە تا بڵێین كۆتاییەكی باشی دەبێت، بەڵام كاتێك ئەوان دەڵێن بەشێكن لە سووریا، ئەوا ژینگەی رێككەوتن رەخساوتر دەبێت، ئەمەیشە وایكردووە هەست بە گەشبینی بكەم. گوتی "هانیان دەدەین كە راستگۆ بن لە گفتوگۆكانیان، چونكە جگە لە رێككەوتن هیچ جێگرەوەیەكی تر نییە".

لێدوانی وەزیری دەرەوەی سووریا لەسەر دانوستاندنەكانیان لەگەڵ هەسەدە لە كاتێكدایە، بەرپرسێكی باڵای سیاسی كوردی لە سووریا، هەفتەی رابردوو ئاشكرای كرد كە مۆسكۆ ناوبژی دەكات بۆ داڕشتنی نەخشەڕێیەك بۆ رێككەوتن لەگەڵ دیمەشق، گوتی "ئەگەر رێككەوتنەكە بكرێت، ئەوا دەبێتە بەربەستێك لە بەردەم لەشكركێشی توركیا و گرووپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سەر بە توركیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی فوڕات".

مشتومڕ و هەوڵەكان لەسەر رۆژئاوای كوردستان لە كاتێكدایە، جۆرێك لە پاشگەزبوونەوە لە هەڵوێستی ئەمەریكا هەیە لە بارەی كشانەوەی لە رۆژئاوای سووریا.

چەند رۆژی رابردوو جۆن بۆڵتن لە سەردانی بۆ توركیا دووپاتی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی لە سووریا ناكشێتەوە پێش ئەوەی گرەنتی پاراستنی كوردە هاوپەیمانەكانی نەكرێت، ئەمەش بە تەواوەتی بەرپرسانی توركیای هەراسان كردووە و بەهۆیەوە ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رەتی كردەوە پێشوازی لە بۆڵتن بكات و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش هێرشێكی توندیان كردە سەر بۆڵتن.

گۆڕان لە هەڵوێستی ئەمەریكا، هاوكاتە لەگەڵ گوشارەكانی كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران دژ بە بڕیارەكەی ترەمپ، جگە لە ناوخۆی ئەمەریكا، هەشت وڵاتی ئەوروپی پێشتر لە بەیاننامەیەكدا پشتگیری خۆیان بۆ رۆژئاوای كوردستان راگەیاند، دوێنێ چوارشەم جارێكی تر بەریتانیا هۆشداری لەبارەی كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا دا، رای گەیاند ناكرێت پشت لە كوردە هاوپەیمانەكانیان لە عێراق و سووریا بكەن كە هاوپەیمانی راستەقینەی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بووینە لە شەڕی دژ بە داعش.

هاوكات لە سەردانی بۆ بەغدا و هەولێر كە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەردوولا كۆبوونەوە، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پرسی كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا بە ئاراستەی عێراق تاوتوێ كرد.

پۆمپیۆ لە دیدارەكانیدا باسی لە ستراتیجیی وڵاتەكەی لە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا كردووە، لە بەرانبەردا بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پۆمپیۆ نیگەرانی خۆی نەشاردووەتەوە لە چارەنووسی كورد لە سووریا، داوای كرد كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا زیان لە كورد نەدات.

چاودێران بە دووری نازانن ئەمەریكا لە پشتەوەی ناوەندگیری رووسیا هەبێت لەنێوان كوردەكان و رژێمی ئەسەد، پێیان وایە هەر ئەوەیشە توركیای تەواو تووڕە كردووە، بە تایبەت كاتێك وەزیری دەرەوەی سووریا بە جۆرێك لە دڵنیاییەوە رای گەیاند هەموو هێزە بیانییەكان دەبێت لە سووریا بچنە دەرەوە.

ئەو قسەیەی وەزیری دەرەوەی سووریا، گومانەكانی هەبوونی دانوستاندن لە نێوان رووسیا و ئەمەریكای تۆختر كرد لەسەر چارەنووسی سووریا، بەتایبەت كاتێك هەواڵەكان باس لەوە دەكەن ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە دانوستاندندایە بۆ ئەوەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ بەشار ئەسەد ئاسایی بكەنەوە بۆ رێگرتن لە هەژموونی ئێران بەسەر سووریا و ناوچەكە و رێگرتن لە لەشكركێشی توركیا و دەستوەردانی لە سووریا.



وشە - فه‌رمان سادق