که‌مبوونەوەی ئاوی زێی بچووک کاری ڕاوە ماسی پەکخستووە

:: PM:06:40:11/01/2019 ‌
لە دوای گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئاستی ئاوەکە دابەزیووە و کاری کردووه‌تە سەر کەمکردنەوەی ئاوی زێی بچووک و کاری ڕاوە ماسی پەک خستووە.

مەحموود حەمە، ڕاوچەیەكی دانیشتووی شارۆکەی قەڵادزێیە لە دەڤەری ڕاپەرین، ڕۆژانە بە مەبەستی کاری ڕاوەماسی سەردانی زێی بچووک دەکات و لەو ڕێگایەوە بژێوی ژیانی دەستەبەر دەکات بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "ماوەیەكە ئاستی ئاوی زێی بچووك كەمبووه‌تەوە، ئەمەیش كێشەی بۆ کاری ئێمەی ڕاوچیەكان دروست كردووە، چونکە بەهۆی كەمبوونی ئاو ناتوانین وەك پێویست ڕاوە ماسی بكەین، لە کاتێکدا ئێسته‌ ماسی زۆرە و ئاو كەمە،  بۆیە ناتوانین ماسییەكان ڕاو بكەین".

زیاتر گوتى، "ئێمە كومەڵێك كەسین داهاتی ڕۆژانە و ژیانمان لەسەر بەرهەمی ماسییە،  بەڵام كە نەتوانین ڕاو بكەین داهاتیشمان نابێت، لەبەر ئەوە كەمكردنەوەی ئاوەکە ئێمە و ئەوانەیشی بێ‌ كاركردووە کە لەسەر زێی بچووک کار دەکەن، بۆیه‌ داوا لە حکوومەت دەکەین کار بکات بۆ بەردانەوەی  ئاوی زێی بچووك، ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات تا بەهار بەرهەمی ماسی زۆر کەم دەبێتەوە بە شێوەیەک هەرنامێنیت و هەمووی لەگەڵ ئاوەكە دەڕوات".

هەروەها ڕەنگین عەلی، چالاکوانی پاراستنی ژینگە لە ڕانیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "کەمبوونەوە یاخود گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک بە تەنها کاریگەری نەکردووه‌تە سەر کاری ڕاوە ماسی، بەڵکو تەواوی کەرتی ئاژەڵداری و کشتوکاڵیشی پەکخستووە بەهۆی ئەوەی ئەو باخ و زەوییە کشتوکاڵیانەی پشتیان بە ئاوی زێی بچووک دەبەست ڕوویان لە وشکی کرد و بێ بەرهەم مانەوە، هەروەها ئەو پڕۆژانەی ماسیش کە لە نزیک ئاوی زێی بچووک دروست کرابوون توشی زەرەر و زیانی گەورەبوونەوە لە گرتنەوەی ئاوەکەدا، هاوکات کەمبوونەوەی ئاوەکە کاریگەر دەکاتە سەر کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و سنورەکە ڕوبەڕووی قەیرانی ئاو بووه‌تەوە".

گوتی، بۆیە لێرەوە داواکارم لەلایەنی پێوەندیدار هەنگاوی جدی بنێن بۆ چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخە و کەرتە شکست خواردووەکانی سنورەکە ببوژێننەوە.

ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران ئاو زێی بچووکی گرتووه‌تەوە لە سنوری پشدەر، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەکەیش زیان بەچەندان پڕۆژەی کشتوکاڵی و ئاژەڵدار کەوتووە، هاوکات سنورەکەیشی دووچاری کەم ئاوى کردووه‌تەوە.

ڕاپه‌ڕین/ شادان بەکر


وشە - محەمەد میران